رۆزا دڵشاد مەریوانی
پیاوێكی سەر سپی سیمایەكی نەرمونیانی هەبوو، بێگومان تەمەنی زۆر لەوە زیاتر بوو كە وێنامان دەكرد، بەڵام رووخۆش و دەم بەخەندە، كاتێك پێیان وتین رێبەرە گەشتیارییەكەتان هاتووە، بەلامانەوە سەیر بوو پیاوێكی بە تەمەنەیان بۆ ناردووین، لە دڵی خۆمدا وتم لەبەرئەوەی گروپەكەمان لە عیراقەوە هاتووە هەڵیانخەڵەتاندووین، بەڵام كاتێك چووینە بەردەمی بۆ خوێندنەوەی ناوەكانمان، گوێی لێبوو بە كوردی قسە دەكەین، وتی ئێوە كوردن؟ ئێمەش ئاسایی وتمان بەڵێ، چونكە ئەو چەند رۆژە مانەوەمان لە تونس زۆر خەڵكی ئەو وڵاتەمان بینیبوو كە كوردیان دەناسی و بەخێرهاتنیان دەكردین، تەنانەت دوكاندارێك پرسیاری جەژنی نەورۆزی لێكردین و زۆر سەرسامی كورد بوو، بەڵام رێبەرە گەشتیارییەكەمان جیاواز لە هەموویان تووشی شۆكی كردین كاتێك وتی من شارەزای مێژووی كوردم لە كۆماری مەهابادەوە تا ئێستا، بە تەنیا قسەكردن لەگەڵ ئەو پیاوەدا چەندین بابەتی رۆژنامەوانی هەڵدەگرت، چونكە بەو تەمەنەوە لەبری ئەوەی وەك خانەنشینێك لە ماڵەوە دابنیشێت، كارێكی دەكرد تا سەر ئێسقان عاشقی بوو، بە جۆش و خرۆشەوە هەموو ئەو شوێنە گەشتیاریی و شوێنەوارانەی بۆ باس دەكردین وەك ئەوەی ئەو مامۆستایەك بێت و ئێمەش خوێندكارەكانی، تەنانەت بۆئەوەی باشتر لەو بابەتانە تێبگەین بەراوردێكی مێژوویی و جوگرافیی تونسی دەكرد لەگەڵ عیراقدا، وەك ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی ئەو دارخورمایانەی لەوێ هەیە، تەنانەت هەندێ زانیاریی لەسەر عیراق پێداین رەنگە زۆربەمان پێشتر نەمانزانی بێت، هاوكات فێربووین تونس لە بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتووندا سێیەمە لە جیهاندا و هەر تاكێكی تونسیی نۆ درەختی زەیتونی بەردەكەوێت، هەروەها لەگەڵ ئەوەی 55 ٪ی وڵاتەكە بیابانە و كێشەی ئاوی شیرین و وشكەساڵیی..هتد هەیە، بەڵام بەلای هەر چیا و گردێكدا دەڕۆیت سەوز دەچێتەوە، ئینجا دەزانیت لەخۆڕا ناونەنراوە (تونس الخضراء- تونسی سەوز) ئەو پیاوە بە تەمەنە كە لە بەردەم هەموومانەوە بەقنجی دەڕۆیشت، نموونەی نەك تەنیا رێبەرێكی گەشتیاریی سەركەوتوو بوو لە وڵاتێكی هەژاردا، بەڵام تا ئەوپەڕی رۆشنبیر بوو، ئەوەش بەڵگەیە بۆئەوەی تەمەن تەنیا ژمارەیەكە و بەدەستهێنانی زانست و رۆشنبیریی بێ سنوورە و دەكرێت تا كۆتایی تەمەن بەرهەمت هەبێت و سوود بە نەوەكانی دوای خۆت بگەیەنیت.