نۆرەی کێیە؟

09:55 - 2024-12-04
ئارام عه‌لی عه‌زیز
82 خوێندراوەتەوە

ئارام عه‌لی عه‌زیز

 

هاوكات لەگەڵ هەڕەشەی نەتانیاهۆ لە بەشار ئەسەد « یاری بە ئاگر دەكات» لە كاتی راگەیاندنی ئاگربەستی لوبناندا، بەرەی نوسرە ئاگربەستی شكاند و هێرشێكی كتوپڕی كردە سەر ریفی حەلەب و ئیدلیب. ئەمەش چەندین پرسیاری لە ناوەندە جیاجیاكاندا ورووژاند سەبارەت بەوەی، كە ئایا ئەم هێرشە درێژكراوەی جەنگی غەززەو لوبنان و كردنەوەی بەرەیەكی دیكەی ئیسرائیلە دژ بە بەرەی بەناو مقاوەمە لە سوریا، یان تەنها رێكەوتێكە؟
هەرچەندە بە پێی زانیارییەكان  هەیئەی تەحریری  شام، كە پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و بە پێی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بریندارەكانیان لە بەرەی جۆلان لە نەخۆشخانەكانی ئیسرائیلدا چارەسەر دەكران، بەڵام هێرشەكەیان بۆ سەر ریفی حەلەب و ئیدلیب، زیاتر لە ئیسرائیل، پەیوەندیی بە توركیاوە هەیە، چونكە هاوسنوورە لەگەڵ توركیا و ئەم گروپانە لەلایەن توركیاوە پشتیوانیی و هاوكاریی دەكرێن، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە كە: ئایا توركیا گڵۆپی سەوزی ئەمریكی بۆ هەڵكراوە بۆ پاڵنانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ گوشارخستنە سەر بەشار ئەسەد و كەمكردنەوەی كاریگەری ئێران لە سوریا، وەك بەشێك لە رێكخستنەوەی ناوچەكە لە ژێر رۆشنایی شەڕەكانی لوبنان و فەلەستیندا؟ یان ئەوە توركیا بوو كە هەستی كرد ئێستا كەش و هەوا لەبارە بۆ جووڵاندنی كارتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بۆیە دەستپێشخەری كرد بۆ ئیستغلالكردنی؟ 
هەر چۆنێك بێت، ئەو پەلامارەی گروپە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سوریا بۆ سەر حەلەب و ئیدلیب لەم كات و ساتەی ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئاماژەی كۆتاییهاتنی قۆناغی لیكتێگەیشتن و هەڵوەشانەوەی رێككەوتننامە ئاشكراو نهێنییەكانی  نێوان دەوڵەتان و لایەنە جیاجیاكانی سەر گۆڕەپانی سوریا و سەرەتای دەستپێكردنەوەی قۆناغێكی دیكەی شەڕ و پێكدادانی راستەوخۆ و بە وەكالەتی نێوان دەوڵەت و لایەنە جیاجیاكانە. 
بە پێی پێدراوەكان، چاوەڕوان دەكرێت دوای سیانزە ساڵ لە هەڵگیرسانی شۆڕشی سوریا،  قۆناغی ئەمجارەی شەڕ و پێكدادان لە سەرزەمینی شام بە حوكمی لێكەوتەكانی حەوتی ئۆكتۆبەر و هەڕەشە وجودییەكانی سەر ئیسرائیل یەكلاییكەرەوە بێت
لەو رووەوە دوور نییە، پەلاماری كتوپڕی  هەیئەی تەحریری شام بۆ سەر ئیدلیب و حەلەب پلانی ئیسرائیل و ئەمریكا بێت بۆ رووخاندنی دەسەڵات بەشار ئەسەد «پاشماوەی بەعس» و دواتریش دابەشكردنی سوریا بە چڕوپڕی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەكو هەنگاوێكی سەرەكی دامەزراندنی ئیسرائیلی گەورە.
لە راستیدا ئەو پەلامارە كتوپڕەی بەرەی نوسرە، نیشانە و ئارایشی تەواوبوونی سەرجەم ئامادەكارییەكانە بۆ شەڕی دەستبەسەرداگرتنی جەزیرەی بادیە، ئەو ناوچەیەی كە عیراق بە سوریاوە دەبەستێتەوە لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە.
بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا روسیا رۆڵ و بەشی لەم پلانەدا چیە؟ ئایا توركیا بە بێ‌ بەش بەم پلانە رازی دەبێت؟ ئایا هەڵوێستی ئێران و عیراق چی دەبێت؟ ئایا وەكو ئەمریكا و ئیسرائیل نەخشەیان بۆ كێشاوە ئەم پلانە سەر دەگرێت؟ ئایا ئەم پلانە جەنگی ئێستای ناوچەكە ناكات بەجەنگێكی گەورەتر؟ لە هەمووی گرنگتر، فاكتەرە مێژوویی و شارستانییەكان لە كوێی ئەم نەخشە و پلانەدان و رۆڵیان چی دەبێت؟

وتارەکانی نوسەر