ئازادی لە شێوازی وانە وتنەوەدا

09:47 - 2024-09-02
سمکۆ چنارەیی
85 خوێندراوەتەوە

سمکۆ چنارەیی


هەندێک بابەت پێویستی بە ژینگەی دەرەوەی پۆل هەیە، تا زیاتر و بەشێوازی پراکتیکی خوێندکارانی لێ ئاگادار بکرێنەوە




 پلان و شێوازی خوێندنی پرۆگرامەکانی خوێندن، لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بۆ مامۆستایان دیاریکراوە و ئەوەش ئازادی مامۆستای سنووردار کردووە کە بۆ هەر مانگ و وەرزێکی خوێندن چەند بەش بخوێنێت.
پەروەردەناس ( ژول لمیتەر ) دەڵێت: پێویستە ئازادی تەواو لە فێرکاریدا بۆ مامۆستا جێبهێڵرێت تا بەویستی خۆی و ئەوەی بەباشی دەزانێت بۆ فێربوون و تێگەیشتنی خوێندکار پەیڕەوی بکات.
زۆربەی مامۆستایانیش بەردەوام گلەیی لەو پابەندبوون و یاسا و رێسایانە دەکەن کە پەیوەستیان دەکات بە کاتی وانە و هەروەها ژمارەی ئەو بەشە وانانەش کە لە خشتەی هەفتانەی هەر بابەتێکی خوێندندا دیاریکراون.
جگە لەوانەش چۆنیەتی خوێندنی بەش و بەندەکانی ناو کتێبەکان بە ویستی مامۆستایان نییە و ئەوەش لەلایان بووەتە جێگەی رەخنە، چونکە تەنیا مامۆستا شارەزا و ئاگادارە لە ئاستی خوێندکارەکانی و هەروەها جۆری تێگەیشتنیان لەو بابەتانەی کە لەنێو کتێبەکانی خوێندندا هەن.
بۆ نموونە هەندێک بەش و بابەتی خوێندن پێویستی بە چەندین وانە و کاتی زیاتر هەیە لەچاو ئەو وادە و کاتەی کە بۆی دابینکراوە، تەنانەت هەندێک بابەت پێویستی بە ژینگەی دەرەوەی پۆل هەیە تا زیاتر و بەشێوازی پراکتیکی خوێندکارانی لێ ئاگادار بکرێن و بەشێوەی بەرجەستە ئەو زانیارییانەی مامۆستا دەیڵێتەوە لەلایەن خوێندکارەوە بە دروستی و روونی فێرببن، وەک بەشی گەردوون و رووەک و زیندەوەران لە وانەی زانستەکان و چەندین باسی تر لە بابەتەکانی کۆمەڵایەتی و بەهاکان و زمانەکانیشدا.

وتارەکانی نوسەر