دیبەیتێك لەسەر بابەتی مووچە

09:49 - 2024-08-28
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
153 خوێندراوەتەوە

د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

 

  ئەگەر تەنها لە روانگەی پەیام و رووماڵی تەقلیدی و رۆژانەی دەزگاكانی راگەیاندنی هەرێم و تەنانەت دەوڵەتی عیراقیشەوە، بەدواداچوون بۆ هۆكاری دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بكەیت، ناگەیتە هیچ. زانیارییەكان بەگشتی، كەموكورتییان تێدایە، هەر میدیایەك لە گۆشەیەكی دڵخوازەوە لەسەر كێشەكە دەوەستێت. هەیە بەغدا تۆمەتبار دەكات، هەیە حكومەتی هەرێم، تۆمەتی تری جیاجیاش زۆرن، با لەو فەوزایەش گەڕێین كە لە ناو سۆشیال میدیای كوردیدا هەیە بە پەیجی رەسمیی زۆر كەناڵ و دەزگای میدیایی دیاریشەوە!، كە بەشێكی زۆری زانیارییەكانیان، بەداخەوە، بێلایەن و بابەتی نین.
  وردەكارییەكانی ئەم كەیسە لە میدیای كوردی و سەكۆ دیجیتاڵییەكانیدا، لە تایتڵەوە بیگرە تا ناوەڕۆك، بە ماخۆلانی وروژاندن و سەرنجڕاكێشان دادەڕێژرێن، یان بە ئومێدی دروستكردنی ترافیك لەسەر ماڵپەڕەكان، یان كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنتی پەیج و ئەكاونتەكان، لەم گەمەیەشدا هیچ رێزێك لە دۆخی سایكۆلۆژیی هاووڵاتیانی هەرێم و بەشداربووانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناگیرێت، تەنانەت بەو كاتانەشەوە كە هەواڵ و زانیارییەكان لە بارەی پرسی مووچەوە وا دەربكەون كە دڵخۆشكەر و مژدەبەخش بن، چونكە لەم لایەنەشەوە ئەوەی هەیە و دەگوازرێتەوە، بەدواداچوونێكی میدیایی ورد و پیشەیی و یەكلاكەرەوە نییە. كە دەزانرێت مووچەخۆرانی هەرێم چاوەڕوانی هەواڵێكی خۆشن، ناوەڕۆكێك بە نوقسانی و مانشێتی وروژێنەرەوە بڵاودەكەنەوە كە زۆرجار نابنە فاكت و بگرە نائومێدیی زیاتریش بەدوای خۆیاندا دەهێنن. 
  باشە ئەمڕۆ كە ئەوە حاڵی سەرچاوەكانی زانیاریمان بن لەبارەی رووداو و دۆسێكانەوە، ئیتر هاووڵاتیی مووچەخۆر پشت بەچی ببەستێت؟. ئێمە لەسەر ئەم پرسیارە، هەندێجار، رەخنەگرانە لەسەر ئەزموونی میدیاكانمان دەوەستین بە عیراقی و كوردستانیشەوە، بەڵام دواجار ناچارین گرەومان هەر لەسەر میدیا خۆیشی بێت، بەڵام نەك بە رووماڵی تەقلیدی و پڕوپاگەندەیی، بەڵكو بەدەستپێشخەریی تر، لەوانە: پەخشكردنی زیندووی Live broadcast دیبەیت كە لەسەر ئەم دۆسێیە بكرێت. ئەم دەستپێشخەرییە بۆتە پێویستی و دەبێ ئیتر لەئاستی باڵادا بكرێت، لەنێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێم و وەزیری دارایی بەغدادا رێكبخرێت، هەردوولا بە زمانی بەڵگەكان و داتاكان بدوێن، پەردە لەسەر هەموو راستییەكان هەڵماڵن بۆ ئەوەی رای گشتیی كوردستانی و عیراقییش وێنەكەیان لا روون بێت.

 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر