ئەرکی UN و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

09:05 - 2022-05-28
جەمال ئارێز
637 خوێندراوەتەوە

نوێترین راپۆرتی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و ئاوارەکان بڵاوکردنەوەی ئامارێک بوو سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەکانی جیهان کە بەوپێیە بێت ئێستا ژمارەی ئاوارەکان لە دەستی ستەمی سیستمە حکومڕانەکان و جەنگ و کوشتار و برسێتی و کارەساتە سروشتییەکان 100 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
دیارە بوونی ئامار پێویستە بۆ هەر پلان و نەخشەیەکی کارگێڕی و سیاسی و مرۆیی، بەڵام ئەو ئامارە زۆر بچووکترە لە ئەرکی سەرەکیی UN و رێکخراوە نێودەوڵەتییە گەورەکانی وەک رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی  و رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی.
گریمان کارەساتە سروشتییەکانی وەک لافاو و بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و دیاردەی بە بیابانبوون و وشکە ساڵی بەشێک لەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە بەرەو وڵات و ناوچە ئارامترەکان دەڕۆن وەک ئەوەی لە راپۆرتە هۆشدارییەکەی UN دا هاتووە و رەنگە هەندێکیان هەر لەلایەن حکومەتی وڵاتەکانی خۆیانەوە قەرەبوو بکرێنەوە و لە شوێنی دیکە و بەشێوەی کاتی نیشتەجێ بکرێنەوە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو ئاوارە و پەنابەرانە قوربانی دەستی جەنگ و توندوتیژیی تایفی و مەزهەبی و نەتەوەیین و وەک ئەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئیقلیمی ئامادەنین دەستگیرۆییان بکەن و لایان لێ بکەنەوە، رۆڵێکی خراپیش بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگێڕن کە تەنها بڵاوکردنەوەی ئاماری قوربانیانی دەستی سیاسەتی حکومەتە شەڕەنگێز و داپڵۆسێنەرەکانە و وەک ئاماژەشمان پێدا بەشێکی زۆر لە وڵاتانی زلهێز و ئابووریی بەهێز بەبەرچاوی میدیاکانەوە بڕەپارەی زەبەلاح بۆ هاوکاریی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە تەرخان دەکەن، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەمیشە هۆشداریی دەدات لە نەبوونی پارەی پێویست و خۆراک و دەرمان و پێداویستیی سەرەتایی حەواندنەوە و پێخەف بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە.
پێویست بوو نەتەوە یەکگرتووەکان چەتری کۆکردنەوەی بەرژەوەندیی نەتەوەکان و چاودێریی ئەدای حکومەت و سیستمە سیاسییەکان بێت و بە گوێرەی ئەو پەیماننامەیەی رێکخراوەکەی لەپێناویدا دروستبووە رێکخراوێکی قسە رۆیشتوو بووایە بەسەر هەموو حکومەتەکانی هەر 193 دەوڵەتەکەی جیهاندا و پرەنسیپە گشتییەکانی بەسەر هەموویاندا بسەپاندایە،  بەڵام وەک ئەوەی دەبینرێت بەشی زۆری حکومەتە زلهێزەکان هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو رێکخراوەدا سەپاندووە، بەجۆرێک کە زۆرجار بڕیارێکی لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە پێ دەرناکرێت بەهۆی ناکۆکیی لەسەر رەشنووسی بڕیارەکان لەگەڵ ئەجێندا و بەرژەوەندیی وڵاتە خاوەن ڤیتۆکاندا.
هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشەکەی لە ساڵی 1946-ەوە تاساڵی  2022،  2628 بڕیاری دەرکردووە، بەڵام زۆربەی ئەو بڕیارانە یان پابەندکەر نەبووە، یاخود هەر جێبەجێ نەکراوە بەهۆی ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی خاوەن ڤیتۆ لە پێنج دەوڵەتە زلهێزەکەی جیهان دەنگیان لەسەر نەداوە و تێپەڕێنراوە، بەڵام بەگوێرەی ئەجێندا و بەرژەوەندیی هەندێکیان لەگەڵ یەکێک لە لایەنەکانی کێشەکەدا جێبەجێ نەکردن یان پێشێلکردنی لەلایەن لایەنێکی کێشەکەوە فەرامۆشکراوە و خراوەتە خانەی لەبیرچوونەوەوە. نموونەی زیندووش بڕیاری 425 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە کە پەیوەستە بە کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل لە ساڵی 1967-ەوە بە تێکڕای دەنگی هەر 15 ئەندامە هەمیشەیی و کاتییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرچووە، کە بەو پێیە دەبێت ئیسرائیل بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش جەنگی ساڵی 1967، بەڵام نەک جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو ئێستا دوو هێندە زیاتری زەوییەکانی فەلەستین تووشی گۆڕینی دیمۆگرافی بووە، ئەوەش تەنها لەبەرئەوەی پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ هەر پێنج دەوڵەتە ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا باشە و لایەنی بەرامبەری کە فەلەستینییەکانن، بوونەتە قوربانیی سیاسەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئەوانیش لەو ئەنجومەنەدا هیچ قورساییەکی سیاسییان نییە و بە هەڕەشەی ئابووریش لە وڵاتانی زلهێز هیچیان پێ ناکرێت، چونکە لەڕووی زانست و تەکنۆلۆجیا و زۆر بواری دیکەدا دەست و پێ سپین و سەرەڕای ئەوەش زۆربەیان بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکانیانەوە (نەتەوەیی، مەزهەبی، ئیتنی) هەر دژایەتییەکی زلهێزەکانیان کردبێت، ئەو کێشانەیان لێ دەوروژێنرێت و خۆشیان بایی ئەوە لۆژیک و عەقڵی سیاسی ناخەنەگەڕ تا ئەو کێشانە بە دابینکردنی مافی وەک یەکی و شەراکەتی سیاسی و ئیداری لەگەڵ ئیتنیک و مەزهەب و نەتەوە جیاجیاکاندا چارەسەر بکەن و ئەو کارتە لەدەستی زلهێزەکان بهێننە دەرەوە.  
چەندین نموونەی دیکەی وەک کێشەی باشووری سودان و سەحرای خۆرائاوا و کشمیر و ناوچەی کێشەلەسەری دیکەی نێوان وڵاتان هەن کە لە ئەنجامی داگیرکارییەکانی سەردەمی جەنگە جیهانییەکانەوە خوڵقێندراون و نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێی لیژنە و کۆمسیۆنی جیاجیاوە دەستوەردانی کردووە بۆ چارەسەرکردنیان، بەڵام دواجار راپۆرتەکان چوونەتەوە ئەنجومەنی ئاسایش و بەگوێرەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریی و سەربازییەکان و جەمسەرگیرییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، یان بە فەرامۆشکردن یان بە دەرکردنی بڕیارێکی ناپابەندیی.
ئێستا بە گوێرەی پێدراو و جەمسەرگیرییە جیهانییە نوێکان،  نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستی بەوەیە کە لەجیاتی پێکهێنانی لیژنە بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە بۆ ریفۆرم لە ئەدا و سەنگ و رۆڵی نێودەوڵەتیی خۆیدا پێکبهێنێت، چونکە ئێستا ئەو رێکخراوە لەجیاتی رێگریی لە سیستمە سەرکەتوتکەر و داپڵۆسێنەرەکان و سزادانیان، شکاندنی دەستی قامچی وەشێنەکان بە یاساکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ، تەنها ئەرکەکەی بووە بە ژماردنی ئەو قامچییانەی لە سەر و سنگی ئازادیخوازان دەدرێت. 
یاخود زۆربەی وڵاتانی دیکتاتۆری جیهانی سێیەم داهات و بودجەی وڵاتەکانیان بۆ ئەگەری جەنگی گریمانەیی و سەرکردە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکانیان بەکاردەهێنن و زۆربەی گەلەکانیشیان بەدەست نەبوونی و هەژاریی و بێلانەییەوە دەناڵێنن، بەو هۆیەشەوە بەشی زۆری خەڵکی ئەو وڵاتانە بەناچاری بە شوێن ئازادیی و ئارامیی و ناندا سنووری چەندین وڵات بەپیادە و دەریا و زەریاکان بە یەخت و بەلەمی شەق و شڕ تەیدەکەن. تا چیتر بەدیار رۆڵی تەماشاکەری UN-ەوە نەبنە قوربانی لەناو وڵاتەکانی خۆیاندا. 

وتارەکانی نوسەر