ئەگەر بەڵێنی باق و بریق بە منداڵ بدەیت و دواتریش بەڵێنەکەی بۆ جێبەجێ نەکەیت، فێری بێ بەڵێنی دەبێت
درۆکردن شاردنەوەی راستییەکانە و مەبەستی سەرەکی ئەنجامدەریشی بۆ داپۆشینی ئەو تاوان و گوتە و کردەوانەیە کە دەیکات، بۆئەوەی خۆی لە سزا و سەرزەنشتکردن بە دوور بگرێت، هیچ منداڵێک نییە کاتێک لەدایک دەبێت ناڕاستی و درۆی لەگەڵدا بێتەبوون، بەڵکو بەپێی ژینگە و پەروەردەکردنی خێزان و کەسانی چواردەوری فێری تەواوی هەڵسوکەوتە پەروەردەیی و نا پەروەردەییەکان دەبێت، ئەگەر ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی خەڵەتاندن و ناڕاستی و راشکاو نەبوون تێیدا باڵا دەست بوو، بە تایبەتیش ئەو دایک و باوکانەی کە بە ئاشکرا و بۆ هەر مەبەستێک بێت بە منداڵەکەیان دەڵێن ئەگەر هەواڵی باوک یان دایکیان پرسی بڵێ لەماڵ نییە، یاخود خەوتووە، چەند سادەن ئەو وشانە، بەڵام لەبەرئەوەی بە درۆ دەوترێن، هۆکارە بۆ فێربوونی درۆکردن لەلای منداڵ.
جگە لەوەش منداڵ ئەگەر بەڵێنی باق و بریقی پێ بدرێت لە پای هەر کارێک کە دەیکات، دواتریش بەڵێنەکەی بۆ جێبەجێ نەکرێت، یەکسەر فێری بێ بەڵێنی دەبێت و ئەوەش جۆرێکی ترە لە درۆ، وردە وردە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیشدا فێری جۆرەکانی درۆ و هەڵخەڵەتاندن دەبێت. وەک درۆکردن بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی کەسی مەبەستدار و تەنانەت هاوڕێی نزیکی لە کاتی تۆمەتبارکردنیدا، هەروەها لەگەڵ دایبابەکانیشی فێری درۆی بەرگریکردن لە خۆی دەبێت کاتێک بزانێت تووشی سزا دەبێت بە تایبەتیش لە بارەی دەرچوون و خوێندنگە و هەروەها خو و ئاکارەکانی جگەرەکێشان و ڤەیپ و تەنانەت شاردنەوەی ئەو شوێنانەش کە بۆی دەچێت.
جۆرێکی تری درۆ کە منداڵ فێری دەبێت، هەوڵ دەدات لەڕێی تۆڵەکردنەوە لە کەسێکی نێو خانەوادەکەی یان هاوڕێیەکی کە ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە تۆمەتی ناڕاست و هەڵبەستراوی بۆ دادەتاشێت، تاوەکو تووشی سزا و لێپێچینەوەیان بکات و بەوەش خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت لەو کارەدا، پێویستە ئەوەشمان لەبیربێت، زۆر چیرۆکی خەیاڵی و بەسەرهاتی ئەفسانە، کاریگەریی خراپیان لەسەر پەروەردەکردن هەیە، لەبەرئەوەی منداڵ نازانێت جیاکاری لە بەینی خەیاڵ و راستیدا بکات و هاندەرێکە بۆئەوەی فێری درۆ ببێت، کاری سیاسەت و بە تایبەتیش سەردەمی بانگەشەکردن بۆ هەر جۆرێکی هەڵبژاردن کە لە تەواوی رێکلامەکاندا کۆمەڵێک دروشم و بەڵێن دەبیسترێت کە لە راستیدا هیچی وانییە و جێبەجێ ناکرێت، منداڵ لەوەشەوە فێری درۆ و کاری ناڕاست دەبێت.