جیهان دوای 23 ساڵ لە 11ی سێپتەمبەر

10:29 - 2024-09-18
ئارام عه‌لی عه‌زیز
343 خوێندراوەتەوە

11ی سێپتەمبەر و لێكەوتەكانی، لاوازبوونی ئەمریكا لە چارەسەری هەموو گرفتەکانی عیراق و شکستی لە ئەفغانستان، باڵادەستیی ئەمریكای لاواز كرد و سیستمی تاكجەمسەریی بەرەو هەڵوەشانەوە برد و رێگای خۆشكرد بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێزی جیهانیی و هەنگاونان بەرەو سەرهەڵدانی نەزمێكی نوێی فرەجەمسەری. 
دوای جەنگی ئۆكرانیا و حەوتی ئۆكتۆبەر لە زۆر شوێن باسوخواس گەرمە سەبارەت بەوەی ئەو سەردەمەی كە ئەمریكا وەك تاك جەمسەر و بەهێزترین زلهێز تێیدا زاڵبوو بەسەر جیهاندا، كۆتایی هاتووە و ئێستا جیهان هەنگاو بەرەو فرە جەمسەریی دەنێت. 
لەو بارەیەوە بیرۆكەی جیاواز دەخرێنەڕوو: ئەو وڵاتەی كە زۆر باسی فرە جەمسەریی تێدا دەكرێت، روسیایە، بەڵام تیۆری سیاسیی چوارەمیش كە تیۆری ئۆراسیای روسیایە، مرۆڤی لەو عەدەمییەتە پێ رزگار ناكرێت بەوەی كە لیبرالیزم هێناوێتییە ئاراوە، چونكە ئەو مقەوماتە تیۆریی و ئایدیۆلۆژیی و جیۆپۆلەتیكی و مێژووییە پێویستەی نییە. 
 بیرۆكەیەكی دیكەی فرە جەمسەری لەلایەن ئەو وڵاتانەوە دەخرێتەڕوو كە هیوادارن جێگەیان لەسەر مێزی فرە جەمسەریی زلهێزیدا هەبێت، وەك بەشێك لە رێكخستنەوەی جیهان، ئەوانیش هیندستان، توركیا، بەرازیل و ئێرانن. 
دوای حەوتی ئۆكتۆبەریش بیرۆكەیەكی دیكەی فرەجەمسەریی، خەریكە لە بووژانەوەی شارستانیی ناوەڕاستی خۆرهەڵاتدا خۆی بەرجەستە دەكات، وەكو هێزێكی خاوەن قووڵایی مێژوویی و شارستانی كە چەقەكەی كوردستان و عیراقی دێرینە، تیۆرییەكەشی، تیۆری بووژانەوەی شارستانییە، كە مقەوماتی پێویستی چارەسەركردنی كێشەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی هەیە و بەهۆیەوە ئاشتیی و سەقامگیریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە دەرگای بەدیهێنانی ئاشتیی و سەقامگیریی جیهانییە بەدی دێت. 
 وڵاتانی ئەوروپا و ژاپۆن بەهۆی ملكەچییان بۆ ئەمریكا و نەبوونی هێزی سەربازیی پێویست، لەبەر كێشە ئابوورییەكانیان ناتوانن ببنە بەشێكی سەرەكی لەو سیستمە.
 لەو بارەیەوە سەرۆكی ئەركانی سوپای فەرەنسا جەنەراڵ تییری بوركار پێی وایە خۆرئاوا رووبەڕووی كاتێكی سەخت دەبێتەوە، كە تیایدا سیستمی جیهانی بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات و مۆدێلی خۆرئاوایش لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا رەتدەكرێتەوە و جیهان بەرەو سەردەم و سیستمێكی نوێ هەنگاو دەنێت، كە تیایدا پەنابردنە بەر توندوتیژیی و بەكارهێنانی هێزی سەربازیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكان بۆتە كارێكی ناچاریی. 
پێشتریش ئەمانۆئیل تود مێژووناس و ئەنترۆپۆلۆجیستی ناوداری فەرەنسایی لە دوو  كتبێیدا بە ناوی «شكانی خۆرئاوا» و  «پۆست ئیمپراتۆریەت» دا، باسی  هەڵوەشانەوەی سیستمی خۆرئاوایی و پووكانەوەی سەركردایەتیی ئەمریكای بۆ جیهان كردبوو. 
دوای 23 ساڵ لە 11ی سێپتەمبەر، سیستمی جیهانی و ئیقلیمی هەڵوەشاونەتەوە و لە كەسایەتیی جەنگی ئۆكرانیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا كە خەریكە جەنگی سێیەمی جیهانی لێدەكەوێتەوە، جیهان ژانی لەدایكبوونی سیستمێكی دیكە بەخۆوە دەبینێت، كە پێدەچێت سێ جەمسەری بێت، كە ئەوانیش جەمسەری ناوەڕاستی خۆرهەڵات و روسیا و چین دەبن و پێشدەچێت مۆدێلی سیستمەکەی ئەمریكا و خۆرئاواش روو لە کۆتایی بێت.

وتارەکانی نوسەر