هەندێک لەو گۆڕانکارییانەی تازە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریان لەسەر دەدات و پەیڕەو دەکرێن، لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا هێنراون و لە وڵاتانی تر پەیڕەو کراون
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە و بە بەردەوامی گۆڕانکاریی لە بوارە جیاجیاکانی پەروەردە و فێربووندا دەکات، کە ئەوەش لە لایەکەوە نیشانەی زیندوێتی و بەرەوپێشچوونی پەروەردەیە و لە لایەکی دیکەشەوە نیشانەی ئەوەیە هێشتا خوێندن و پەروەردە لە وڵاتی ئێمە زۆر لە دواوەیە، نموونەش هەندێک لەو گۆڕانکارییانەیە کە تازە لێرە بڕیاریان لەسەر دەدرێت و پەیڕەو دەکرێن، بەڵام لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا هێنراون و لە وڵاتانی تر پەیڕەو کراون، نموونەش میتۆدی نەخشەی هزریی یاخود بیرکردنەوەیە کە ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێک میتۆدی دیکەی وەک نەخشەی زاراوەکان و سوقراتی و یاریی و دەروازە و بە تەمەنەکان و چەندانی تر، لە رێگەی مامۆستایەکی راهێنەرەوە سەرجەم قوتابخانە بنەڕەتی و خوێندنگە ئامادەییەکانی تەواوی پەروەردەکانی گرتۆتەوە و بە دوو هەفتە جارێک وانەیەکی خوێندنی بۆ تەرخان دەکرێت و کەسی راهێنەر ناساندن بۆ جۆرە میتۆدێکی تازە دەخاتەڕوو.
گۆڕانکاری و داهێنانی نوێ لە بواری پەروەردە و فێرکردندا کارێکی چاکە، بەڵام دەکرێت هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر بکرێت تاوەکو سوود و قازانج بە پرۆسەی پەروەردە بگەیەنێت، بۆ نموونە لە سەرەتای خوێندنی ئەمساڵەوە هەر 15 رۆژ جارێک لە هەر دەوامێکی هەر خوێندنگەیەک وانەیەک ناخوێنرێت و سەرجەم مامۆستایان گوێبیستی میتۆدی نوێی راهێنەرەکە دەبن، ئەوەش دەبێتە بارگرانی بۆ دەستەی کارگێڕی، لەبەرئەوەی تەواوی پۆلەکان بێ مامۆستا دەبن لەوماوەیەدا، خۆ ناشکرێت پێش وادەی کۆتایهاتنی دەوامی رەسمی خوێندکاران بنێرنەوە ماڵەوە، لەبەرئەوەی ژمارەیەک لە خوێندکاران کێشەی هاتوچۆیان بۆ دروست دەبێت بە تایبەت ئەوانەی بە پاس و تاکسی هاتوچۆ دەکەن.
جگە لەوەش لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا خوێندکاران وانەیەکیان بەفیڕۆ دەڕوات، دەکرا سوود لە پشووی هاوین وەربگیرایە یاخود بەجۆرێکی تر راهێنان بە مامۆستایان بکرێت، جگە لەوانەش زۆر مامۆستا خۆیان بە شارەزاتر و بە ئەزموونتر دەزانن لە مامۆستای راهێنەر، دیارە ئەوەش قسەی زۆر هەڵدەگرێت و حەقی خۆیەتی سەرپەرشتیارانی پەروەردەش بە هەند ئەو بابەتە وەربگرن، لەبەرئەوەی لەگەڵ چەند سەرپەرشتیارێک قسەم کردووە، کەچی راو بۆچوونیان بە جۆرێکە کە ئەوان هیچ پەیوەندی و پەیوەست بوونێکیان لەگەڵ ئەو کارانەدا نییە کە تایبەتە بە مامۆستای راهێنەر .