تۆمەتی ساڵ..!

09:42 - 2024-08-27
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
127 خوێندراوەتەوە

 چەند قورس بوو كە بینیمان لە پێناوی ململانێی تەسكی حزبایەتی و بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن، كەناڵێكی ئاسمانیی ناسراوی ئەم وڵاتە كە لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پارەدار دەكرێت و بەڕێزیان خاوەندارێتیی لێ دەكات، وا بە ئاسانی و لە چاوتروكانێكدا، بەبێ بەدواداچوونی ورد، بەبێ وەرگرتنی زانیاریی دروست، بەبێ ئارامگرتنێكی پیشەیی بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەكان و راستییەكان، لە سەتەلایت و ماڵپەڕو پەیجەكانییەوە، رێ بەخۆی بدات تۆمەتی گەورەی(رادەستكردنی ناوچەیەكی كوردستان بە حەشدی شەعبی) بۆ حزبێكی سیاسیی خاوەن خەباتی نیو سەدەیی دابتاشێت كە لە پێناوی پاراستنی تەنها خودی ئەو ناوچە خۆڕاگرەدا كە ناوچەی كوڵەجۆو زەنگابادە، سەدان شەهیدی قارەمان و تێكۆشەری هەیەو هەر ئەویشە تا ئێستا دەیپارێزێت. 
  سەرنجێكی تری جێی داخمان ئەوەیە كە، ئەو كەناڵە لەلایەن بەڕێزێكەوە بەڕێوە دەبرێت كە بڕیاروایە پێشینەی كارو ئەزموونی لە میدیای بینراوی ناوداردا هەبێت، كەچی قبوڵی كردووە بەو شێوازە لەپێشێلكردنی ئیتیكی میدیایی و بە خوێنێكی ساردو بێ هیچ بەرپرسیارێتییەكی پیشەیی، لە رێی پەنابردنەوە بۆ ئەو جۆرە لە تۆمەتی زەق و زانیاریی بێ بنەماوە، ریسك بە نێوبانگی كەناڵەكەی بكرێت و لەم رووداوەدا ببێتە دەزگایەكی پڕوپاگەندەی پەتی.
  ئایا بە راستی ئەو كەناڵە ئاسمانییە نەیدەتوانی لە بارەی درۆی رێكەوتنی یەكێتی و حەشدو تۆمەتی رادەستكردنی ناوچەكە، هەر لەناو هەولێر خۆیدا پەیامنێرو كامێرایەك بنێرێت و لێدوان لە بەرپرسانی باڵای (ی.ن.ك) وەربگرێت كە بارەگای مەكتەب سیاسییەكەی هەر لەناو پایتەختدایە بۆ ئەوەی هیچ نەبێ پێش خۆخستنە ئەم سكانداڵە میدیاییە زەقەوە، زانیارییەكانی خۆی دابڕێژێتەوەو ناچار بەم گەمە ناشیرینە لە تۆمەت و قەزاوەتكردنی كوێرانە نەبێت؟ ئایا ئێستا تەواوی خەڵكی كوردستان و خودی خۆیشیان لە خۆیان ناپرسن: كوا ئەو هێزە سەدان ماشێنییەی، كە بە حسابی تۆمەتەكەی ئەوان، ناوچەكەیان رادەستكراوە؟ كوان و لەكوێن و بۆچی هەر كەناڵەكە خۆی ناچێت وێنەی بارەگاو خێمەو سەنگەرەكانی حەشد لەو ناوچەیەدا بگرن كە یەكێتی رادەستی كردوون؟ ئایا عەیبە نییە هەر كەناڵەكە خۆی دوای كەمتر لە سەعاتێك هەواڵی تر بڵاودەكاتەوە كە تەواو جیاوازە لەوەی پێشتر بڵاوی كردۆتەوە؟ ئەم شپرزەییە میدیاییە چییە جگە لە رق و بوغزی تەسكی حزبایەتی؟ سوودی ئەم موگرژی و تۆمەتانە چییە جگە لە دۆڕاندنی متمانەی میدیایی و دروستكردنی فیتنەی زیاتر نەبێت لەنێوان هێزە سیاسییەكانماندا؟.

 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر