رۆڵی جینۆساید و ئەنفال لە داتەپینی كشتوكاڵی كوردستاندا

10:40 - 2024-08-25
رەحیم مەلا حەمید
420 خوێندراوەتەوە

سەرەتاكانی ئەنفال لەوەوە دەستیپێكرد كاتێك سەدام حسێن بۆئەوەی كوردستان راستەوخۆ بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، یەكێك لە هەرە نزیكەكان و ئامۆزای خۆی عەلی حەسەن مەجید -ی کرد بە لێپرسراوی مەكتەبی باكووری حزبی بەعس و هەموو دەسەڵاتەكانی خۆی لە کایەی مەدەنی و ئەمنی و سەربازیدا پێبەخشی، ئەویش بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی مەجلیسی قیادەی سەورە  لە رۆژی 29/3/1987. واتە هەموو هێزە سەربازییەكانی فەیلەقی یەك و پێنج و دەزگاكانی ئەمن و ئیستیخبارات و تەواری و فەوجەكانی جاش و مەفرەزە تایبەتەكان هەمووی بەسترانەوە بە خودی ئامۆزاکەیەوە و هەموو فەرمانێكیان لەوەوە بۆ دەردەچوو. بەکورتی بووە حاكمی گشتگیری هەموو ناوچەی كوردستان.
 ئەویش بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ناوچە قەدەغەكراوەكانی كوردستاندا كۆمەڵێك رێوشوێنی توندی گرتەبەر، بەپێی فەرمانی ژمارە 265028 لە 3/6/1987 كە ئاراستەی دەزگا جۆراوجۆرەكانی كردبوو لەخاڵی سێیەمیدا هاتبوو: (دوای تەواوبوونی وەرزی زستان كە دەبێ لە 15/7 دروێنە تەواوكرابێت، دوای ئەوە نابێت كشتوكاڵ لەو ناوچانەدا بکرێت) و لە خاڵی چوارەمدا هاتبوو: (نابێت ئاژەڵ لەو ناوچانەدا بلەوەڕێنرێت) و هەر لەدوای ئەو بڕیارەوە و لەماوەی دوو ساڵدا توانی هەزاران گەنج و پیر و ژن و پیاوی میللەتەکەمان بخاتە زیندانەوە، یان لە سێدارەیان بدات یان بێسەروشوێنیان بكات.
هەروەها نزیكەی 5000 گوندی رووخاند و لەگەڵ زەویدا تەختی کردن بە مزگەوت و خوێندنگە و كانیاو و بیر و بینای جۆراوجۆرەوە و دانیشتوانەكانیانی گواستەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان و لەخاك و ئاو و كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و ژینگەی خۆیان بێبەریبوون. بەوەش ناوچەكان بوونە شوێنێكی قەدەغەكراو لە كوردستاندا.
 هەروەها جگە لە گوندەكان، چەندین شار و شارۆچکەی وەكو ئەو گوندانە لێكرد کە گەورەترینیان قەزای قەڵادزێ‌ بوو و توانی هەر لەو ماوەیەدا ژەهری كیمیایی بەشێوەی شل و بەشێوەی گازی و...هتد بكات بەسەر دەیان شوێنی جیاجیای كوردستان و کە بەهۆیەوە هەزاران مرۆڤی بێتاوان تێداچوون و سووتێنران و كەمئەندامبوون.

 

بەشێکی زۆری تاوانەکانی جینۆسایدی نەتەوە و ئایین و ئاینزا و گروپە جیاجیاکانی جیهانیش، لە کۆتاییدا لە رێگای دیکۆمێنت و شایەتحاڵ و گێڕانەوەی زارەکی و بیرەوەرییەکان لەبارەیانەوە پشتڕاست دەکرێنەوە و دەبنە کەرەستەی لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمی

 

جگەلەوەش دەستیكرد بە ئەنجامدانی گەورەترین و زەبەلاحترین پرۆسەی جینۆسایدكردنی گەلێك بە سەرتاسەری، ئەویش شاڵاوە بەدناوەكەی ئەنفال بوو كە بە 8 قۆناغ جێبەجێی کرد لەنێوان 23/2/1988 تا 6/9/1988. لەو  چوارچێوەیەشدا خراپترین هەڵسوكەوتیان تێدا كردووە كە كەموێنە بووە لە دڕندایەتی و لە فراوانیدا.
لەو ماوەیەدا نزیکەی (182) هەزار تاكی كوردی بێتاوان ئەنفال کران و دواتریش بێسەر و شوێن یان زیندەبەچاڵیان كردن.
 ئەوەی لێرەدا باسی دەكەین، كارتێكردنی تاوانی جینۆساید و ئەنفالە لەسەر كەرتی كشتوكاڵ كە كۆڵەكەی سەرەكیی ئابووریی كوردستانە و خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
یەكەم: لەناوبردنی هێزی كار لە گوندەكاندا، كە نزیكەی چارەكە ملیۆنێك گوندنشین بێسەر و شوێن کران و نزیكەی 1.5 ملیۆن گوندنشینیش تووشی پرۆسەی باركردن و راگواستنی زۆرەملێ بوون بۆ ئۆردوگا زۆرەمڵێكان کە ئەو ئۆردوگایانەش زۆربەی لەسەر زەویی کشتوکاڵی بنیاتنرابوون، لە ئەنجامدا خەڵکەکە پیشە رەسەنەكەی خۆیان لەدەست دا كە ئاژەڵداری و جوتیاری بوو، بۆ نموونە 150 گوند لە قۆناغی یەكەمی ئەنفالدا و 235 گوند لە قۆناغی دووەمدا و 515 گوند لە قۆناغی سێیەمدا و 300 گوند لە قۆناغی چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەوتەمدا و 450 گوندیش لە قۆناغی هەشتەمدا ئەنفالکران و رووخێنراون.
 لە سنووری ئەو گوندانەش كە سەربە پارێزگای كەركوك بوون لە نێوان ساڵانی 1980 -1988، 781 گوند وێرانكران و شەش سەنتەری ناحیە و 39178 خانوو رووخێنراون، 52 كۆگای ئاو، 75 مەكینەی ئاش، 135 بیری ئاو و سووتاندنی 1435 باخی بەری و هەزاران تراكتۆر دزراوە، و 472770 سەر ئاژەڵ و 1500 سەر رەشەوڵاخ لەگەڵ 570 تۆن گەنم دزراون.
دووەم: بەپێی بڕیاری مەجلیسی قیادەی سەورە و نووسینگەی رێكخستنی باكوور ژمارە(4008) لە 20/6/1987دا هەموو گوندەكانی كوردستان بە ناوچەی قەدەغەكراو دانران و بوونی هەموو مرۆڤ و گیانلەبەرێکی تێدا قەدەغەكرا و ئەوەی بەر چنگ بكەوتبایە ئەوا سەرنگون دەكرا، ئەمەش كارێكی ئێجگار گەورەی كردە سەر ئاستی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لەو ناوچانەدا و بەیەكجارەكی ژیانی تێدا وەستا و زیاتر لە یەك ملیۆن دۆنم زەویی كشتوكاڵ و سێ ملیۆن زەویی لەوەڕگە پەکخران.
سێیەم: گەورەترین زیان لە ئاژەڵداریی ناوچەكە كەوت بەهۆی دەسبەسەراگرتنی ئاژەڵەكانیان یان گواستنەوەیان و فرۆشتنیان بە نرخێكی هەرزان و ئەوەی شایانی باسە تا ئێستاش بەهیچ شێوەیەك ژمارەی ئاژەڵ نەهاتۆتەوە سەر ئاستی خۆی، دیارە ئەوەش بە چەند هۆکارێک كە لەسەرووی هەموویانەوە لەدەستدانی مرۆڤی گوندنشینە.
چوارەم: هەموو ئەو باخ و دارستان و جەنگەڵانەی كە بەجێهێڵران و هاتوچۆیان تێدا قەدەغەكرا، زۆربەی زۆریان تووشی وشكبوونەوە بوون و بەم شێوەیە زیانی بواری دارستان و باخداری وایكرد كە دەشتاییەكان زۆرتر رووتەن ببن.
پێنجەم: یەكێك لە هۆكارەكانی دواخستنی باری كشتوكاڵی لە كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی رژێمی بەعس هەر لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵاتەوە هەوڵیداوە مرۆڤی كورد دووربێت لە موڵكدارێتی زەوی كشتوكاڵی و بەڵگەش بۆ ئەوە، دەرچوواندنی یاسای ژمارە(117)ی ساڵی1970ز بوو كە زەویی كشتواڵی بە شێوەی كۆمەڵی بە جووتیاران دەدا و جووتیاری كورد بە هیچ شێوەیەك سنووری رێكوپێكی زەوییەكەی خۆی نەدەزانی و تەنها بە دووركەوتنەوە لە ماوەی یەك وەرزدا، زەوییەكانی لێدەسەندنەوە و دواتریش دوای نسكۆی شۆڕشی كورد یاسای ژمارە(90)ی ساڵی 1975ی دەرچوواند كە بەهەمان شێوە لە دژی داخوازی و بەرژەوەندییەكانی جووتیارانی كورد بوو كە لێرەدا بوار نییە بە درێژی باسی بكەین.
شەشەم: گوندنشینەكان جگە لە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری، كار و پیشەی تریان دەکرد لەوانە وشككردنەوەی میوە وەک هەنجیر و مێوژ و دۆشاو و دروستكردنی پەنیر و كەشك و ساوەر و قەرەخەرمان و گەیاندنی خوری بۆ پیشەسازیی كاری چنینی جۆراوجۆر و بەخێوكردنی هەنگ و پەلەوەر. بێگومان فەرامۆشكردنیان زیان بووە بە ئابووریی كشتوكاڵی لە كوردستان.
حەوتەم: لەدەستدانی پیشە و لەدەستدانی جۆری ژیان و بژێوی، گەورەترین كارەساتە كە تووشی كۆمەڵگەی گوندنشینی كوردستان بووەتەوە، چونكە راگواستنی ئەو هەموو خێزانە و مانەوەیان بۆ ماوەیەكی زۆر دوور لە شوێنی تایبەتی بژێویان بووە هۆكارێك بۆ دووركەوتنەوە لەو ژیانە و سەختیی گەڕاندنەوەی ئەوان بۆ زێدی خۆیان، بەتایبەتی كە ماوەیەكی زۆری بەسەردا تێپەڕبوو و نەوە و وەچەی نوێ پەیدابوون و زۆر نامۆبوون لەگەڵ ئەو ژینگەیە و هەروا بە سانایی گونجاندنیان لەگەڵ ئەو ژینگە كۆنەدا نەدەکرا. جگەلەوەش دامەزراندنیان لە دامودەزگاكانی حكومەت یان دەستكەوتنی پیشەی نوێ‌ كە زۆر دوور بوو لە پیشەی سەرەکیی خۆیانەوە و ئاسانیی بژێویان لە شار و شارۆچكەكاندا، ئەمانە هەمووی بوونە ئاستەنگ بەرامبەر ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان.
 لە كۆتاییدا دەڵێین: رووخاندن كارێكی ئاسانە، بەڵام بنیاتنانەوە سەخت و گرانە، و ئەمانەی باسكران هۆكار بوون بۆ داتەپینی باری كشتوكاڵی و ژینگەیی لە كوردستاندا کە تا ئەمڕۆش كاریگەریی ئەو وێرانكارییە ماوە و ئەوەش بێگومان هەمووی دەرەنجامی تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفال بووە.

سەرچاوەكان:
1- ئاری جەلال ساڵح، ئەنفال هەوڵێك بۆ جینۆسایدكردنی كورد، گۆڤاری كەركوك، ژمارە (19) و ژمارە (20)
2- شورش حاجي رسول، الانفال ودولة العراق، مجموعة من المترجمین، ط2، مطبعة‌ شفان، 2005م.
3-  د.فاتح سەنگاوی، عملیات الانفال في كردستان العراق، ط2، مطبعة كارو، السلیمانیة،2023م.
4-  مارف عومەر گوڵ، جینۆسایدی گەلی كورد لەبەر رۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتان، چ2، سلێمانی، 2003ز. 
5- محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق، جینۆساید لە عیراق، پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد، میدل ئیست وۆچ.
6- هەڤاڵ ئەبوبەكر، ئەنفال جینۆسایدكردنی نەتەوەیەك لە بێدەنگیدا، گۆڤاری هەشتا و هەشت، ژمارە(9 - 10)، هاوینی 2008ز.

وتارەکانی نوسەر