كورتەیەك دەربارەی گرنگترین شوێنەوارە دێرینەكانی قەزای كفری

11:36 - 2024-08-11
رەحیم مەلا حەمید
518 خوێندراوەتەوە

 لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا شوێنەوار گرنگییەكی تایبەتیی پێدەدرێت، شوێنەوار بریتییە لەو دەستكەوتە مرۆییەی كە زۆرتر پەیوەستە بە شارستانییەتی گەلەكانەوە، هەروەها بریتییە لە بەرهەمی كەڵەكەبووی مرۆڤ بە درێژایی چاخە جۆراوجۆرەكانەوە، بگرە شوێنەوار بەڵگەیەكی ماددیی و زیندووە بۆ هەبوون و ژیانی گەلان لە هەرشوێنێكدا بن و هێمایەكە بۆ مێژووی كۆنی مرۆڤ و بەڵگەیەكە بۆ دێرینی و گەشەی ئەو مرۆڤانە. هەروەها هەر شوێنەوارە كە رابردوو و ئەمڕۆ بەیەكەوە دەبەستێتەوە. جگە لەوانە لەڕووی ئابووریی و كۆمەڵایەتی و گەشتیارییەوە گرنگییەكی زۆری هەیە.(دۆزینەوەی هەرشوێنەوارێك بێگومان رۆشنایی دەخاتەسەر مێژووی نەوەكانمان و پەردەلادانە لەسەر جیهانی كۆن كە كاردانەوەی لەسەر هەموومان هەیە و دەبێتە بەشێك لە میراتی رۆشنبیریی گشتی، هەروەها رووانین بۆ رابردوو و ئارەزووی زانینی شارستانییە كۆنەكان لە ئێستادا و لە رابردوودا هەمیشە یەكێك لەخولیاكانی مرۆڤ بووە، ئەوەش بێگومان بە پلەی یەكەم گەڕانە بەدوای زانیاریدا).(1)
 یاسای عیراقی لە ماددەی 4/ بەشی حەوتەم لە یاسای شوێنەوار و كەلەپوور ژمارە(55)ی ساڵی 2002ز، بەم جۆرە پێناسەی شوێنەواری كردووە: (ئەو ماددە گۆزراوە و نەگۆزراوانەی كە مرۆڤ بونیاتی ناون یان دروستیكردوون یان نەخشیكردوون یان بەرهەمیهێناون یان نووسراون، یان وێنەیان گرتوون و تەمەنیان لە 200 ساڵ كەمتر نەبێت و هەروەها پەیكەرە مرۆیی و ئاژەڵی و رووەكییەكان)(2)
 لە هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای ژمارە(5)ی ساڵی 2021ز(یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان) كە لە وەقایعی كوردستان ژمارە (268)لە 7/7/2021 دا بڵاوبۆتەوە، لە ماددەی حەوتەمیدا پێناسەی شوێنەواری كردووە و لەراستیدا دەقاودەق هەمان ئەو پێناسەیە كە لە یاسا عیراقییەكەدا هاتووە.
شاری کفری
 بەو پێیەی كفری یەكێكە لە شارە دێرینەكانی هەرێمی كوردستان و خاوەن شارستانێتییەكەی زۆر كۆنە و گرنگییەكی تایبەتی خۆی هەیە، چونكە مێژووی ئەم شارە بۆ هەزارەی چوارەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە لەو سەردەمەی كە گوتییەكان تیایدا ژیاون(3) بەكورتی باس لە هەندێك لە شوێنەوارە گرنگەكانی شاری كفری و دەوروبەری دەكەین، لە مێژووی نوێدا كفری(سەلاحییە)لە ساڵی 1854ز سەنتەری(سنجق)لیوای(زەنگاباد)بووە و بریتیی بووە لە قەزاكانی (سەلاحییە، قەرەتەپە، زەنگاباد و توزخورماتوو)(4) هەروەها كفری سەردەمانێك شوێنگەیەكی ستراتیجیی گرنگی هەبووە چونكە ئەڵقەیەكی بەستنەوە بووە لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێران و كەوتبووە سەر رێگای زیارەتكارە ئێرانییەكان كە ساڵانە زیارەتی شوێنە پیرۆزەكانی نەجەف و كەربەلایان كردووە، هەروەها كەوتبووە سەر رێگای هاتوچۆی قافڵە بازرگانییەكانی نێوان ئێران و بەغدا و هەروەها نێوان ئەستانە و بەغدا هەربۆیە دەوڵەتی عوسمانی گرنگییەكی تایبەتیی داوەتە ئەم شارە(5) ئەم ناوچەیە سەر بە دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بووە تاوەكو 28/4/1918ز لەو رێکەوتەدا هێزە بەریتانییەكان داگیریان كرد و بووە قەزایەكی سەر بەلیوای كەركوك لە چوارچێوەی شانشینی عیراقیدا.(6)

 

 

ناوی كفری نزیكە لە زاراوەی(كفر)كە بەعەرەبی مانای جۆرێك لە قیر دەگەیەنێت، هەروەها نزیكە لە زاراوەی(كبرۆ)كە لە زمانی بابلی و ئاشووری بەهەمان شێوە مانای قیر دەبەخشێت

 

 

پێگە شوێنەوارییەكانی
  لە پێگە شوێنەوارییە هەرە گرنگەكانی ناوچەی كفری و كۆنترینیان گرد(تەپۆڵكە)ە دروستكراوەكانە، ئەوەش بریتییە لە شوێنەواری شارستانییەتە یەك لەدوای یەكەكان كە بەدرێژایی چاخە مێژووییە جۆراوجۆرەكان دەركەوتوون، هەروەها گرد یان تەپۆڵكەی شوێنەواری لە چەندین چینی شوێنەواری یان نیشتەجێی پێكدێت و هەر چینێكی بریتییە لە پاشماوە و كەلاوەی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەردەمێكی دیارییكراودا(7) لە گرنگترین تەپۆڵكە شوێنەوارییەكانی ناوچەی كفری و گەورەترینیان لەڕووی قەبارەوە تەپۆڵكەی (ئاسكی كفری: كفریی كۆن)ە(8) لە كتێبی (المرشد الی مواطن الاثار والحضارة)دا(9) بەم جۆرە باسی دەكات: كە میوان لە شاری كفری نزیك دەبێتەوە لە لای راستییەوە بە ماوەیەكی كەم گردێكی شوێنەواریی گەورە دەبینێت و كفریش دەكەوێتە دامێنی چیاكە و بە چیای (بابا شەسوار)ناسراوە، وەكو هێمایەك بۆ ناوی زاهیدێك كە لەوێدا نێژراوە، ناوی كفری نزیكە لە زاراوەی(كفر)كە بەعەرەبی مانای جۆرێك لە قیر دەگەیەنێت، هەروەها نزیكە لە زاراوەی(كبرۆ)كە  لە زمانی بابلی و ئاشووری بەهەمانشێوە مانای قیر دەبەخشێت، بۆیە هەر لەوەیە بۆ ئەوە بەو ناوەوە نراوە، چونكە قیری لێیە. هەروەها بەناوێكی تریش نێوزەدكراوە لە سەردەمی عوسمانیدا ئەویش (سەلاحییە)یە، ئەوەی شایانی باسە لەنزیكی ئەو شارە گوندێك هەیە بەناوی(ناساڵح) بەهەمان شێوە قیری لێدەردەكرێت.
 لە نزیك كفری چەندین كەلاوەی شوێنەواریی فراوان هەن لەوانە: كەلاوەی (قەرەئۆغڵان)تیایدا چەندین پاشماوەی بینای لە بەرد و گەچ دروستكراو و چەندین نەخشی لە گەچ دروستكراو دەبینرێت، لە دووریی 5 كیلۆمەتر لە باكووری كفرییەوە تەپۆڵكەیەكی شوێنەواری هەیە پێی دەوترێت(قز قەلعەسی)واتا قەڵای كچە كۆنەكە، بە ئاڕاستەی باشووری كفری بەدووری 8كیلۆمەتر كەلاوەكانی(ئاسكی كفری)بەدیدەكرێت كە بڕوا وایە ئەوە شوێنی شاری كۆنی كفری بێت و لەسەر ئەو شوێنەدا یان لە نزیكییەوە تەپۆڵكەیەكی شوێنەواری هەیە بەرزاییەكەی 55 پێیە و چەندین تابووتی گلینە دروستكراو دەبینرێت و بۆ سەردەمانی پێش ئیسلام وەكو سەردەمی فرپی و ساسانی دەگەڕێتەوە، بەڵام(دلیل المواقع الاثریة فی العراق)مێژووی تەپۆڵكەی(ئاسكی كفری)بۆ چاخەكانی ساسانی و ئیسلامی دەگەڕێنێتەوە.(10) بەڵام لە ڕووری دێرینییەوە ئەوا تەپەی (گاورتەپە)لە گوندی(عەین فارس)و تەپەی(شۆر)لە گوندی(زەرداوی گەورە) و تەپەی(حەلاوە)نزیك گوندی (كەشكۆڵی تازە)و تەپۆڵكەی(خاتوونە) لە گوندی (كنگربان) ئەمانە بەكۆنترین شوێنەوارەكانی ناوچەی كفری دەژمێردرێت، چونكە مێژوویان بۆ چاخەكانی پێش نووسینی مێژوو دەگەڕێتەوە.(11). 
هەروەها بەپێی هەمان سەرچاوە(12)باس لە شوێنەوارەكانی تری ناوچەكە دەكەین و بەم شێوەیەی لای خوارەوە(13) (لەگەڵ تێبینی ئەوەی كە زۆربەی شوێنەوارەكانی ناوچەكە و بگرە كوردستان هەمووی لە دوو سەردەمی جیاوازدا چ سەردەمی دەسەڵاتی توركەكان و چ لە سەردەمی دەسەڵاتی عیراقی هەوڵیان داوە زۆربەی ناوی شوێنەوارەكان و هەروەها ناوی گوند و شارەكان لە تۆمارگا و نەخشە فەرمییەكانی دەوڵەت بە زمانەكانی توركی و عەرەبی تۆمار بكەن)
 یەكەم:  
هەندێك لە گرد و تەپۆڵكەی تری ناوچەكە لەوانە: تەپۆڵكەكانی(تەلنەقاڕ) لە گوندی(تەلنەقاڕ)و(محمد تەپەسی) لەگوندی (یەنگیجە) مێژووەكەی بۆ چاخی:(معدنی/حسونە-عبید5200-4500 پ.ز)دەگەڕێتەوەو(ابو جراذی)لە گوندی(سناجرة)و (ابو فشكة) لە گوندی (ئەلبوغەنام) و (تل غزال)لە گوندی (زەرداوی گەورە)و (تەل عەطال) لە گوندی(طلاباتی ڕۆژئاوا)و (تل كشكول)لە گوندی(كەشكەوڵی نوێ‌)و (تل دویدان)لە گوندی(دویدان)و (تل التلیل)لە گوندی(عرجان)و (تل مصیحرة )لە گوندی(سناجرە) مێژووەكانیان بۆ چاخی(معدنی/سامرا‌و–عبید5000-4500 پ.ز ) دەگەڕێتەوە، و تەپۆڵكەكانی: (تل حمزە)لە گوندی(طڵاباتی ڕۆژئاوا) و (مراد) لە گوندی(زەرداوی گەورە)و(تل رمصان) لە ناحیەی(جەبارە) و(غاره تبەسی)لە گوندی(قەرەبڵاخی گەورە) و (تلیشان تبه)سەر بە ناحیەی(جەبارە) و (درویش تبه) لە گوندی(فەكە) ئەمانە مێژوویان بۆ چاخی(معدنی/عبید4500-3800 پ.ز) دەگەڕێتەوە. 
تەپۆڵكەی:(درویش تبه) لە گوندی(فەكە)بۆ چاخی(معدنی-چاخی سولالات4500-300پ.ز) دەگەڕێتەوەو تەپۆڵكەی(خورینە تبه) لە(كفری)بۆچاخی(معدنی/عبید–ئاشوری4500-1600پ.ز)دەگەڕێتەوەو تەپۆڵكەی(تل ابو عجایز) لە گوندی(طڵاباتی ڕۆژهەڵات)و تەپۆڵكەی(تبە جرمو) لەگوندی(تەپە چەرموو)مێژووەكانی بۆ چاخی (معدنی/عبید– ئاشوری4500-911 پ.ز)دەگەڕێتەوە.
 تەپۆڵكەكانی(تل حسن اغا) لە گوندی (كارێز) و(تل كریش) لە گوندی(كەشكەوڵی نوێ‌) و (تل مظهور) لە گوندی (كەشكەوڵی كۆن) مێژووەكانیان بۆ چاخی(معدنی/عبید –فرثی4500- 148پ.ز) دەگەڕێتەوە. تەپۆڵكەی(بشت جاله رش/ كرد) لە گوندی(چاڵە ڕەش) بۆ چاخی(سۆمەری ئەكەدی–چاخی ئاشوری 2400-911پ.ز) دەگەڕێتەوەو تەپۆڵكەی(تل باوە محمی) لە نزیك گوندی(كارێز) بۆ چاخی (كشی- ئاشووری 1600-911پ.ز)دەگەڕێتەوەو تەپۆڵكەی(تل عصفور) لە گوندی(خدران) بۆ هەزارەی دووەمی پێش زاین دەگەڕێتەوە.گردی( سوزتبه) لە گوندی (قەرەبڵاخی گەورە) بۆ چاخی(كشی–ئاشوری 1600-911 پ.ز)دەگەڕێتەوە.
تەپۆڵەكانی(خورینە عمراغا) لە (كفری) و (بان تبه)لە هۆدەلی و (علی تبە) لە گوندی (تەپە عەلی)و (قەرەئۆغڵان) لە (كفری) و (قمر علی تبه) لە گوندی(تلیشان) و گردی (كارێزە) لە گوندی(كارێزەی حەمەكەیفە) و (محەتبەسی) لە گوندی(ئێڵانضی) و (اون ایكی امام)(14)
 لە گوندی(دوانزەئیمام) و (جوركەتبه) و (مەیمون تەبە) لە (جەبارە) و (كاوكا تبه) لە گوندی(تەپە عەلی)و (عین شكر تبە) لە گوندی(عەین شوكر) مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ(جاخی ئاشووری911-612پ.ز).(تل خانه) لە گوندی(زەرداوی بچووك) و (كرد اشكان) لە گوندی(فەقێ‌ مستەفا)و (كنجی تبه)لە گوندی(تەپە عەلی) و (تەپەی برایم سەمین)(15)لە گوندی(خدران)مێژووەكەیان بۆ چاخی(ئاشوری–ساسانی 911پ.ز– 226ز) دەگەڕێتەوە.(تەپەی دێبنە) لە گوندی (دێبنە) بۆ چاخی(ئاشوری-ئیسلامی 911پ.ز– 636ز) دەگەڕێتەوە. تەپەی(حەمەمەردك)لە گوندی(تلیشان) بۆ چاخی (فرثی148پ.ز–126ز) (تبەقر) لە گوندی(قەرەبڵاخی بچووك) بۆ سەردەمی(فرثی-ساسانی 148پ.ز-636ز)دەگەڕێتەوە،  هەروەها گردەكانی: (اغوات) لە(جەبارە)و (ابراهیم جازی)لە(زەرداوی گەورە) و (قەبرسان)لە گوندی (فەكە) و (رەحیم) لە گوندی(شاكەل) و (قارەچی) و (قوڕەچەرمی) لە گوندی(كارێز) مێژوویان بۆ(چاخی ساسانی226-636ز) دەگەڕێتەوە. هەروەها گردەكانی (ئاسكی كفری)(16) و (قورەتبە) لە (كاریز) و (شیلان تبە) لە (پیرەفەقیرە) و (كاكی تبە) لە گوندی (تلیشان) و (محەمەداغا تبە) لە (سەرقەڵا) مێژوویان بۆ چاخی(ساسانی- ئیسلامی 226پ.ز1700ز) دەگەڕێتەوە، هەروەها گردەكانی:(برایم خەلیل) و (صالح علی) لە (كاریز) و (شار ویران) لە گوندی(صاخۆر) مێژووەكەیان بۆ(چاخی ئیسلامی 636-1700ز) دەگەڕێتەوە. 

پەراوێز و سەرچاوەكان:
(1). د. علی حسن، الموجز فی علم الاثار، الهیئة المصریة العامة للكتاب، القاهرة، 1993م، ص:14.
(2). موقع القوانین والتشریعات العراقیة الاكتروني، قانون الاثار والتراث العراقي رقم 55 لسنە 2٠٠2م.
(3). د.جمال رشید أحمد، دراسات فی بلاد سوبارتو، بغداد، 1984م، ص:20- 28.
(4). د. نوزاد یەحیا باجگر، و. ئاشتی ڕەحمان، كفری(سەلاحیە) لە بەڵگەنامەكانی عوسمانیدا، (1767 – 1917)، بەرگی چواردە، چ1، هەولێر 2022،لا: 22. هەروەها دكتۆر(فاضل بیات) لە وتارێكیدا  لە پێگەی ئیلیكترۆنیی (نحن التركمان) مێژووی دامەزراندنی ئەو لیوایەی بۆ 20/11/1853ز دەگەڕێنێتەوەو لەسەر هەمان بابەت نووسەر(سهیل خورشید عزیز) بەهەمان شێوە بەرواری20/11/1853ز بۆ دامەزراندنی ئەو لیوایە داناوە، بڕوانە: سهیل خورشید عزیز، ئابووری ناوچەی كفری، لە هەڵكشانەوە بۆ داكشان، نێوان ساڵانی (1850 – 2018) چ1، 2019، لا: 27.
(5). د. نوزاد یەحیا باجگر، سەرچاوەی پێشوو،  لا: 7.
(6). د.كمال مظهر أحمد، كردستان فی سنوات الحرب العالمیة الاولي، ت: محمد الملاعبد الكریم، گ2، بغداد، 1984م، ص: 18- 22.
(7). د.عامر سلیمان، العراق فی التأریخ القدیم، دار ابن الاثیر للطباعة والنشر، جامعة الموصل، 1992م، ص:77.
(8)سهیل خورشید عزیز، صفحات من تاریخ منطقة كفری، گ2/مطبعة نجات، السلیمانیة، 2021م، ص: 143
(9) طه باقر و فٶاد سفر،المرشد الی مواطن الاثار والحضارە، دار الجمهوریة للطباعة و النشر، بغداد، 1965م، ص: 38-39.
(10). وزارة الاعلام، مدیریة الاثار العامة، دلیل المواقع الاثریة فی العراق مطبعة الجمهوریة، بغداد، 1970م، ص:218.
(11). سەرچاوەی پێشوو، لا: 225 و ص:222 و لا: 219 یەك لەدوای یەك.
(12).، سەرچاوەی پێشوو، لا: 218 – 225.
(13). لەم وتارەدا باسی پێگە شوێنەوارییەكانی ناوچەی (زەنگاوات)ی سەر بە قەزای كفریمان نەكردووە ئەویش بۆ دووركەوتنەوە لە دووبارەبوونەوە،چونكە لە گۆڤاری(بانەڕۆژ) لە وتارێكدا لە ژێر ناونیشانی(لە ناوچە دابڕێنراوەكانی لیوای كەركوك، زەنگاوات وەكو نموونە) باسمان لەو بابەتە كردووە، بڕوانە گۆڤاری (بانەڕۆژ)، ژمارە 127 ئایاری 2023ز، لا: 3-15.  
(14).اون ایكی ئیمام: ئەو شوێنە بەگوندی (دوانزه ئیمام : 12امام) ناسراوە، دەكەوێتە 5 كیلۆمەتریی باشووری سەنتەری قەزای كفری،  گردەكە دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی گوندەكەوە لە كەرتی 14/دوانزە ئیمام،  لەسەر گردەكە پاشماوەی12 گۆڕ هەن وەك باسی لێوەدەكرێت لە جەنگێكدا تیاچوون كە لە ناوچەدا روویداوە و مێژووەكەی بۆ ساڵی1236ز دەگەڕێتەوە كاتێك مەغۆلەكان بەرەو بەغدا پێشڕەوییان كردووە و بەوێدا تێپەریون، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: سهیل خورشید عزیز، صفحات من تاریخ منطقة كفري، ط2، مطبعة نجات، السلیمانیة،2021م، ص:14-15.
(15). لەسەر ئەو گردە گڵكۆی(برایم سەمین) هەیە،  دەیەها ساڵە خەڵكی ناوچەكە زیارەتی دەكەن، لە ساڵی 2006ز مەزارگەكەیان تەقاندەوە، دواتر دەستەی وەقفی شیعی سەر بە وەزارەتی ئەوقافی عیراقی دووبارە درووستیان كردەوە، مەزارگەكە دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی جادەی گشتیی كفری-جەلەولا وە و نزیكە لە گوندی(تەپەقەوی)و (خدران)ەوە.
(16). اسكی كفری واتا (كفریی كۆن)، مستەر ڕیچ لە كاتی گەشتەكەیدا بۆ ناوچەی كفری دەڵێت: (شوێنێك هەیە بەناوی (ئاسكی كفری) لە هەر كوێی ئەوێ‌ هەڵیانبكەندایە ئێسك و پروسك و پاشماوەیان دەدۆزییەوە، ئەمڕۆ خەڵكەكە هاتنە لامان و هەندێك پارچەی سەردەمی فرپی و ساسانی و كوفی یان هێنابوو،  هەروەها مۆرێكی ڕۆمانی و یەكێكی تری ساسانی و...هتد)، بڕوانە: كلودیوس جیمس ریج، ترجمة بها‌ءالدین نوری، رحلة ریج عام 1820 الی بغداد-كردستان-ایران، الدار العربیة للموسوعات ط1، بیروت، لبنان، 2008م، ص:345، ئەم گردە لە ڕووی بەرزی و ڕووبەرەوە بە گەورەترین گردی ناوچەكە دەژمێردرێت، درێژییەكەی 400 هەنگاوە، بەرزییەكەی 50 هەنگاوە، و لە سەردەمی كۆندا شارێكی تۆكمە بووە، و ئێستا كەلاوەیەكە تەنها لادیوارێكی ماوە بە درێژایی 50 باڵ و...هتد، بڕوانە : رحلة النشی البغدادی1237ه -1822م، نقلها عن الفارسیة: عباس عزاوی المحامي،  شركة التجارة والطباعة المحدودة، بغداد، 1948م، ص : 54، و ئەو گردە لەكۆندا سەنتەرێك بووە بۆ ناوچەیەكی فراوان و بەدرێژایی چاخەكان چەند ناوێكی جۆراوجۆری بەخۆوە دیوە لەوانە: (كیماش، كیبرات،كبرو، لاخیرو) و بە(كفریی كۆن)نێوزەدكراوە لەبەر ئەوەی شوێنی كۆنی كفریی ئێستا بووە، بڕوانە: سهیل خورشید عزیز،مێژووی ناوچەی كفری، چاپخانەی یاد، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2013، لا: 125.
(17) شوێنگەی دهۆڵخانە: شوێنەواری قەرەئۆغڵان و دهۆڵخانە دەكەونە لای خۆرهەڵاتی چەمی كفرییەوە و بەپێی ئەو ڕووپێوەی كە تیمی شوێنەواری عیراقی لە ساڵی 1945ز دا ئەنجامی داوە ئەو شوێنەوارە بۆ چاخی(ئاشوریی نوێ‌)لە هەزارەی یەكەمی پێش زایندا دەگەڕێتەوەو ئەو شوێنەوارە بریتییە لە پاشماوەی شارێكی تەواو درێژییەكەی لە كیلۆمەترێك زیاترەو پانییەكەی چەند سەد مەترێكە و دەیەها ئەشكەوتی دەستكردی تێدا بووە بڕوانە: سهیل خورشید عزیز، مێژووی ناوچەی كفری، سەرچاوەی پێشوو، لا: 19، هەروەها مامۆستا مستەفا نەریمان جەخت لەوە دەكاتەوە كە شوێنەواری قەرەئۆغڵان هەر هەمان شوێنەواری دهۆڵخانەیە بەڵام توركەكان كاتێك هاتوونەتە ناوچەكەوەو دەسەڵتیان تێدا بووە ناوەكەیان بۆ(قەرەئۆغڵان)ی توركی گۆڕیوە واتا(كوڕە ڕەشەكە)، لەو شوێنەدا چەندین شەڕ و نەبەردی لە نێوان سوپای بابانیی كوردی و سوپای توركیا ڕوویداوە، بڕوانە: مستەفا نەریمان، شۆڕشی ئیبراهیم خانی دەلۆ، سەرچاوەی پێشوو،لا:52.
(18)گۆڕستانی(باوەشاسوار): گۆڕی باوەیەكە لە باوەكانی ئەهلی حەق(یارسان)دەكەوێتە سەر ترۆپكی چیایەك كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری كفرییەوە، و لە دامێنی چیاكە گۆڕستانێك هەیە و لە خوارترییەوە بینای فەرمانگەی پۆلیسی لێیە پێی وتراوە(قشڵە) لەسەر ترۆپكی چیای باوەشاسوار ئاسەواری قەڵایەكی مێژوویی هەیە پێی دەوترێت(قزلر قلعسی)واتا (قەڵای كچان)بڕوانە:  مستەفا نەریمان، بیرەوەرییەكانی ژیانم، دار الحریة للطباعة والنشر، بغداد 1994م، لا : 22.

 

وتارەکانی نوسەر