مەلازگرد، ئەو شەڕەی كە رێڕەوی مێژوی گۆڕی

09:33 - 2024-08-28
ئارام عه‌لی عه‌زیز
399 خوێندراوەتەوە

ئارام عه‌لی عه‌زیز

 

بۆ تێگەیشتنی رابردو و ئێستا و بنیاتنانی داهاتوو، پێویستە جەنگی مەلازگرد بخرێتە سەر رێڕەوی راستەقینەی خۆی، ئەویش ئەوەیە كە كورد و تورك و عەرەب لەم شەڕەدا بەشداربوون و تیایدا بە سەركردایەتی ئەلب ئەرسەلان و لە ژێر ئاڵای  ئیسلامدا پازدە هەزار جەنگاوەر توانیان سوپای بێزەنتی بشكێنن، كە ژمارەیان دوو سەد هەزار جەنگاوەر بووە و ئیمپراتۆریش بە دیل بگرن. 

 

لە ئەزموونی دوێنێی نزیكەوە لە  مەلازگردەوە تا رزگاركردنی قودسیش سەلمێنراوە كورد هێزێكی گەورەی مێژووییە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رۆژی دووشەممە لە وتارێكیدا لە یادی 953 ساڵەی داستانی مەلازگرد لە موش رایگەیاند،  لەم جەنگەدا «تورك و كورد و عەرەب شانبەشانی یەكتر لە دژی دوژمن شەڕیان كرد و خوێنی پاكیان لەسەر خاكی دەوڵەمەندی ئەنادۆڵ تێكەڵ بەیەكتربوو».
بە داستانی مەلازگرد سەلجوقیەكان، دەرگای ئەنادۆلیان بۆ كرایەوە. خۆرئاوایش دوای شكانی دەرگای رۆژهەڵاتیان، كە ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی بوو، بەهێزێكی گەورەوە هاتنە مەیدان و جەنگی سەڵیبیان راگەیاند. بەڵام سەركردەی مێژوویی سەڵاحەدینی ئەیوبی كوردیی  تێكی شكاندن و قودسیشی رزگاركرد و بیلاد و عیبادی موسڵمانانی پاراست بە كورد و تورك و عەرەبەوە. عوسمانییەكانیش خزمەتێكی گەورەی موسڵمانانیان كردووە و «ولایەتی كوردستان»یش ولایەتێكی گرنگی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بووەو جەنابی سەرۆك مام جەلالی رەحمەتیش لە مورافەعەكەیدا وەكو بەڵگەیەك نەخشەكەی خستووەتە بەرچاو.
تاریكترین قۆناغی ناوچەكە، سەدەی بیستەم بوو، كە تیایدا رێكخراوی پێنج هێزەكەی شەڕ، لە ژێر ناوی ئەنجومەنی ئاسایشدا،  نەعرەی نەتەوەییان لە ژێر ناوی نیشتیمانپەروەریدا لەناو گەلانی ناوچەكەدا ژیاندەوە، بەمەیش ناوچەكەیان گەڕاندەوە بۆ پێش هاتنی حەزرەتی  محەممەد (د.خ) و بە هەموو لایەك كوردی موسڵمانیان دووچاری چەندین قەتل و عام كردەوە و گەلانی ناوچەكەشیان لە بنەماكانی ئیسلام دوورخستەوە.
ئەمڕۆ لە ساڵیادی  داستانی مەلازگرددا، جەنگێكی دیكەی سەڵیبی لە دوای حەوتی ئۆكتۆبەرەوە دژ بە گەلانی ناوچەكە بەڕێوەدەچێت و هەموومان تیایدا ئامانجین، لەبەر ئەوە پێویستە هەموو گەلانی ناوچەكە بە روحیەتی مەلازگرد،  دەست بخەنە ناو دەستی یەكتر و پشت و پەنای یەكتر بن.
لەم یادەدا جێی خۆیەتی ئەوە بە بیر بێنینەوە كە كورد، وەكو گەلێكی موسڵمان و سوارەكانی لە مەلازگرد كۆڵەكەیەكی سەركەوتنەكەی ئەلپ ئەرسەلان بوون. لە ئەزموونی دوێنێی نزیكەوە لە  مەلازگردەوە تا رزگاركردنی قودسیش سەلمێنراوە كورد هێزێكی گەورەی مێژووییە، ئەوەی كوردی لەگەڵ نەبێت سەرناكەوێت، دوێنی وابوو، ئەمڕۆیش وایە و سبەینێش هەروا دەبێت، ئەمەیش سودفە نییە، بەڵكو  حوكمی مێژووەو ئەمانەتێكە دوێنێ و ئەمڕۆیش خودا خستویەتیە سەرشانی گەلی كوردی موسڵمان،  لەو رووەوە سەركەوتنی داستانی مەلازگرد لە كوردی موسڵمان و  گەلی تورك و عەرەبی موسڵمان پیرۆز دەكەین و  داوا لەهەموو لایەك دەكەین كۆتایی بە شەڕ و كوشتار بێنن و چەندی زوە كێشە و گرفتەكانی پاشماوەی سایكس پیكۆ بە روحیەتی مەلازگرد چارەسەر بكەن و چیتر مافی كوردی موسڵمانی برایان پێشێل نەكەن.

وتارەکانی نوسەر