کەرکوکییانە

کەرکوک و لۆژیک

10:57 - 2024-07-30
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
333 خوێندراوەتەوە

لە راستیدا لە پرسی ناوچە دابڕێنراوەکاندا، ناتەبایی و ناڕێکییەکی گەورە هەیە، باشە گریمان لە شوێنێکدا ریزپەڕی روویدابێت، ئێ خۆ دەکرێت لە شوێنی دیکەدا ئەوە چاکبکرێت، بۆئەوەی لانیکەم کەمێک لە ئازاری ئەو شکستە گەورەیە کەمبکەینەوە، کە بەهۆی بانگەشەی بێ بنەما و ناسازیی سەربەخۆیی درۆزنانەوە تووشمان هات. 

گەورەترین شکست و پاشەکشە نائاوەزییەکە بوو لەوەی تۆ بڵێی بەیانی دەوڵەتین و بەیانیش بێیت بڵێی بابە کێ باسی دەوڵەتی کردووە، بەڵام لەپاش چی؟ لێدانی ئەو هەموو بالۆرانە، هیچ لەو بابەتە ناگۆڕێت کە ئێستا ئێمە پێکەوە نین. پێکەوە نەبوونەکەمان بەرهەمی فڵان کاری موسڵ و فیسار رێکەوتنی بێ یەکتر نییە، دەی با لە 1991ەوە پێیدا بێینە سەرێ، هەر دوێنێ بوو لە بەغدا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار هەموولایەک ئەو درز و کەلێنانەی نێو ماڵی سیاسیی کوردیان بینی، کەواتە با گۆزەکە لەسەری کەرکوکدا نەشکێنین.
سودانی کاتێک باس لەوە دەکات کە ناکرێت کەس پەراوێز بخرێت لە ئیدارەدانی کەرکوکدا، عیبرەتێکی گەورە ئاشکرا دەکات، ئایا عەرەبەکە یان تورکمان، قبووڵیانە ئەوان پەراوێز بخرێن؟ بێگومان نەخێر، کەواتە درزەکە دیارە لە جەستەی کێدایە.
 کورد نزیکەی نیوەی کورسییەکانی کەرکوکی بردووە، لێ بڕو بیانوو پەڵپی نائاوەزیانە وایکردووە هەموولایەک درک بەوە بکەن کە کورد خۆی لەناو کایەی پەراوێزخستنی خۆیدایە، دەنا بۆ پرسی کەرکوک گرێ بدرێت بە جێیەکی دیکەوە؟ 
کەرکوک هەستیارترینە، هەموو رۆژێک مەترسی دوورکەوتنەوەی زیاتر دەردەکەوێت، ئەمە قسەی رووت نییە و ژمارە و داتا و عەرەباندن وادەڵێن. دەی با کەرکوک بکەینە دەستپێکی پێکهاتنەوە، بۆ ئەمە لۆژیک گرنگە، هەموولایەک دەزانن ناکرێت لایەنێک لەبیر بکرێت کە زیاترینی کورسییەکان هی ئەوە، سودانیش لەخۆیەوە ئەوە ناڵێت، ئەمەش ناچێتە خانەی داکۆکی سودانییەوە لەو لایەنە، هێندەی  ئەو ژمارە و داتا و هەڵوێست دەبینێت و دەخوێنێتەوە.
ئەگەر ئەمڕۆ فریای رێکەوتنی ئاکاری نەکەوین، سبەی دێت و درەنگ دەبێت، لە راستیدا ئێستا ئیتر زۆر درەنگە، لۆژیکی حزبییانە و مەچەک بادانی یەکدی خزمەت بە پرسی کورد ناکات، زەمەنیش ناوەستێ تا بابای جامانی قوت بیردەکاتەوە، بۆیە ئێستا لەهەر کات پێویستترە ئەو پێنج و دووە ببنە حەوت، ئێ باشە هەر شووڵەکانی باوکە پیرەکەتان بیرکەوێتەوە، حەوت ئاسانتر ئەوانی تر لێی نزیک دەبنەوە، وێنەیەکی جیاوازیش نیشان دەدەن.
 گەلۆ چەند ناشرینە کوردە حەیاتەکە بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن گۆڵ لەیەکتریی بکەن، یان بڵێن مادام تۆ لە گۆڕەپانێکی تر گۆڵم لێ دەکەیت، منیش لە شوێنێکی تر وەسا. ئەسڵەن بیرکردنەوەی نالۆژیکییانە ئەوەیە کە بەو گیانەوە هەست و کەوت بکەین، بۆ کوێش بۆ کەرکوک.
بۆ من گرنگ نییە ئاسیاسێڵ کۆمانبکاتەوە، لێ ئەوەی پێویستە کۆمان بکاتەوە کەرکوکە، ئەو شارەی 100 ساڵە لەبەردەم رەشەبادایە، شارێک هەرلایەو بەجۆرێک منەتی بەسەردا دەکەن کەچی 50 ساڵ لەمەوبەر لە ئێستا شارتر بووە، هەرنا سینەما و کتێبخانە و گفتوگۆی زیاتری لەبارەی ژیان و ژیارەوە تیادابووە، خەریکە یەکەیەکە جوانییەکان دەکەون و ئێمەش هەر لە خەیاڵی بۆڕدانی یەکترداین.

وتارەکانی نوسەر