گۆشكردنی منداڵ لە سایەی چەتری خێزان یان چەپۆکی خێزاندا

11:16 - 2024-09-03
پ.ی.د. ماجد خەلیل فەتاح
275 خوێندراوەتەوە

یاساکانی پەیوەست بە چاودێریی و منداڵپارێزی دەستێوەردانی ورد لە ژیانی خێزان و کەلتور و کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتی دایک و باوکدا دەکەن. لە ئێستادا ساڵ لە دوای ساڵ، هەمواری ئەو یاسایانە دەکرێتەوە کە سنوور بۆ بابەتی پەروەردە و گۆشکردن و گەورەکردنی منداڵ دادەنێن. لەم میانەدا دوو ئاڕاستە هەن. ئاڕاستەیەک جەخت لەسەر توندکردنەوەی ئەو یاسایانە دەکات کە کۆنتڕۆڵی گۆشکردنی منداڵ دەکەن و دەسەڵاتی رەهای رامکردنی منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە وەردەگرنەوە. لەلایەکی ترەوە بەرەدەوام بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا کە رەوەندی کۆچبەران تێکەڵ بە کەلتوری کۆمەڵی خۆرئاوایی بوون، ئێستا ئەوان ژمارەیەکی کاریگەریی ناو بڕیار و پڕۆژەیاسانی پەروەردەی خێزانن. لەرێگەی دەنگی ناڕەزاییەوە بوونەتە بەرچەپی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە گوایا مافی دایک و باوک لە پەروەردەی منداڵ زەوت دەکەن. ئەم مشتومڕە لە ئەدەبیاتی کۆمەڵایەتی ئەوروپادا شوێنێکی زۆری گرتووە. بەڵام لێرە لاکردنەوە بەلای شێوەی ژیانی منداڵ بوونی نییە. 

منداڵ لە کەلتوری خێزانی ئێمەدا، هەندێکجار چەترە خێزانییەکەی دایک و باوکی بۆتە چەپۆکێک و دەرهەقی دنیایەک نادادی نۆرەی گرتووە

دایک و باوک بە جۆرێکی سروشتی و لەسەر بنەمای کەلتورە کلاسیکییەکەی خێزانداریی زەمینەیەکی زاڵیان لەسەر پەروەردەی منداڵ هه‌یە. بەجۆرێک بە کامی کەلتورەکە دەستیان دەشکێ بەسەر بونیادو برەوی گەورەکردنی منداڵدا، بەبێ بوونی هیچ بەربەستێک لە ئەگەری لادان و تەنانەت دەستدرێژی رۆحی و جەسەدی و لێدان  سزایەکیشدا. 
منداڵ لە کەلتوری خێزانی ئێمەدا، هەندێکجار چەترە خێزانییەکەی دایک و باوکی بۆتە چەپۆکێک و دەرهەقی دنیایەک نادادی نۆرەی گرتووە. بەڵام دەبێ لەکامە دەرگای دادو دەسەڵاتی یاسا بدات تاوەکو مافەکانی پارێزراو بن. ئایا ئەرکی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەمبەر دایک و باوکێکی توندوتیژ چیە؟. ئایا گەر دایک و باوکێک لەڕووی سایکۆلۆژییەوە سیستمێکی هەڵەی ژیان پەیڕەو بکەن، کێ ده‌پەرژێتە سەر سنوورەکانی پارێزگاری لەمنداڵ؟. هەڵبەتە دەرۆزەکردن و کارکردن بە منداڵ، بابەتێکی تری زەوتکردنی مافی منداڵە. ئەو بوارەی بڤەی کەلتورە ئەوروپییەکەن، بەڵام وردەکارییەکانی شوێنی ژیان و رەچاوی رێنوماییە پەروەردەییەکان لەکوێی لۆژیکی یاساکانی ئێرەدان. 
لەڕاستیدا لە ئەوروپادا بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەسکەندەنافی، بەردەوام دەیانەوێ زەمینەسازی بکەن تاوەکو  یاسای منداڵپارێزی ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی و سەپەرشتەکانی دیکەی منداڵ،  زیاتر لە خەمی منداڵاندا یەکلا بکاتەوە. 
دیارە بە پلەی یەکەم پەروەردەی منداڵ دەکەوێتە ئەستۆی دایك و باوك و سەرپەرشتکارانی دیکە، بەڵام ئەوان مافی ئەوەیان هەیە لەو پەیوەندییەدا یارمەتی لە کۆمەڵگا وەربگرن. ئامانجی کۆمەڵگا لە پلەی یەکەمدا ئەوەیە، کە هەرچی دەکرێت زوو و لە کاتی خۆیدا پشتیوانی ئەو بنەماڵانە بکات کە یارمەتیان پێویستە، بۆئەوەی دایك و باوکەکە بتوانن ئەرکی پەروەردەکردنەکەی خۆیان ئەنجامی بدەن. بۆ نموونە لە فینلەندا، ئەگەر هات و دایک‌ و باوک یان سەرپەرشتەکان بە هەر هۆیەک نەیانتوانی باشگوزەرانی منداڵ دابین بکەن، ئەرکی سەر شانی ده‌وڵه‌ته‌ کە دەست لە بارودۆخی ناوخۆی خێزانەکە وەربدا. ئەرکی منداڵپارێزی لەم جۆرە هەلومەرجانەدا ئەوەیە کە باشگوزەرانی بۆ منداڵەکە دابین بکاتەوە. هۆکارەکان لەم رەوشەدا بەردەوام بەدڵخواز و ئارەزووی خێزان نییە، بەڵکو یاسای منداڵپارێزی، کاربەدەستانی بواری منداڵپارێزی لە هەندێک هەلومەرجی دیارییکراودا  پێویستە و دەبێ لە پێناوی پارێزگاری لە منداڵدا هەنگاوی بەکردەوە هەڵبهێنن.
لەڕاستیدا ئەم زەمینەسازییە بە ئاسانی نەهاتووەتە پێشەوە، چونکە رێکاری دایک و باوک بۆ منداڵەکەی زۆرجار شاراوەیە، یان فەرهەنگەکە بە ئەستەم رێگە بە یاسا نوێیەکان دەدات. بۆنموونە دوو ساڵ پێش ئێستا، هەڵمەتێک کە لەلایەن چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ناوی سوید منداڵانی مسوڵمان دەڕفێنێت بەڕێوە برا. کەمپینەکە تەوژمێکی بەرفراوانی لەسەر میدیای عەرەبی و لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا هەندێ لە کەمپینەکان بەڵێنیان دا بەردەوام بن لە خۆپیشاندان، تا ئەوکاتەی کە یاسای چاودێریی زۆرەملێ، واتە لێسەندندەوەی منداڵان لە دایک و باوکان هەڵدەوەشێندرێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە حکومەت زیاتر یاساکانی توندتر کرد.
ئەم رەوشە بەشێوەیەکی گشتی لە زۆرێک لە وڵاتان ئاساییە و لە قۆناغێکی جێگیردایە  و بەتایبەتی لای خەڵکی خۆیان پەسەندە، بۆیە باوەڕیان وایە ئەگەر خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵسەنگاندنیان لە ئاستێکدا بوو، کە منداڵەکەت لە مەترسیی زیان گەیاندندایە، ئەوا ئەرکی ئەوان ئەوەیە بزانن منداڵەکە و خێزانەکەت پێویستیان بە چییە، کاتێک خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان لێکۆڵینەوە دەکەن، هەردوو دایک و باوک و منداڵ، دەتوانن بەشداری بکەن و ئەو زانیارییانە پێشکەش بکەن کە هەیانن، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا باوە، کە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و خێزانەکان پێکەوە کار بکەن و رێکبکەون لەسەر هەوڵی هاوبەش بۆ پاراستنی منداڵان.
بەڵام ئەگەر تۆ وەک دایک و باوکێک رەتی دەکەیتەوە و بارودۆخەکە زۆر جدییە، ئەوا چاودێریی منداڵان منداڵەکە دەپارێزێت، هەمان شت راستە ئەگەر بڵێیت بەڵێ و رازی بیت بە یارمەتیدان، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن پێشنیازی ئەوە بکەن، کە منداڵەکە لە چاودێریی زۆرەملێدا بێت، بەڵام دەبێت بڕیاری کۆتایی لەلایەن دادگاوە بدرێت، بەڵام لە وڵاتێکی وەکو سوید وەک نموونەی ئەو وڵاتانەی کە بەریەککەوتنی کەلتوری یاساکانی چاودێریی دەداتە دواوە، کاردانەوە دروست بووە. ئەوەتا لە 2022دا بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵێکی رادیۆی سوید، زۆرینەی پەرلەمان پێیانوابوو ئەو جەختکردنەی کە لەلایەن پڕۆژە یاسای پاراستنی منداڵ کرا بوو، بەس نیین و داوای توندکردنەوەی زیاتری یاسای چاودێریی و بە زۆر سەندنەوەی منداڵان و گەنجان لە دایک و باوکان دەکەن، کە پابەند نابن بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکانیان بە گوێرەی یاساکانی سوید. لەم میانەدا
گوتەبێژی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی پارتی پارێزگار، کامیلا گرۆنڤال، دوو ساڵ پێش ئێستا رایگەیاند: پارتەکەی پێشنیازێکی نوێ دەخاتە بەردەم بۆ توندکردنەوەی یاساکە. ئێستاش ئەو یاسایانە شوێنی خۆیان گرتووە. بەتایبەتی دوای ئەوەی لەزۆرێک لە ئەوروپا، ئەندێشەیەکی چەپگەرایانە چوارچێوەی سیاسی گرتەوە، ئیتر بایەخە نەریتییەکان و دەسەڵاتی پارێزگار و راستڕەوی سەر خواستە خێزانییەکان کەمتر کاریگەریی خۆی دەتوانێ بسەپێنێ و ئەم شێوە یاسایانە زیاتر لە زەمینەی منداڵدا شوێنیان گرتووە.

وتارەکانی نوسەر