هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی لوبنان، كه هاوشێوه‌ی عیراق وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زهه‌به، ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی هه‌رێمیشی تێدایه، جۆرێك له گۆڕانی به‌خۆوه بینیوه، كه ئه‌ویش هاتنه پێشه‌وه‌و سه‌ركه‌وتنی كاندیدانێكه، كه دروشمی مه‌زهه‌بی و تائیفه‌یان به‌رز نه كردۆته‌وه، ئه‌مه چ جای شكستی كاندیدانی سه‌ر به هێزه ته‌قلیدییه‌كان، ئه‌وه‌ش بێگومان، ململانێ و ناكۆكیی له‌و وڵاته زیاتر ده‌كات، كه خۆپیشاندان و ناره‌زایی زۆری به‌خۆوه بینیوه له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، دژ به‌سه‌رجه‌م توێژی به‌شداربوو له ده‌سه‌ڵات، به‌و پێیه‌ی به‌رپرسن له‌و بارودۆخه سیاسیی و ئابوورییه خراپه‌ی ئێستا ئه‌و وڵاته‌ی تێكه‌وتووه.
ده‌رهاویشته‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره
هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی لوبنان، پاشه‌كشه‌ی هه‌ندێك هێزی ته‌قلیدی خاوه‌ن ئه‌جێندای ده‌ره‌كی به‌خۆوه بینی، كه ئه‌وه‌ش وایكردووه، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و دواجاریش كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له‌مپه‌ڕی گه‌وره‌ی بێـته پێش..
به‌تایبه‌ت كه به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی نوێی لوبنان، ده‌یانه‌وێت كه‌سێكی تری غه‌یری نه‌بیه بری سه‌ركرده‌ی شیعه بكرێت به سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به «یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی ده‌بینن كه به‌شداره له‌گه‌نده‌ڵی و دروستبوونی قه‌یرانی چه‌ند ساڵی دوایی لوبنان».
به‌پێی چاودێرانی سیاسیش، نزیكه‌ی 10 په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ و 19 په‌رله‌مانتاری سه‌ر به پارتی (کەتائیبی لوبنان)، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دان كه بری نه‌كرێت به سه‌رۆكی په‌رله‌مان، جه‌ختیش له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ره‌وتی نیشتمانیش به‌سه‌رۆكایه‌تی میشال عۆن، دژ به‌كاندیدبوونی بری-ن.
له‌و رووه‌وه حه‌بیب مالك له زانكۆی ئه‌مریكی له لوبنان، ده‌ڵێت، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی نوێ، سه‌رۆكێك شیعی تریان ئه‌وێ بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ده‌زگایه غه‌یری بری، روونیشیكرده‌وه، كه به‌شێكی زۆری په‌رله‌مانتاران ده‌نگ به و كه‌سایه‌تیه ناده‌ن. سه‌میر جه‌عجه‌عی سه‌رۆکی پارتی کەتائیبی لوبنان به فرانس پرێسی راگه‌یاندووه، ناتوانین نەبیە بری به‌هیچ جۆرێك هه‌ڵبژێرین چونكه، ئه‌و به‌شێكه له‌بری دژ به‌ئێمه.
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه نه‌بیه بری هاوپه‌یمانی حزبوڵا له‌ساڵی 1992ه‌وه، له‌و پۆسته‌دایه، هه‌رچه‌ند زۆرێك لایه‌ن ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه، ده‌نگی پێناده‌ن، به‌ڵام شیكارانی سیاسیی ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به‌دوور نازانن، چونكه ته‌نها كه‌سایه‌تی و كاندیده كه حزبوڵا‌و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌لی شیعه پاڵپشتی ده‌كه‌ن كه خاوه‌نی ئه‌ندامی زۆرن له‌په‌رله‌مانی نوێ.
شكستی كاندیدانی سه‌ر به وڵاتانی هه‌رێمی
نه‌فه‌سی تائیفی هه‌رده‌م بوونی هه‌بووه و ئاماده‌بووه له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی لوبنان، هه‌ر لایه‌نه‌و كاری به ئه‌جێندای یه‌كێك له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه كردووه هه‌ر له وڵاتانی كه‌نداو تا ئێران و سوریا و هه‌ندێ وڵاتی تر، ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر بارودۆخی لوبنان دروستكردووه، كه ساڵانێك له حه‌فتاكان شه‌ڕی ناوخۆیی به‌خۆوه بینی و هه‌زاران قوربانی لێكه‌وته‌وه، ئه‌مه چ جای ماڵوێرانی زۆر بۆ لوبنانییه‌كان.
پڕۆسەی دەنگدانی هاووڵاتیانی لوبنان
ژماره‌یه‌ك كاندیدی هاوشێوه‌ی ویئام وه‌هاب و ته‌ڵاڵ ئه‌رسه‌لان و ئه‌سعه‌د حه‌ردان و فه‌یسه‌ڵ كه‌ڕامی كه نزیكن له‌حزبوڵا شكستیان هێنا بۆ سه‌ركه‌وتن، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك كاندیدیش كه سه‌ر به سعودیه و كه‌نداو بوون وه‌كو فوئاد سه‌نیوره و مسته‌فا عه‌لوش و سامی فتفت و خالید ئه‌لزاهیریش شكستیان هێنا له‌سه‌ركه‌وتن.
هه‌ر ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه هه‌رێمی و هه‌تا نێوده‌وڵه‌تییه‌ش له لوبنان وایكردووه، ئه‌و وڵاته سه‌قامگیری به‌خۆوه نه‌بینی و نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو له‌ئێستادا به‌ده‌ست داڕمانی ئابووری و خراپی خزمه‌تگوزارییه‌وه تا ئاستی وێران بوون بچێت، له‌كاتێكدا هه‌ر ئه‌و وڵاته سه‌رده‌مانێك جوانترین و سەقامگیرترین ولاتی ناوچەکە بوو.
لوبنان سویسرای خۆرهەڵاتی جاران
لوبنان كه پێشتر به سویسرای خۆرهەڵات ناوده‌برا، له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار، نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر جوانی سروشته‌كه‌ی، له ماوه‌ی نێوان 1975-1999، شەڕی قورسی ناوخۆیی بە خۆوە بینی، كه چه‌ندین میلیشیای سه‌ر به تایفه جیاجیاكان به‌شداریان تێدا كرد، ئەوەش هۆكارێك بوو بۆ وێرانكردنی ژێرخان و ئابووری ئه‌و وڵاته و ئاواره‌بوونی ملیۆنان هاووڵاتی بۆ ده‌ره‌وه‌ی لوبنان، هه‌روه‌ها ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییه بووه هۆی ئەوەی نزیكه‌ی 120 هه‌زار كه‌س ببنە قوربانی، هەروەها خراپ بوونی ته‌واوی بارودۆخی ئابووری و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی لوبنان، كه تا ئێستاش ئەو وڵاتە هه‌وڵی هاتنه‌وه سه‌ر پێی خۆی ده‌دات.
ئه‌م وڵاته كه سه‌رده‌می زێڕینی له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا بوو، به هۆی ئه‌و شه‌ڕ و ململانێی تایفییه‌ی رووبه‌رووی بۆوه، له ئێستادا بارۆدخی ئابووری ته‌واو خراپه‌و نزیكه له ئیفلاس به پێی راپۆرتێكی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، هێشتا ململانێی توند له نێوان لایه‌ن هێزه سیاسییه‌كاندا هەیە و ناره‌زایی زۆریش له‌شه‌قامه‌كاندایه دژ به ده‌سه‌ڵات.
جێی ئاماژه‌یه، په‌رله‌مانی نوێی لوبنان، چه‌ندین هێزی و كوتله‌ی جیاواز‌و دوور له‌یه‌كی تێدایه، كه هیچیشیان خاوه‌ن زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی نین، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی 13 كه‌سی تر سه‌ركه‌وتن بۆ په‌رله‌مان، كه نوێنه‌ری ناره‌زایی و خۆپیشانده‌رانی دوای 17ی ئه‌كتۆبه‌ری ساڵی 2019 ن.
په‌رله‌مانی نوێ 19 ئه‌ندامی کەتائیبی سه‌ر به جعجه‌عیشی تێدایە كه له‌و حزبه مه‌سیحییانه‌یە کە به‌شداری شه‌ڕی ناوخۆیی لوبنانی كردووه، له‌كاتێکدا سه‌رجه‌م ئه‌ندامه شیعه‌كانیش سه‌ر به بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل یان حزبوڵان، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر قورسه سه‌رۆكێكی شیعه‌ی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵبژێردرێـت بۆ په‌رله‌مانی نوێ.
بنبەستی سیاسی
ده‌بێـت په‌رله‌مانی لوبنان له‌ماوه‌ی 15 رۆژی دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگ به‌سه‌رۆكی نوێ بدات، كه ئه‌وه‌ش زۆر قورسه له سایه‌ی ئه‌و ململانێیه‌ی ناو په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته، ئه‌مه‌ش دواجار هۆكار ده‌بێت بۆ دواكه‌وتنی راسپاردنی كه‌سایه‌تییه‌ك بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حکومەتی لوبنان، واته بارودۆخی لوبنانیش هاوشێوه‌ی عیراق، بنبه‌ستی سیاسیی به‌خۆوه ده‌بینێت، بنبه‌ستێك زۆر له‌وه‌ی عیراق قورس‌تر.