هیچ کەس هێندەی کوردی کەرکوک دڵخۆش نیە بە کردنەوەی گرێ کوێرەی پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە، چونکە کەسیش هێندەی ئەوان لە رابردوودا رووبەڕووی سیاسەتی تەعریب و ئاوارەیی و ژێردەستەیی نەبۆتەوە.
بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و سەرکردایەتی کورد لە ئێستاوە پاڵپشت و پشتیوانێکی بەهێزی پارێزگاری نوێی کەرکوک بن، تا بتوانێت وەکو پێویست خزمەتی شارەکە بکات
بەتایبەتی دوای ریفراندۆم بە توندی تووشی تەنگژە و نادادپەروەری و پەراوێزخستن بوونەوە لە سایەی ئیدارەی نادادی پێشوەوە و لە دژایەتیکردنی پێکهاتەکانی تر کە لە خزمەت بەشێک لە پێکهاتەیەکی دیاریکراودا کە عەرەب بوو بەکاریدەهێنا.
ئەگەر بۆ پارێزگاکانی تری کوردستان پارێزگار پۆستێکی ئاسایی بێت، ئەوا بۆ کەرکوک تەواو پێچەوانەیە و دەستبەکاربوونی د. رێبوار تەها، دوای حەوت ساڵ لە نەهامەتی خەڵکی شارەکە بەگشتی و کورد بەتایبەتی، وەک نەتەوە و پێکهاتەی سەرەکی و زۆرینە، رووداوێکی پرشنگدار و مێژوویی و زێڕینە.
بە دوو سەرنج بایەخی ئەم پێگەیە دەخەمەڕوو:
یەکەم: لێدوان و هەڵوێست و سیاسەتی تاکڕەوانە و نادادپەروەرانەی بەرەی خۆسەپێنی پێشووی شارەکە، سەلماندنی ئەو راستیەیە کە چیتر ناتوانن ئەو زوڵم و جیاکاری و دژایەتییەی لایەنە سیاسییەکانی تر و پێکهاتەکانی تر درێژە پێبدەن و کورد پەراوێز بخەن، خۆیان وتەنی ئیتر ناتوانن بەبێ کورد هیچ بڕیارێک تێپەڕێنن!
دووەم: لەگەڵ دەستبەکاربوونی، پارێزگاری نوێ، پەیامی پێکەوەژیان و خزمەت بۆ هەمووان و سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال- ی دووپات کردەوە کە ئەمەش سەرەتایەکی دڵخۆشکەرە بۆ ئارامی و کاری پێکەوەیی و ئایندەی گەشی شارەکە.
هەروەها بڕیاری خاوێنکردنەوەی سەرجەم شارەکە بێ جیاوازی و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی قەپانی کێشی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە بازگەکانی شارەکە کە قۆرخکرابوو، بارگرانی و بێزاری زۆری بۆ خەڵکی کەرکوک دروستکردبوو، هەنگاوی ئەرێنی گرنگن کە نابێت بێبایەخ سەیر بکرێت.
هێشتا زووە هەڵسەنگاندن بۆ کاروباری پارێزگار بکرێت، بەڵام سەرجەم پێکهاتەکان، بەتایبەتی کورد لە کەرکوک چاوەڕێی کاروانی ئاوەدانی زۆر و خزمەتگوزاری زیاترن لە کوڕی شارەکە و پارێزگاری نوێ.
بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و سەرکردایەتی کورد لە ئێستاوە پاڵپشت و پشتیوانێکی بەهێزی پارێزگاری نوێی کەرکوک بن، تا بتوانێت وەکو پێویست خزمەتی شارەکە بکات کە شایەنی دانیشتوانی ماندووی کەرکوک بێت و قەرەبووی ئەو هەموو نادادپەروەرییە بکاتەوە کە لە خەڵکی کەرکوک کراوە لە رابردوودا.