دۆستی دێرین و نەیاری نوێ

09:45 - 2024-08-14
ئارام عه‌لی عه‌زیز
243 خوێندراوەتەوە

ئارام عه‌لی عه‌زیز

لە راستیدا لەو هاوسەنگییە تازانەی ناوچەكەدا و مەترسی توركیا لە جێبەجێكردنی پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە، چاوەڕواندەكرێت گرژییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل زیاتر بێت و لە هەندێك كات و شوێندا بگاتە ئاستی جەنگی بە وەكالەت

لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ و كوشتاری غەززە، گرژی و قەیرانەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل تادێت زیاتر دەبێت، هەرە دواییان، لێدوانێكی سەرۆكی توركیایە سەبارەت بە ئەگەری دەستوەردانی سەربازی وڵاتەكەی لە ئیسرائیل، كە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە هەڕەشەكردن و زمانی زبر وەڵامی دایەوە. ماتەمینی توركیاش بۆ كوشتنی ئیسماعیل هەنیە و داگرتنی ئاڵای توركیا بۆ نیوە لەسەر باڵیۆزخانەی توركیا لە قودس، قەیرانەكەی گرژتر كردووە.
لە میانەی وتووێژێكدا لەنێوان كادر و لایەنگرانی پارتەكەیدا و لە وەڵامی رەخنەی هەندێك لایەنی ئۆپۆزسیۆندا سەبارەت بە هەڵوێستی رەسمی حكومەتەكەی سەبارەت بە كوشتار لە غەززە و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، رەجەب تەیب ئەردۆغان  پشتڕاستی كردەوە كە بانگهێشتی  مەحمود عەباس-ی  سەرۆكی فەلەستینی كردووە تا وتارێك لە بەردەم پەرلەمانی توركیادا پێشكەش بكات وەك وەڵامی وتارەكەی نەتانیاهۆ لەبەردەم كۆنگرێسی ئەمریكادا.
سەرنجڕاكێشترین بڕگە لەو  لێدوانەی ئەردۆغاندا ئەوە بوو كە داوایكرد توركیا بەهێز بكەن، بۆئەوەی ئیسرائیل نەتوانێت ئەوەی ئێستا بەرامبەر بە فەلەستینییەكان دەیكات، لە داهاتوودا بیكات و تەئكیدیشی كردەوە ئەوكاتەی كە هێزی پێویستیان دەبێت «هیچ شتێك نییە رێگری بكات» لەوەی كە توركیا  لەڕووی سەربازییەوە دەستوەردان لە فەلەستین بكات، وەك چۆن پێشتر لە هەردوو وڵاتی لیبیا و  قەرەباخدا كردوێتی.
هەرچەندە لە بەیاننامەكەدا باس لە نیازی ئەنقەرە بۆ دەستوەردانی سەربازی ناكات، بەڵكو بە تایبەتی سەیری گرنگی و بایەخی هێزی توركیا و پیشەسازییە بەرگرییەكانی دەكات بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی دەستدرێژی بۆ سەر فەلەستینییەكان، یان با بڵێین هۆكاری دەستوەرنەدان لە بەرژوەندیی فەلەستینییەكانی بەستۆتەوە بە  نەبوونی هێزی پێویست، كە ئەمەش كاردانەوەی تووڕەیی بەرپرسانی «ئیسرائیل»ی لێكەوتەوە.
وەزیری دەرەوە ئیسرائیل كاتز وەك وەڵامێك، بە زمانی زبر هەڕەشەی لە ئەردۆغان كرد  و   داواشی لە ناتۆ كرد توركیا لە ریزەكانی هاوپەیمانییەكە دەربكات، هەروەها  یار لاپید سەرۆكی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل داوای لە ئەندامانی ناتۆ كرد كە سەركۆنەی لێدوانەكەی ئەردۆغان  بكەن و «ناچاری بكەن كۆتایی بە پشتیوانییەكانی بۆ حەماس بهێنێت». 
لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە وەڵامێكدا تەئكیدی كردەوە  كە «چارەنووسی تاوانبارانی جینۆسایدی ئێستا، جیاواز نابێت لەگەڵ چارەنووسی ئەنجامدەرانی جینۆسایدی پێشو، هیتلەر».
لە راستیدا لەو هاوسەنگییە تازانەی ناوچەكەدا و مەترسی توركیا لە جێبەجێكردنی پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە، چاوەڕواندەكرێت گرژییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل زیاتر بێت و لە هەندێك كات و شوێندا بگاتە ئاستی جەنگی بە وەكالەت، دووریش نییە لە داهاتوودا بە شكانەوەی زیاتری هاوسەنگییەكان دژبە ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكەدا روبەڕووبوونەوەی سەربازی راستەوخۆ لەنێوان توركیا و ئیسرائیلدا رووبدات، بە تایبەتی لەكاتی دەستبردنی ئیسرائیل بۆ فایلی كورد و گیولەنییەكان لە توركیادا، كە لەو ململانێیەدا هەردووكیان ئەگەرێكی كراوەن.

وتارەکانی نوسەر