خۆمانە و خێزانیی

باوکی باش کێیە؟

09:55 - 2024-09-01
رۆزا دڵشاد مەریوانی
107 خوێندراوەتەوە

(17)

لەبەرئەوەی گۆشەکەم «خۆمانە و خێزانییە» ناکرێت ئەندامێکی سەرەکیی خێزان کە باوکە لەبیری بکەم، وەک کورد دەڵێت چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت، هەرچەندە ئەو پەندە کۆنە و رەنگە نەوەی ئێستا زۆر لێی تێنەگەن، بەڵام لە سەدا سەد راستە و دوو کۆڵەکەی خێزان کە تەبایی و خۆشەویستی ماڵێک رادەگرن دایک و باوکن، بەڵام چ باوکێک د. خالید غەتاس کە دکتۆرای لە زانستی زیندەوەرزانیدا هەیە و پسپۆر و چالاکە لە رەفتاری مرۆییدا لەسەر پێگە کۆمەڵایەتییەکان لە یەکێک لە ڤیدیۆکانیدا پرسیار دەکات «باوکی باش کێیە؟» راستە بەپێی سەردەم تێگەیشتن لەوەی باوکی باش کێیە دەگۆڕێت، بەتایبەت لەلای منداڵ، رەنگە لە کۆندا ئەو باوکەی بژێوی خێزانی دابین کردبێت و جلوبەرگ و پێداویستی باشی خوێندنی بۆ منداڵەکانی کڕیبێت یەکسان بووبێت بە باوکێکی باش، بەڵام لەم سەردەمەدا پێوەرەکان گۆڕاون و رەنگە بڵێین باوکی باش ئەوەیە هەموو ساڵێک خێزانەکەی دەبات بۆ سەفەر یان لە باشترین خوێندنگە منداڵەکانی تۆمار دەکات..هتد، بەڵام ئەگەر بە قووڵیی تەماشای مەسەلەکە بکەین دوور لە بابەتە ماددییەکان وەک د. خالید دەڵێت: ئەو پێوەرەی لە هەموو سەردەمێکدا بۆ پێناسەکردنی باوکێکی باش هەیە و ناگۆڕێت، ئەوەیە ئەو کەسە مێردێکی باش بێت، واتا ناتوانیت لە چاوی منداڵەکانتدا باوکێکی باش بیت ئەگەر مێردێکی خراپ بیت بۆ دایکیان.

 

 

دەکرێت پیاوێک لەچاوی خەڵکیدا وەک باوکێکی نموونەیی تەماشا بکرێت، بەڵام لە ماڵەوە بەو شێوەیە نەبێت، لەبەرئەوەی مێردێکی خراپە

 

 

راستە دەکرێت لەچاوی خەڵکی و نێو کۆمەڵگەدا پیاوێک وەک باوکێکی نموونەیی تەماشا بکرێت، بەڵام لە ماڵەوە بەو شێوەیە نەبێت، تەنیا لەبەرئەوەی مێردێکی خراپە بۆ ژنەکەی، بەوهۆیەشەوە منداڵەکانی وەک باوکێکی خراپ تەماشای دەکەن، چونکە منداڵ بەسروشتی خۆی سەرنج دەدات ئایا باوکیان لەگەڵ دایکیاندا چۆنە، دڵخۆشدەبن کاتێک دەبینن دایک و باوکیان تەبان و رێز و خۆشەویستی لەنێوانیاندا هەیە، ئەو کاتە وەک باوکێکی نموونەیی تەماشای دەکەن، دواجاریش کەشێکی تەندروست لەنێو ماڵدا دەخولقێت، وادەکات منداڵەکان بە دەروونێکی تەندروستەوە گەشە بکەن.
بۆیە لەو روانگەیەوە دوورنەکەوتنەوە لە پیاوێکی توندوتیژ بە بیانووی ئەوەی باوکی منداڵەکانە بە رای من کارێکی هەڵەیە، هاوکات  تۆی باوک گرنگ نییە تا چەند لەگەڵ ئەم شەپۆلی دنیای سۆشیال میدیایەدا دەڕۆیت و بە بابەتە مادییەکان خۆت نماییش دەکەیت، بەڵکو سەرەتا پیاوێکی باشبە ئەو کاتە لەچاوی گرنگترین کەسەکانی ژیانتدا کە منداڵەکانتە، باوکێکی نموونەیی دەبیت.  

وتارەکانی نوسەر