حاڵی عەرزم بوویت؟!

10:45 - 2024-08-07
ستران عەبدوڵڵا
149 خوێندراوەتەوە


بە لاڕێدابردنی فاکت و راستییەکان هیچ خزمەتێکی هیچ کەسێک ناکات، تەنانەت ئەو کەس و لایەنەش کە ملی راستییەکان دەچەمێننەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی تەسک رایی بکەن و خەرجی تەماعی زۆر دابین بکەن. 
لە دۆسێی ئێزدییەکاندا پێویست ناکات کەس پەلاماری ئایین و باوەڕەکانی خەڵک بدات بۆ ئەوەی خۆی و لایەنگرەکانی لە بەرپرسیارێتی دونیایی و ئەمڕۆیی بدزێتەوە. باشترە کەمتەرخەم بناسێنن و پەڕاوی دادپەروەرانەی بۆ بکەینەوە. 
زۆر کەس پەلاماری خوا و پەیامبەرەکانی دەدات و شەڕی لابەلای مەزهەبی و ئایینی بەرپا دەکات بۆ ئەوەی خۆی لە بابەتە ئەسڵییەکە بدزێتەوە. بابەتی ئەوەی هەندێک بەندەی لاساری خوا کەمتەرخەم و کەم حەوسەڵە و کەم ئیدراک و کەم تەگبیر بوون لە ئەرکی پاراستن و پارێزگاری لە هاووڵاتیانی شەنگالدا. هەڵدانەوەی لاپەڕەی قەدیم و سیپارەی دڕاو و رەنگ زەرد بۆ بەلاڕێدابردنی فاکت و راستی ئەمڕۆیی ترسنۆکییەکە لە خاوەنی مەسەلە و مافی رەوا ناوەشێتەوە.
جەدەلی بێ بڕانەوە لای خەواجەکانی قژزەرد و چاوشینن جەدەلی بێزەنتی پێ دەگوترێت، لای خۆمانی لە قورئانی مەجیدا ئاماژەی (وكان الانسان اكثر جدلا) هەیە، لەم زەمانەشدا لای هاوچەرخان (چەلەحانێی بێسوود) ناونیشانێتی.
داعش دوژمنی کورد و مرۆڤایەتییە و کەمتەرخەمەکانیش لەسەر زەوی و لە شوێنی دیاریکراون، لە ئاسمان بە دوایا مەگەڕێن، چونکە ئەمە کات بەفیڕۆدانە و خۆ و خەڵک خەڵەتاندنە. ئوممەتی موحەمەدیش نەفرەت لە داعش دەکات کە رەسەنترین کوردەکان و مەزڵومترین مرۆڤەکانی کردە خۆراکی غەریزەی جەهل و جینۆسایدی ئێزدییەکانی بەرپاکرد. 
سەرەتای رێی راستی خاوەندارێتی لە پرسە رەواکانی خۆت ئەوەیە راست و چەپی خۆت بناسیت، دۆست و نەیارت پۆلین بکەیت. دۆستەکانت زۆر و نەیارەکانت کەم بکەیتەوە. نەیارە بەرچاوەکەت گەمارۆ بدەیت. وانەکەیت بەلاڕێدابردن کەیسەکە وێڵ دەکا و  کەمتەرخەمانیش لەو درزەوە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن.
حاڵی عەرزم بووی؟ یان شەرحی زیاتری گەرەکە؟

وتارەکانی نوسەر