رۆزا دڵشاد مەریوانی
(30)
لەگەڵ پێشکەوتن و کرانەوەی کۆمەڵگە بە رووی جیهاندا، دەبینین حەزی تاک بۆ تەنیایی و سەربەخۆیی و خۆنەبەستنەوەی بە خێزانەوە روو لە زیادبوونە، یەکێکیش لە نیشانەکانی ئەوەیە، دەبینین گەنجی ئێستا زۆر کەمتر لە جاران شوو دەکەن و ژن دەهێنن و بە چەندین هۆکار ئەو بڕیارە دوادەخەن و وەک جاران کوڕ و کچی ئێستا بە ژیانێکی کەمتر لەوەی تێیدا ژیاون رازیی نابن یان دەیانەوێت باشتر بژین، بۆیە رەنگە لە چەند ساڵی داهاتوودا نەوەیەک پەیدا ببێت بەشێکی زۆریان زەواجیان نەکردووە.
لە بەرامبەردا کۆمەڵگەی ئێمە کە کۆمەڵگەیەکی ئایینی رۆژهەڵاتییە، قبووڵی نییە ئەو کوڕە یان کچەی شوو ناکات و ژن ناهێنێت وەک وڵاتانی رۆژئاوا بە تەنیا بژی و پێویستییە سۆزداریی و سێکسییەکانی لە دەرەوەی چوارچێوەی زەواجدا پڕ بکاتەوە، بەتایبەتی بۆ کچان، بەڵام پێمان خۆش بێت یان نا لە داهاتوودا نەوەیەک دروست دەبێت نایانەوێت لە دوای دایک و باوکیان لە ماڵی برا یان خوشکدا بژین، لەبەر هیچ شتێک نەبێت، لەبەرئەوەیە پەروەردەکەیان لە جاران جیاوازە، بێگومان من لێرەدا بەهیچ شێوەیەک نامەوێت هانی ئەوە بدەم گەنجان وەک ئەوروپا بژین و بە رای من زەواج ئەزموونێکی پیرۆز و گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا و پێویستە هەموو مرۆڤێک ئەو ئەزموونە تاقی بکاتەوە.
کچی ئێستا بە ژیانێکی کەمتر لەوەی تێیدا ژیاوە رازیی نابێت، بۆیە لە چەند ساڵی داهاتوودا نەوەیەک پەیدا دەبێت، بەشێکی زۆریان زەواجیان نەکردووە
ئەوەی گرنگە و دەمەوێت لێرەدا بیخەمە روو ئەوەیە، ساڵانێک دێت نەوەیەک پەیدا دەبێت بەشێکی زۆری نەشووی کردووە و نەژنی هێناوە و ئەوە واقیعێکە و لە داهاتوودا روودەدات، بەڵام دەبینین سیستم و دیزاینی ئەو شوێنی نیشتەجێ بوونانەی دروست دەکرێن و ئەو باڵەخانانەی رۆژانە بەرز دەکرێنەوە، دەگمەنە لە دیزاینیاندا حیسابی ئەوەی بۆ کرابێت مرۆڤێکی تەنیای تێدا بژی، زۆر کەمە سیتییەک هەبێت لە رووی نرخ و قەبارە و خزمەتگوزارییەوە گونجاو بێت بۆئەوەی کچێک یان کوڕێکی تەنیای تێدا بژی، تائێستا ئەو کۆمەڵگەی نێشتەجێ بوونانەی لەم وڵاتەدا دروست دەکرێن زیاتر بۆ خێزانە.
دواجار جگە لە چارەسەری کۆمەڵایەتی ئەو دیاردەیە کە ئەوە بۆ گۆشەیەکی دیکە هەڵدەگرم، وا باشترە لە ئێستاوە چارەسەر بۆ کێشەیەک بدۆزینەوە، رەنگە لە 10 ساڵی داهاتوودا ببێتە دیاردەیەکی بەرفراوان و لەبری ئەوەی کچەکانمان بە زۆر بخەینە چوارچێوەی پرۆسەیەکی هاوسەریی شکستخواردووە وە، ژیانێکی ئاسان و سەلامەتیان بۆ زامن بکەین.