پێوەر و پێوانەکاری لە هەر زانستێکدا بۆتە هۆکاری جێگیربوونی پایەکانیی و وایکردووە کە مرۆڤ بتوانێت لێیان تێبگات و بۆ ژیانی رۆژانەی خۆی کەڵکیان لێوەربگرێت، خۆئەگەر لە بوارەکانی کێشانە و پێوانە، تێکەڵکردنی ماددە کیمیاییەکان، یان ئەندازە و پیشەسازییدا.....هتد کارەکان بەهەڕەمەکی ئەنجام بدرێت، ئەوا بەدڵنیایی لەجیاتی دەستکەوت هەڵەی گەورە روودەدات کە رەنگە چارەسەکردنیان گران بێت. زمانی ئاخاوتنیش کە یەکێکە لە هەرە دیارییە بەنرخەکان کە خودا مرۆڤی پێ خەڵات کردووە، دەکرێت بۆ باسوخواسی هەرشتێک شیکاریی و لێکدانەوەو گفتوگۆی پێبکرێت، بەڵام مرۆڤ بونەوەرێکە وابەستەی ژیریە، ئەم ژیریە مرۆڤ دەخاتە ژێر بەسرپرسیارێتی کاتێک هەڵەیەک دەکات، فڕێدانی وتەیەک لەدنیای ئەمڕۆدا وەک بۆمبێکی گازی لەچەند خولەکێکدا دەگاتە بەرچاو و گوێی هەمووان و کاردانەوە دروست دەکات، لەبەرئەوە پێویستیان بەبیرکردنەوە هەیە بۆئەوەی بزانین چۆن و لە کوێ و بۆ کێی دەکرێت.
ئەو ئازادییەی کە بە شکاندنی شکۆی مرۆڤ و پێشێلکردنی ماف و سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکان گوزارشتی لێبکرێت، لە ئاوێکی سوێر زیاتر نییە
لێرەوە بەکورتی ئاماژە بۆ دوو چەمکی ئازادی دەکەین کە ناوەڕۆکیان پێچەوانەی واتا رووکەشەکانیانن، ئەوانیش بریتین: لە ئازادی ئەرێنی (الحریة الایجابیة) و ئازادی نەرێنی (الحریة السلبیة) ئەم پۆڵێنبەندیە ریشەی بۆ ئیمانۆێل کانت دەگەڕێتەوە و دواتریش کەسانێکی زۆر قسەیان لەسەرکردوون، لەوانەش ئیزایا بەرلین. ئازادی ئەرێنی بەگوێرەی بۆچوونی بەرلین سنووربەندیەکی هەیە، لەکاتێکدا ئازادی نەرێنی هیچ کۆت و بەربەست و دەست تێوەردانێک پەسەند ناکات، کە تائێستا لە هیچ کۆمەڵگەیەکی مرۆیی دەرفەتی پیادەکردنی نییە. ئەوەی لەجیهانی واقعدا دەگوزەرێت ئەوەیە کە تاکەکان بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە هەڵبکەن و ژیانێکی شارستانی (کە گوزارشتبێت لە دەرباز بوون لە ژیانی جەنگەڵ) بگوزەرێنن، سنووربەندی ئازادییە بە ئازادی ئەوانیتر و ئەو پیرۆزیانەی کەپێشێلکردنیان زیاتر لەوەی زیانی بۆ ئەوانیتر هەبێت زیانی بۆ بکەرەکەی هەیە. کوردیش وتویەتی: هەموو شتێک بەخوی خوێش بە مانا، ئەو ئازادییەش کە بە شکاندنی شکۆی مرۆڤ و پێشێلکردنی ماف و سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکان گوزارشتی لێبکرێت، لە ئاوێکی سوێر زیاتر نییە کە بۆ خواردنەوە و پێویستییەکانی کاری رۆژانە دەست نادات.