بژاردەی سازان و سازش بۆ یەکتر

09:04 - 2022-05-25
وتار
316 خوێندراوەتەوە

ئومێد بابان

لەوەتەی پرسی لامەركەزیی لە بەڕێوەبردندا خراوەتە رۆژەڤەوە، میدیا و نووسەر و رۆژنامەوانان، دیپلۆماتكار و چاودێرانی سیاسی هەرێمی كوردستان، هەریەكە و بە جۆرێك تەفسیری ئەو پرسەیان کردووە، رەنگە هەندێكیان بە مەبەست و ئەنقەست چەمكی لامەركەزیی ئیدارییان بە هەڵە شرۆڤە و بەلاڕێدا بردبێت.
بەشێكیان وەها وێنای لامەركەزییان كردووە، كە دەشێ لە شارۆچكەیەكی بچووكیشدا، بەرپرسی یەكەمی یەكەی ئیداری، كۆی داهاتی شارۆچكەكە بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی تایبەت و لەوێوە ئیدارەی شارۆچكەكە بدرێت، كە بێگومان ئەم تێگەیشتنە، یەكێكە لە هەڵە خوێندنەوە و هەڵە تێگەیشتن لە چەمكی لامەركەزیی، یان رەنگە راستتر بێت بڵێین، ئەو بۆچوونە، راستەوڕاست كرچ و كاڵە، نازانستی و دوورە لە پرەنسیپەكانی بەڕێوەبردن بە واتا شمولییەكەی.
هەندێكیشیان كە غرووری سیاسی و جیۆگرافی دنەی داون هەرچی بەسەر زار و زمانیاندا هات نایگێڕنەوە، وایان لە عەوام گەیاندووە، كە لامەركەزیی واتا پشتبەستن بە داهاتی ناوچەیەک، پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، وردتر وایان بە خەڵك وتووە كە نەگەڕانەوە بۆ خەزێنەی گشتی (حكومەت)، مانای سەربەخۆیی كارگێڕیی و دابینكردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەكان و دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانییە.
هەموومان لێكەوتە نەخوازراو و نەرێنییەكانی ئەم جۆرە لە تێگەیشتن لە لامەركەزییمان بینی، كە بەداخەوە هەم خودی چەمكەكە بە هەڵە تەفسیركراوە و هەم مووچەخۆر و خانەنشینی خاوەن ماف، هەم دانیشتووانی ناوچەیەكی دیاریكراو لێی زەرەرمەند بوون.
بە كورتی، چەمكی لامەركەزیی شرۆڤەی زۆر وردتر و زیاتر هەڵدەگرێت، كە دەكرێت رێگا بۆ شارەزایانی ئەو بوارە و مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕان خۆش بكرێت، كە بە زمانێكی سادە بە هاووڵاتیان بڵێن، ئەوە لامەركەزیی راستەقینە و ئەوەش لامەركەزیی سیاسی و ناوچەییە.
هەتا نەشگەینە ئەو باوەڕەی پێویستمان بە یەك ئیدارە و یەك حكومەت و یەك خەزێنەی گشتی هەیە، دەرەنجامی ململانێی توندی سیاسی، كۆمەڵایەتی و شارچێتی و ناوچەگەریی باش نابێت.
دواجار، بژاردەی یەكەم و کۆتا، سازان و سازش و لێكتێگەیشتن و یەكترقبووڵكردنە.

وتارەکانی نوسەر