31 ی ئاب لە گوندەکەی ئێمە

10:07 - 2024-09-01
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
278 خوێندراوەتەوە

ئەو رۆژەی دەبابەکانی بەعس گەیشتنە هەرێمی کوردستان، ئیدی بووە پەڵەیەکی رەش بەنێوچاوانی دوژمن و ئەو کوردانەوە کە رێنوێنی بەعسیان کرد بۆ هەولێر، ئەم خیانەتە مێژوویەک نییە تێپەڕیبێت لە هزر و بیری مرۆڤی کورددا و سڕابێتەوە، تەنانەت ناوبەناویش دووبارەی دەکەنەوە، ئەوەتا دوێنێ بەعسییەکانیان هێنا دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەمڕۆش تورکیا دەست سوور دەکەن بەخوێنی رۆڵەی کورد و تێکۆشەری دژە تیرۆر. ئەم مێژووە هەروا بەرێککەوت روونادات، بەڵکو بەشێکە لە خوێن و شوناس و وجوودیان و لەگەڵ مێژووی خۆیاندا هەڵدەکشێت، مەترسی ئەم مێژووی خیانەت و ناپاکییە ئەوەیە هەر کەسێک ئالوودەی بوو، ئیتر لێی جودا نابێتەوە و لەگەڵی دەژی و دەمرێت!

ئەو رۆژەی تانکەکان گەیشتنە هەولێر
ئەو رۆژەی تانکەکانی بەعس گەیشتنە هەولێر و یەکێتی لە هەولێر لەژێر لوولەی دەبابەی بەعسدا و بەچاوساغی جەمەدانیی سوورەکانی سەر دەبابەکان پاشەکشێی کرد، لە گوندەکەی ئێمەشدا جموجۆڵ دەستی پێکردبوو، لەبەرئەوەی گوندەکەی ئێمە سنووری یەکەمی تاوانەکانی بەعسە لە گەرمیان، هەرچی ماڵە یەکێتییەکان بوو بە گەورە و بچووکەوە دڵ پڕ غەم و بێتاقەت بوون و دەگریان و دەیانوت «بەعس هاتۆتەوە بۆ کوردستان و بۆ گیانی ئێمەی بێتاوان، چۆن دەبێت بەدەستی خۆمان ئەو هێزە بهێنینەوە بۆ کوردستان کە دوێنێ بەخوێنی هەزاران شەهید وەدەرنرا، ژنە بەتەمەنەکان دەیانوت هێشتا خوێنی رۆڵەکانی راپەڕین وشک نەبووەتەوە دیسان بەعسیان هێنایەوە بۆ کورد کوشتن و لەناوبردنی کورد، ئیدی وەک جاران دیسانەوە بۆردومانی گوندەکەمان دەستپێدەکاتەوە و دەبێت شەوان ئاگری چراکانیشمان نەگڕێت ئەگینا بەعس گوندەکەمان وێران دەکات و دیسان ئاوارەی چەم و دۆڵەکانمان دەکاتەوە».

 

ئەو رۆژەی دەبابەکانی بەعس گەیشتنە هەولێر بەچاوساغی جەمەدانیی سوورەکان، لە گوندەکەی ئێمەشدا جموجۆڵ دەستی پێکردبوو، چونکە گوندەکەی ئێمە سنووری یەکەمی تاوانەکانی بەعسە لە گەرمیان

 

31ی ئابی رەش، لە گوندەکەی ئێمە تەلەفزیۆن نەبوو دیمەنەکەمان بۆ بگوازێتەوە، بەڵام لە رێگەی هاواری ژن و گریانی منداڵ و لە گوند دەرچوونی کادرانی یەکێتییەوە کە لە ترسی هاتنی بەعس و پارتی گوندیان جێدەهێشت، بۆم دەرکەوت هەموو 31ی ئابێکی پێشووتر دیمەنی ئەو گوندەی ئێمە چۆن بووە لەدوای ئەوەی لە ساڵی 1982 پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلای گوندەکەماندا کاروانێکی جاش و بەعسیی تێکدەشکێنن، ئیتر چۆن بەعس دژایەتی گوندەکەمان دەکات و شەوانە وەک کارێکی فەرز دەبوو ژن و منداڵ و خزمەکانمان لە خەو راپەڕینایە و بە بێشکەی منداڵەوە روویان لە دۆڵ و قەڵبەزەکانی دەوروپشتی ئاوایی  بکردایە.

دوای 28 ساڵ لە رۆژە رەشەکە
لەدوای ئەو مێژووە، لەدوای 28 ساڵ لە رۆژە رەشەکەی هێنانەوەی دەبابە و جاش و حەرەس جمهوري بەعس بۆ کوردستان، هەموو ساڵێک ئێمە لە گوندەکەی خۆمانەوە هیوامان دەخواست کە جارێکیتر ئەو رۆژە دووبارە نەبێتەوە، بەڵام ویست و خەونی نەتەوەیی و چاوەڕوانی ئێمە بەبەراورد بە پیلان و ویستی بکەرانی ئەو تاوانەی 31ی ئاب، دوو شتی زۆر جیاواز و دووربوون لە یەکتر، ئێمە لەو رۆژەوە نەفرەت لە تاوانێکی لەو شێوەیە دەکەین و ئەوان زیاتر شانازی پێوەدەکەن، لەو رۆژەوە ئێمە زیاتر رق لەدڵ بووین بۆ بەعسییەکان و هەموو دوژمنانی کورد، کەچی ئەوان هەر رۆژەی دەبنە دۆستی دوژمنێکی دیکە و هەر رۆژەی دوژمنێکی کورد بانگهێشتی سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر خۆشیان دەبنە چاوساغ و رێ نیشاندەریان.

وتارەکانی نوسەر