خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (شاردنەوەی سەدام)

10:07 - 2024-07-28
ئازاد جۆڵا
398 خوێندراوەتەوە

 ئەمرۆ بینەری ئەم فیلمە بووم، دیارە هۆکاری بەشداریم بۆ مێژووی پڕ لە خوێن و ئێش و ئازار و دەردەسەری و ماڵوێرانی دێت بەدەستی ئەم رژێمە گۆر بەگۆڕە، بۆ ئەوەی دواساتەکانی ژیان و بەسەرهاتەکانی ببینم کە ئەم دیکتاتۆرە چی چاندووە تا بیدورێتەوە.
 فیلمەکە لە دەرهێنانی(هەڵکەوت مستەفا) یە و رۆڵی سەرەکی فیلمەکە (عەلا نامق) دەیبینێ کە جووتیارێکی عەرەبی ناوچەی دۆرەی تکریتە و ماوەی 235 رۆژ لەگەڵ سەدام ژیاوە و حەشاریداوە و پارێزگاری لێکردوە، گرنگیی فیلمەکە لەوەدایە چیرۆکێکی راستەقینەی رەسەنە و مێژوویەکی پڕ لە کارەسات و رۆژگارێکی هەستیار و گرنگ و پڕ لە نهێنی و ئارەزووی بیستن و بینینی ئەم ساتەوەختانە بۆ خەڵک بەگشتی دەردەخات.
عەلا زۆر راستگۆیانە و دڵسۆزانە ئەم مێژووە دەگێرێتەوە، لەم پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە و ئامادەی زیاتریش بووە. 
ئەو دەڵێت سەدام بۆ شەوێک هاتە ماڵەکەمان، بەڵام 235  رۆژ بەناچاری لەلامان مایەوە، دەڵێت ترسێکی یەکجار زۆرمان هەبوو تەنانەت ژنەکەم ئاگادار نەبوو. دەڵێت کاتێک پێمووت و زانی کە میوانەکەم سەدامە لەترسان لاڵ بوو قسەی بۆ نەکرا. 
من وەک بینەرێک خوێندنەوەم بۆ ئەم فیلمە و خودی عەلا ئەوەیە کە هەموو مرۆڤێک لە ژیاندا دەسەڵاتێکی دەبێت جا چی کۆمەڵایەتی بێت یان ماددی بێت یان سیاسی، بەڵام گرنگە سەرەنجام ئەم دەسەڵاته بە راستی و دروستی و دڵسۆزانە و راستگۆیانە تا کۆتایی بەکاربێت.

 

سینەما و هونەر و دراما رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە خستنەڕووی بەسەرهات و مێژووی گەلانی جیهان کە ئێمەش وەکو نەتەوەی کورد، خاوەنی زۆرترین بەسەرهاتی پڕ لە تراژیدیا و لەناوچوونین

 

ئەم فیلمە ئەگەر سەیری دۆخی سەدام بکەین تێدەگەین کە هەندێکجار مرۆڤ فریای خۆشی ناکەوێت، بۆ نموونە سەدام لە عیراقدا خاوەنی زیاتر لە 15 نەخۆشخانە بوو بەناوی (شاری سەدام) بەڵام نەیدەتوانی سەردانی هیچ کام لە نەخۆشخانەکان بکات و پشکنینێک بۆ تەندروستیی خراپی خۆی بکات، بۆیە بە ناچاری دەبێت جوتیارێکی نەخوێندەواری دواکەوتوو ببێ بە دکتۆری و زەختی بگرێت و دەرزی لێبدات و چارەسەری بۆ بکات، ئەم فیلمە راستی و دوارۆژی هەموو دیکتاتۆر و خوێنرێژ و شۆڤێنی و جەللادەکانمان بۆ دەخاتە روو کە چۆن وڵاتەکەی خۆیان لێ دەبێتە کونە مشک و هیچ بستە خاکێک بەخۆیان ناگرێ و وەک جرجە کوێرە لەژێر زەویدا دەریان دەهێنن، ئەم فیلمە پێی وتین دەسەڵاتدارەکان، سەرمایەدارە بێویژدانەکان هەرچەندی خاوەنی هێزبن یان خاوەنی پارە و زێڕ و سەروەت و سامان بن، بەڵام رۆژێک دێت خاوەنی خودی خۆشیان نابن و نزیکترین کەسی خۆیان دەیانفرۆشن و خیانەتیان لێدەکەن. 
لەم فیلمەدا پاڵەوانەکە، چیرۆک گێڕەوەکە(عەلا)یە کە دەبێ وابێ و رۆڵی خۆی بەتەواوی و راست و دروستی دەبینێ، بەڵام فیلمەکە بەدەر نەبوو لە گەیاندنی پەیام و ئامانج و مەبەستی دەرهێنەر کە دەرخستنی حەقیقەتی دوارۆژی دیکتاتۆرە خوێنرێژەکان و بەتایبەتی خاوەن و بڕیار بەدەستەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە و چەندین کارەساتی تر کە دەرهێنەر خۆی هەڵەبجەییە و شایەدحاڵی دەیان و سەدان کارەساتی ناخ هەژێنی نەتەوە و نیشتمانەکەیەتی لەسەر دەستی سەدام و رژێمەکەی. 
لەکۆتاییدا ئەم فیلمە پێمان دەڵێت سینەما و هونەر و دراما رۆڵێکی گرنگ دەگێرن لە خستنەڕووی بەسەرهات و مێژووی گەلانی جیهان کە ئێمەش وەکو نەتەوەی کورد، خاوەنی زۆرترین بەسەرهاتی پڕ لە تراژیدیا و لەناوچوونین، خاوەنی کەرەستەی دەیان و سەدان فیلم و زنجیرە درامای سەرنجراکێش و بێ وێنەین لە جیهاندا.

وتارەکانی نوسەر