بۆ تەمموز و ئابی داهاتوو

10:33 - 2022-05-24
ئیدریس جەبار
268 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ داخرانی رێڕەوەكانی گەیشتن بە پێكهێنانی «حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی»، هاوبەشەكانی سەدر لە هاوپەیمانی سێقۆڵی، خەریكە لە هاوپەیمانییەكە پاشەكشەدەكەن و روودەكەنە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە داوای پێكهێنانی حكومەتێكی تەوافوقی دەكات بە بەشداریی پێكهاتە سەرەكییەكان، لەپێناو دەربازكردنی وڵات لەم چەقبەستنە سیاسییەی پێدا تێدەپەڕێت.
سەدر پاش ئەوەی بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعەكانی تر رەتكردەوە، ئاماژەی بە رووكردنە ئۆپۆزسیۆن بوون كرد، ئەمەش سەبارەت بە دوو لایەنەكەی تری بەشدار لە هاوپەیمانی «رزگاركردنی نیشتمان»، خوازراو نییە كە دەیانەوێت پشكی باشییان لە حكومەتی داهاتوو پێببڕێت و بێبەش نەبن لەو حكومەتەی كە دەكرێت لەسەر دەستی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەبێ‌ بەشداریی سەدرییەكان پێكبهێنرێت. 
پرسی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و رووكردنە هەڵبژاردنێكی نوێ‌، لەگەڵ هەلومەرج و واقیعی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی ئێستای وڵاتدا ناگونجێت، وێڕای ترسی هەندێك لایەن كە پێیانوایە ئەوەی لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی 2021دا دەستەبەرییان كرد، ناتوانن لە پرۆسەیەكی تری هەڵبژاردندا بەدەستیبهێننەوە.
لەئێستادا چاوەكان لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگین كە خۆی بۆ پەلكێشكردنی لایەنە سیاسییەكانی تر كۆكردۆتەوە و كار بۆ رزگاركردنی پرۆسەی سیاسی دەكات لەم واقیعەی نەخوازراوە كە خەریكە لە رۆخی داڕمان نزیك دەبێتەوە. 
هەوڵدان بۆ هاتنەدەرەوە لەم چەقبەستنە سیاسییە كارێكی هەروا ئاسان نییە، بەتایبەت كە سەدرییەكان خۆیان بە فاكتەری یەكلاكەرەوە دادەنێن و پێیانوایە بەبێ‌ ئەوان رەوڕەوەی سیاسی لە عیراقدا ناخولێتەوە و پرۆسەی سیاسی تووشی سوان دەبێت. 
حكومەتە كاربەڕێكەرەكەی مستەفا كازمی لەگەڵ ئەوەی توانای پێشكەشكردنی پرۆژەی یاسای نییە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، دۆسێی ئەمنی و سیاسی و ئابوری لە وڵاتدا بەڕێوەدەبات، ئەمەش بە بۆچوونی هەندێك لە بەرژەوەندی چەند لایەنێكی سیاسییە و بۆ درێژەدانە بەم واقیعە رەخساوەی لەئێستادا هەیە. 
حەوت مانگ بەسەر دوایین هەڵبژارندا تێدەپەڕێت و هێشتا حكومەتی نوێ‌ لە دایك نەبووە، هەرچەندە هاوكێشەكە لە چەمكی سیاسیدا بە ئاسایی دادەنرێت بەهۆی ناكۆكی و رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكومەت، بەڵام رەوشی عیراق بەهۆی گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان زیاتر لەمە هەڵناگرێت و پێویستی بە یەكلایی كردنەوەی پرسەكە هەیە. 
مانگەكانی تەمموز و ئابی داهاتوو، دەبێت ببنە دوا وادە و خاڵی كۆتایی بۆ ئەم رەوشە سیاسییەی كە بە هەموو پێوەرێك بۆ عیراقییەكان نائاساییە، دەبێت لەو ماوەیەدا ئەو لایەنانەی جڵەوی پرسەكەیان كەوتۆتەدەست، قۆناغی چەقبەستنی سیاسی بەجێبهێڵن و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ تەواو بكەن.

وتارەکانی نوسەر