كەركوك، ئیدارەیەكی هاوبەش و پاراستنی مافی هەمووان

09:13 - 2024-08-20
گۆران فەتحی
260 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكەی، كۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسیی لەو پارێزگایە هێناو لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان بەمەبەست بەشداریی دانیشتنی دەنگدانەكەیان نەكرد و تانەشیان پێشكەش بە دادگای فیدراڵی كردووە، بەڵام پارێزگار و ئیدارەی نوێی كەركوك، رایانگەیاند خزمەتی هەموو كەركوكییەكان دەكەن و مافی ئەو لایەنانەش دەدەن كە ناڕازین.

ئەو سیاسەتە عەقڵانییەی یەكێتی لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان پیادەی كردووە و دەیكات، هۆکار بوو بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك

دوای هەشت مانگ كێشمەكێش و ململانێ
لەبەر نەبوونی روئیای هاوبەش لەناو ماڵی كورد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (پێنج كورسی) و پارتی دیموكراتی كوردستان (دوو كورسی)، و دژایەتی هێزە عەرەبییەكان بە بۆچوونە جیاوازەكانیانەوە (شەش كورسی) و توركمان (دوو كورسی)، یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك و پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگاكە 8 مانگ دواكەوت لەدوای هەڵبژاردنەكە.
ئەوەش لەكاتێكدا بوو، كە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق ئیدارەی خۆیان هەڵبژارد، بە پارێزگای دیالە و نەینەواشەوە، كە بەشێك لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەخۆدەگرن.
كەركوك بە حوكمی ئەوەی چەقی ناوچە جێناكۆكەكانە و نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاجیاشی تێدایە، هەردەم وەكو مەسەلەیەكی هەستیار لێی روانراوە، لەلایەن هێزە عیراقییەكان و حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانەوە، ئەمە چ جای بوونی دەستی دەرەكیش تێیدا، لەبەرئەوە دەبێت زۆر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەوەش ئەو سیاسەتەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەسەر رێچكەی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال لەسەری رۆیشتووە، بۆیە دەبینین هەردەم یەكێتی توانیویەتی خاوەندارێتی كەركوك لەئەستۆ بگرێت و پارێزگار هەموو جارێك لەم حزبە بێت.

وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار بە ئیستحقاق
بەمجۆرە و بەو سیاسەتە عەقڵانییەی یەكێتی لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان پیادەی كردووە و دەیكات، توانی لە كۆبوونەوەكەی هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا، كە رۆژی شەممە 10ی ئابی رابردوو بەڕێوەچوو، پۆستی پارێزگاری كەركوك بەدەستبهێنێتەوە و رێبوار تەها وەكو پارێزگار و محەمەد ئەلحافیز لە پێكهاتەی عەرەب بەدەنگی 9 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردرێت.
كە پێنج ئەندامیان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامێكیان لە بابلیۆنی مەسیحی و سێ ئەندامیان لە لیستە عەرەبییەكانی كەركوك بوون، لەكاتێكدا دوو ئەندامی پارتی و دوو ئەندامی توركمان و سێ ئەندامی تری عەرەب ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون و بەرەیەكی جیایان پێكهێنابوو.

بازدان بەسەر یەكێتیدا قورسە
لەماوەی 8 مانگی دواكەوتنی پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگای كەركوكدا، لەگەڵ هەوڵی زۆری یەكێتی سەرەتا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا و ئینجا لایەنەكانی عەرەب و توركمان، نەگەیشتن بە ئەنجامێكی تەوافوقی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، بە گوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن.
بەڵام بەهۆی رۆحی ناسیۆنالیستی لای هەندێك لە عەرەب و توركمانەكان و نەبوونی روئیای هاوبەش لەگەڵ پارتیدا، دوو بەرە دروست بوو لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەسیحی، بەرەی پارتی و توركمان و هەندێك لە عەرەبەكان، كە هەر بەرەیەك هەوڵی دەدا پۆستی پارێزگار و ئیدارەی شارەكە بۆخۆی یەكلایی بكاتەوە.
لەگەڵ ئەوەی بەرەی ئەوبەری دژبە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار لەلایەن یەكێتییەوە، هەوڵێكی زۆریدا، لەنێو خۆیدا و چەندین كۆبوونەوەی كرد بۆ پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك، بەڵام ناكۆكییەكانیان نەیهێشت یەكبگرن، بەتایبەتی لەسەر ئەوەی كامیان سەرەتا پۆستی پارێزگار وەربگرێت، هەر ئەم بەرەیە نەیدەزانی كە بازدان بەسەر یەكێتیدا قورسە و مەحاڵە بتوانن بەبێ ئەم حزبە ئیدارەی كەركوك پێكبهێنن، لەبەر بەهێزییەكەی و ژمارەی كورسییەكانی لەئەنجومەنەكەدا و بنكە جەماوەرییەكەی لە سنووری پارێزگاكەدا.
لەبەرامبەردا، یەكێتی لە سۆنگەی بڕوابوونی بە بەشداریی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك، توانی لەپاڵ دەنگی ئەندامەكانی خۆیدا دەنگی مەسیحی و سێ ئەندامی عەرەبیش بەدەستبهێنێت و سەقفی نیوە زائید یەك لەناو ئەنجومەنەكەدا تەواو بكات، بۆ دەنگدان لەسەر پۆستی پارێزگارێكی كەركوك لە یەكێتی، بەوەش هەم رێگری لە پیلانی دەرەكی و هەمیش نەفەسی ناسیۆنالیستی هەندێك لایەنی سیاسیی گرت لەناو كەركوكدا.

تانەی ناڕازییەكان تەواوە؟
لەگەڵ ئەوەی لیستە ناڕازییەكان تانەیان لە دانیشتنەكەی هۆتێل رەشید و هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك گرتووە لەدادگای فیدڕاڵی كە گوایە دانیشتنێكی نایاسایی بووە، بەڵام یەكێتی جەخت لە یاسایی بوونی تەواوی دانیشتنەكە دەكاتەوە، پارێزگاری هەڵبژێردراویش مەرسومی سەرۆك كۆماری بۆ دەرچوو، كە ئەوەش رێگەی لە زۆر كێشە گرت، هەم لەناو كەركوك و هەمیش لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسیی عیراق.
لایەنە ناڕازییەكان لە توركمان و پارتی و عەرەبەكان، بەشێكیان دەڵێن: دانیشتنەكە لە بەغدا نایاسایی بووە، چونكە ئەوان بانگهێشت نەكراون، هەروەها گوایە بۆچی لە كەركوك نەكراوە و دەبوایە راكان سەعیدی پارێزگاری بەوەكالەت بەو حوكمەی بەتەمەنترینە، بانگهێشتی لیستەكانی بكردایە بۆ دانیشتن، لەكاتێكدا هەر ئەندامی ئەو لیستانە لە لێدوانی جیاجیادا دەڵێن كە بەمەبەست نەچوونە بۆ دانیشتنی هۆتێل رەشید و دەبوایە راكان جبوری بانگهێشتی بكردنایە.
لەكاتێكدا ئەو لایەنە ناڕازییانە، بەتایبەتیش راكان سەعید دەیویست ماوەی ئەو مانگە تێبپەڕێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەلایەن یەكێتییەوە، كە سەرۆك وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانی دیاریی كردبوو، بۆئەوەی دەریبخەن كە لیستی براوە ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت.
لەبەرامبەردا یەكێتی و لایەنی مەسیحی و عەرەبەكانی بەشداری دانیشتنەكەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنەكە جەخت لەسەر یاساییبوونی دانیشتنەكە و پێكهێنانی ئەنجومەنی كەركوك دەكەنەوە بەو پێیەی نیو زائید یەكی ئەنجوومەنەكە و بەشداریی سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكەی لەخۆگرتبوو، لەسەر بانگهێشتی لیستی یەكەمی ئەنجوومەنەكە و هەروەها سەرۆك وەزیران بەسترا لەبەغدا، هاوشێوەی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.
ئەندامانی یەكێتی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەروەها سەركردایەتیی یەكێتیش، ئاشكرایان كردووە كە متمانەی تەواویان هەیە بە یاساییبوونی دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگار و ترسیان لە دانیشتنی دادگای باڵا نییە لەسەر ئەو مەسەلەیە.

خزمەتی هەموان دەكرێت و مافیان پارێزراوە
هەم پارێزگاری كەركوك رێبوار تەها و هەمیش سەركردایەتیی یەكێتی جەختیان لەوە كردەوە كە كار بۆ پێكەوە ژیان و تەبایی لە كەركوك دەكەن و پارێزگاریش خزمەتی هەموو ناوچەكانی پارێزگاكە و پێكهاتەكانی دەكات بەبێ جیاوازی، ئەمە چ جای پاراستنی مافی ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشداریش نەبوون لە دەنگدان بۆ پارێزگار، لە توركمان و كورد و عەرەب، هێشتنەوەی ئەو پۆستانەی بۆیان دیاریكراوە لە ئیدارەی پارێزگاكەدا.

وتارەکانی نوسەر