عەتا تەها
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساتەوەختی دامەزراندییەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ، پشتی بە توانای گەنجان و شارەزایی و ئەزموونی بەتەمەنەکان بەستووە، یەکێتی هەر لەبنەڕەتەوە سەرکردایەتییەکەی لەسەر بنەمای چینە جیاوازەکان و خەڵکانی هەمەجۆر بنیاتنراوە، روونە تا ئێستا لەسەر هەمان بنەما ئەو رێچکەیەی بەرنەداوە، بەڵام مەگەر تەنها گۆڕانکاریی لە کاری سیاسی و کاری رێکخراوەییدا کردبێت، ئەویش بە هۆکاری کرانەوە بواری پێشکەوتنی جیهان و خۆگونجاندنی لەگەڵ سەردەمە جیاوازەکاندا، بۆیە هەمیشە پشتی بە گەنجان بەستووە، دیارە ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە بیر و دنیابینیی خەڵکانی شارەزا لە کاری سیاسی و رێکخراوەیی و دیپلۆماسیدا.
گەنج داینەمۆیە
ئەوەی پێویستیشە ئاماژەی پێبدەین یاخود هۆکاری سەرەکیی بابەتەکەمان باسکردنە لە هێز و توانای ئێستای یەکێتی، بەجۆرێک کە گەنج وەکو پێشتر هەمیشە داینەمۆی هەڵسوڕانی بەرەوپێشچوونی کاری حزبی بێت و لەو پێناوەشدا کۆمەڵێک گەنجی وریا و ڕۆشنفکر و بەئاگا لە مەیدانی کارکردندا وزەو توانای خۆیان بەگەڕخستووە لە نێویاندا بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەگەرچی لە پەنجاکانی تەمەنیدایە، بەڵام بیرو وزەی هێشتا گەنجانەیە و دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، ئەوا ئەو توانا مەعنەوییەی دەردەکەوێت و ئەوکات جارێکی تر بۆ هەموولایەک دووپات دەکرێتەوە کە یەکێتی هێزێکی هەمیشە گەنجی لەبن نەهاتووی سەرگۆڕەپانی سیاسیی هەرێم و عیراق و ناوچەکەیە و هاوکات زەرورەتێکی مێژوویی و گرنگیشە لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجە رەواکانی گەلەکەماندا.
هۆشیارتر نوێنەری خۆیان دەستنیشان بکەن
ئەوەی پێویستیشە لەسەر خەڵک ئەوەیە کە هۆشیارانەتر نوێنەری خۆیان دەستنیشان بکەن تا بتوانن لەڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە دەسەڵات پیادە بکەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی ماف و ئامانجە بەدینەهاتووەکانیان، چونکە یەکێتی کۆمەڵێک گەنجی بە سەلیقە و بەتوانای هێناوەتە مەیدانەوە، لەبەرئەوەی مەبەستییەتی گۆڕانگاریی ریشەی لە حکومڕانیی وڵاتدا بکات و جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست و رێڕەوی حکومڕانی راستبکاتەوە. دەشیەوێت لەبری بەشداریپێکردن، ببێتە شەریکی راستەقینە تا لاسەنگیی حوکمڕانی هاوسەنگ ببێتەوە لەپێناوی خزمەتکردنی کومەڵانی خەڵکی کوردستان بەو جۆرەی کە شایستەیانە بەتایبەتی خەڵکی قوربانیدەری ناوچە قوربانیدەر و فەرامۆشکراوەکان.