زمانی نەرم لە بانگەشەی هەڵبژاردندا

09:57 - 2024-08-29
دیار نامیق زەنگەنە
283 خوێندراوەتەوە

زمان هۆیەکە بۆ گفتۆگۆ و دروستکردنی پەیوەندیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و گەیاندنی پەیامە زارەکی و هزرییەکانە بە یەکتری و لەڕێگەیەوە مرۆڤ گوزارشت لە دەوروبەر و بیر و بۆچوون و ئایدیای دەکات و وێنای هزر و خەیاڵی پێدەکات و مەبەست و ئامانجەکانی پێدەردەبڕێت.

هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسییە و پایەیەکی گرنگ و بنەڕەتی سیستمەکەیە و بنەمای ئازادی تاکە و پەیژەی پەیڕەوکردنی رادەربڕینی مرۆڤە لە کۆمەڵگەدا

هەر ئەم بەهرەیە (زمان) کە خوا بە مرۆڤی بەخشیوە، ئاکاری مرۆڤی لەگەڵ زیندەوەرانی تری سەرگۆی زەوی پێ جودا دەکرێتەوە. 
هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسییە و پایەیەکی گرنگ و بنەڕەتی سیستمەکەیە و بنەمای ئازادی تاکە و پەیژەی پەیڕەوکردنی رادەربڕینی مرۆڤە لە کۆمەڵگەدا، بەدیوێکی تردا دەربڕینی باوەڕی سیاسی و دیاریکردنی نوێنەر و بەڕێوەبەرانی وڵاتە. 
پێش پرۆسەی هەڵبژاردنیش هەڵمەتی بانگەشە و ناساندنی نوێنەر و ئایدیا و دیدگای لایەنە سیاسییەکان لەڕێی زمانی پۆلەتیکیەوە لە راگەیاندندا بەبینراو و بیستراو و چاپکراوەوە، لەنێویشیاندا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چاوەڕوانکراوە و پێشهاتێکی مسۆگەرە، بەڵام بەکارهێنانی شێوازی زمانی سیاسی لە هەڵبژاردندا فرە جۆرە، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا زۆر جار گوێبیستی دیبەیتی توند و پڕوپاگەندەی نا بەرپرسانە و هێرشی ناڕەوای راگەیاندن بووین لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی دەنگدەر و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لەڕووی ژمارەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان. 
بە رەچاوکردنی قەیرانە دارایی و سیاسییەکان کە باری دەروونیی خەڵکیان زۆر ماندووکردووە، بانگەشە و دیبەیت و گفتوگۆکان پێویستیان بە بەکارهێنانی زمانێکی شارستانیانە و نەرمی سیاسی هەیە و باشترە کاندید و لایەنە سیاسییەکان بە پەیڕەوکردنی زمانی لۆجیک و خستنەڕووی بەرنامەی کار و روونکردنەوەی دید و تێڕوانینیان بۆ ئایندەی حکومڕانیی هەرێم لەڕێی زمانێکی نوێگەری و ئاشتیخواز و سەردەمیانەوە بەرجەستە بکەن کە تێیدا هاووڵاتیان و بەرژەوەندیی گشتی سەنتەر بن و دووربکەونەوە لە زمانی زبر و رکابەری نالۆجیک کە گوێگر و خوێنەر هێندەی تر ماندوو دەکات و دووردەکەوێتەوە لە ئامانجە راستەقینەکانی هەڵبژاردن و وەڕەسی دەکات و دەبێتە هۆکاری بەشداری نەکردن لەو مافەی لەڕێگەیەوە ئایندەی وڵات باشتر دەکات. بۆیە زمانی هەڵبژاردن زمانێکی هەستیارە و کاریگەریی زۆری لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی خەڵک هەیە، ناکرێت تەجاوزی سنوورەکانی بکرێت لە چوارچێوەی ئەو پرۆسە دیموکراسییەدا و کاریگەریی زۆر گەورەی دەبێت لەسەر لایەنی دەروونیی دەنگدەر و دروستکردنی کەشێکی ئارام و سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەگشتی.

وتارەکانی نوسەر