دیداری یەکێتی ئومێدبەخش و جێگای دڵخوازیی کادر و جەماوەر و ئۆرگانەکانی حزبە، ئەو دیدارە بە ئامادەبوونی هەڤاڵان و کادر و رۆشنبیران و سیاسەتمەدار و مامۆستایانی زانکۆ و رۆژنامەنووس و چین و توێژە ئەکادیمی و مەعریفیەکان تێیایدا ئامادەگیان دەبێت.
مەبەست لەو دیدارە داڕشتنەوە و پلان و بەرنامەیەکی گشتگیرە بە شێوەیەکی سەردەمیانە و مۆدێرن کە لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی تاک و خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا بگونجێت.
ئەولەویەتی ئەو دیدارەی یەکێتی بۆ چاکسازی و رێکسازی و بە دسپلین کردنی زیاتری جومگەکانی حزب و رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و پێداچوونەوە و لێپرسینەوەیە، لە کەموکورتیەکان و بە کردەی پاداشت و سزا وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
هەمدیسان پێوەری هەڵسەنگاندن بکرێتە تاکە بژاردە بۆ کادر و دانانیان لە پۆستە حکومییەکان و جومگە گرنگەکانی حزب، ئەم گۆڕانکاریانەش لە دونیای مۆدێرن و شارستانیەتدا پێویستیەکی هەنوکەییە.
چونکە چەقبەستویی کۆمەڵگە پێویستی بە هەنگاوی کردەیی ئەرێنی و جوڵە و بەئاگاهێنانەوە هەیە، لەو سۆنگەیەوە یەکێتی وەک حزبێکی سۆسیال دیموکرات یەقینی بە گۆڕانکاریی ڕیشەی و لە خۆپرسینەوە و بە خۆداچوونەوە هەیە، بۆ گۆڕانکاری و چاکسازییەکی دروست، بۆ خزمەتکردنی تاک و کۆمەڵگە.
یەکێک لەو جومگە گرنگانەی لە ئێستاوە یەکێتی دەستی پێکردوە تێبینی و پێشنیارەکانی کادران و ئاڵوگۆڕی بەشێک لە مەڵبەند و دواتر کۆمیتە و هەمدیسان حکومەت دەبێت، بۆ ئەوەی رێکخستن و ئۆرگانەکان توند و تۆڵتر و بە بەرنامە و میکانزمێکی گونجاو دسپلین بن.
هەمدیسان، بە دانان و جێبەجێکردنی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو بە رەچاوکردنی توانست و هێز و جوڵە و پێگەی کەسەکان و ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ئەولەویەت و بژاردەی یەکەم بێت بۆ شوێن و پێگە حزبی و حکومییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و کۆمەڵایەتییەکان.
لەو دەلاقەیەوە پۆڵێنکردنی کادر و ناساندنی کەسەکان وەک خۆی وێنا بکرێن و لەسەر بنەمای مەعریفی و ئەکادیمی بێت، لەو سۆنگەیەوە یەکێتی دەبێت پێداچوونەوە لە حکومەت و ئۆرگانەکانی حزب بکات و لە کەمترین کات و زەمەندا بە توانست و لێوەشاوەیی کادر و جەماوەر و لایەنگرانی سەرکەوتنی گەورە بۆ ئایندە و خەونەکانمان بەرجەستە بکەین.
بە پێداچوونەوە لەسەر ئەو دەنگانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو بە دەستمان هێنابوون و خاڵە سلبی و ئیجابیەکان دەستنیشان بکەین و کەموکورتیەکان دیاری بکەین، ئەزموون لە رابردوو وەربگرین.
چونکە یەکێتی هەم سایە و سێبەری کۆمەڵگەیە، زەرورەتیشە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان و ئازادیی ڕادەربڕین و دیموکراسی و پاراستنی شکۆی تاک.