وردەكاریی رووداوەكە هەرچییەك بووبێت، دیمەنەكانی ئازاربەخش بوون. دەمەقاڵێ لەنێوان دوو كەسدا سەرناكێشێت بۆ كوشتن گەر كەسانی مەدەنی بن. شەهیدكردنی كاكە ئاری، پەیوەندیی بە نابەرابەرییەكەوە هەیە لە هەڵوێستی پەلامارداندا. ئەگەر یەكێك لەم دووانە هەڵگری ئامرازێك نەبێت كە پێشوەخت دەزانرێت مومكینە زیانی بەكارهێنانی بگاتە خوێنڕشتن، تاوانی كوشتن روونادات.
ئەگەر لەمیدیای كوردیدا لەگەڵ پیشەكەماندا راستگۆبین، دەبێ ئەم تاوانە كۆمەڵێك دۆسێمان پێ هەڵبداتەوە، لەسەرویانەوە توندوتۆڵكردنەوەی ئەو دیسپلین و پەروەردە ئەمنی و سەربازییانەی كە پێویستە لەناو هێزە چەكدارەكانماندا تۆكمە بكرێن و لە رەفتاری رۆژانەدا پارێزراوبن، بەتایبەتی لە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیانداو پرسی پاراستنی سەروماڵیان.
دۆسێی تر، فشۆڵیی سزای یاسایی و سەربازی و پاشەكشەی بەهاكانی مافی مرۆڤە كە لەچركەساتێكدا دەشێت ببنە هۆی دڕندەیی و نەسڵەمینەوە لە تاوان و ئەنجامدانی بەخوێنێكی ساردەوە، یان بەپشتبەستن بە كاربەدەستان، جا تاوانكاران تیایدا كەسی ئەمنی و سەربازی بن، یان تەنانەت هاووڵاتیی ئاسایی، بەتایبەتی كە لەم ساڵانەی دواییدا پەنابردن بۆ چەك لەكاتی گرژیی نێوان بەشێك لە هاوڵاتیانماندا، كە سەربە خێڵ و عەشیرەتی جیاوازن، هەم یاساو هەم مافی ئینسانیشی بێ ئەرزشكردووە، بگرە شەڕی گەورەی عەشائیری لێكەوتۆتەوەو تاوان روویداوەو خەڵكانێك بوونەتە قوربانی. نزیك لە هەمان دۆسێیە، چەكی بێ مۆڵەتمان هەیە. ئەمەشیان بە تەنها بەس نییە بە هەڵمەتی میدیایی سنوردار رووماڵ بكرێت، لەمەدا پێویستە نموونە زەق و تراژیدییەكانی بەكارهێنانی چەك بۆ رای گشتی بڵاوبكرێنەوە.
لەگەڵ تاوانێكی نموونەی شەهیدكردنی كاكە ئاری-دا دۆسێی تریشمان هەیە كە بجوڵێنرێت، ئەویش چەكی بە مۆڵەتە!. پرسیارەكە وایە: ئایا هەركەس مۆڵەتی هەبوو، مافێتی كەی و چۆن بیەوێت، بەكاری بهێنێت، یان پێویستە بەیاسای وردتر رێكبخرێت؟. لەمڕووەوە، ئەوەتا سەرۆكی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی، مەردانە، پاڵپشتیی سزادانی هەركەسێك دەكات، لە هەر پلەو پایەیەكی سەربازی و سیاسیدا بێت كە بە چەكی بە مۆڵەتەوە تاوان بكات، كەوابێ هەر ئەمە دەبێ دۆسێیەكی تریش بێنێتەوە پێش، كە سەروەرێتیی یاسایەو شەفافییەتە لە سزادانی تاوانباراندا.
[email protected]