لێگەڕێن با قەڵا قسەی خۆی بکات

02:29 - 2024-08-17
ستران عەبدوڵڵا
233 خوێندراوەتەوە

- هەولێر پایتەختی کوردستانە، هەڵبەت وەک ژیان و گوزەران بۆ خەڵکی بەشەرەفی هەولێرە و ئەوان خاوەنی شارن. ئەگەرچی بێ لە پایتەختبوونیشی، هەولێر هەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازنیش بوو و بووە.
کێ و لە کوێ لێی قەوماوە هەولێر ئامێزی برایەتی و خزمایەتی بۆ کردۆتەوە.
-هەولێر هەروەها چونکە پایتەختی وڵاتەکەشمانە مافی هەموو خەڵکی کوردستانیشی بەسەرەوەیە. هەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک بتوانێت دیلان وتەنی (سەرەحەت دڵ بێ گرێ) کوێخایەتی تیا بکا و تەواو. ئەمە بچووکردنەوەی هەولێرە و هەق نییە پێی رازی بین. ئەمە لەگەڵ شانوشەوکەتی قەڵادا ناگونجێت. لەگەڵ کۆنینەیی هەولێر و بەرینی شارەکە و ردێنی سپی مێژوویەکەی وێک نایەتەوە.  
-هەولێر پایتەختی حوکمڕانی کوردستان و ناوەندی سیاسەت و ریئاسەت و شکۆی دەوڵەتدارییە. شایستە و شایانە رەسمی سیاسەتی رەسمی و بڕیاری بەروداویی کوردستان بەرامبەر بەغدا و بەرامبەر ئیقلیم و دونیا لەوێوە بدرێت و دەربچێت و بچێتە واری کارییەوە.
-هەولێر گەرەکە شوێنی بزووتنەوەی دیموکراتی و جوڵەی پەرلەمان و قسەی حوکمڕانیش بێت. ئەوی حەوسەڵەی کەمە و جیکڵدانی تەنگە، ئەوەی لیاقەت و لەباقەت و قیافەتی ئەم ئەمانەتە مەزنەی نییە پێویست ناکات خۆی راپسکێنێت و خۆی سەغڵەت بکاو خۆی خۆی بکات. 
-هەولێر ئێستا جامی شوشەیی باڵێۆزخانەکان و کورسی پەرلەمان و دیوانی وەزارەتەکانی تیا هەس. بنەو بارەگای حزبەکانی لێیە و قەرارە لە چەند مانگی تریشدا کێبڕکێی هەڵبژاردن بکا و خەڵک و کاندید خۆیانی تیابنوێنن.
هەولێر کۆمسێۆنی تیایە و یەک حەمکە پاوەر و پارەی دیموکراتی تیا خەرج کراوە و سەدان وۆرکشۆپ و مەشقی و راهێنانی حوکمڕانی هاوچەرخی بۆ خراوەتەگەڕ. خۆ ئەمە گاڵتە نییە و خۆ ئیشەڵلا ئەوانە بۆ سوعبەت نەکراون؟!
ئێ خۆ ئەگەر بابەتەکە (میهرەگان)ی گاڵتەجاڕی و (حەفلەی تەنەکوری) سیاسیش بێت،  لێگەڕێن با دەقی سیناریۆیەکە وەک خۆی نمایان بکرێت، لە جێی ئەوەی وەک (ئیختیارەکان)ی گەمەی دامە هەمووی تێکومەکان بدەن و داش و دامەو  دۆدۆشاو تێکەڵ بکەن.
-هەولێر هەر پایتەختی دیفاکتۆی ئێستا نییە، هەولێر پایتەختی حوکمڕانی ئایندەشە،  پایتەختی پەرلەمانی داهاتوو و حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانیشە. پەرلەمانتارەکان، فراکسیۆنەکان لەوێ دەبن و جولەی گەرموگوڕی سیاسەتی لەمەوداوی وڵاتەکەشمان هەر لەوێ دەبێت.
-هەولێر بەو دیرۆک و دێرینییەوە کەڵەگەتە، بەم ئێستاییەوە قەڵایەکی سەرفراز و بەسەبر و خۆڕاگرە، بەو ئایندەشی وا بەرێوەیە سەربەرز و شاد و خەندانە.
جا ئەوەی ئەم دیمەنە نابینێت تەئریخی ئەربیلی نەخوێندۆتەوە، ئیبن مستەوفی ناناسێت، بۆیە ئاساییە ئەوەش نەبینێت کە دەشێت و رێی تێدەچێت و لەوانەیە و گوێی ستەمکار کەڕبێت، بە دیموکراسی و بە دەنگدان و بە هێزی نەرم کورد و کرمانجێکی دڵسۆز حوکمی هەولێری داهاتوو بکا و لە پایتەختی کوردستانەوە حوکمی هەموو کوردستانیش بگەشێنێتەوە.
ئەمە نە کوفرە، نە عەیبە و نە عاجباتی. ئەمە  گەمەی دیموکراسی و دەورانی مێژوو و ئازایەتی هەولێرییەکان و کوردستانییان دوا قسەی تیا دەکەن.
فەرهەنگەکە گۆڕاوە، قەناعەتەکە جوڵاوە، زەمانەش رەسمی جارانی نەماوە.

وتارەکانی نوسەر