داڕشتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

10:26 - 2024-12-11
ئارام عه‌لی عه‌زیز
178 خوێندراوەتەوە

ئەو شەڕ و پێكدادانانەی كە ئەمڕۆ لە ناوچەكەدا دەبینرێن، جەنگی ئیسرائیل دژ بە حەماس و حزبوڵڵا، دەستگرتنی هەیئەی تەحریری شام بە سەر حەلەب و ئیدلیب و رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد یان جەنگی توركیا و پەكەكە،  چیتر لە چەمكی «بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر»دا  بە مانا تەسك و تەقلیدییەكەی سنووردار نین، بەڵكو جۆرە ململانێ و پێكدادانێكن، كەوتونەتە چوارچێوەی شەڕ و ململانێیەكی گەورەتری،  داڕشتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریكا و بەریتانیا ئەمڕۆ لە ناوچەكەدا جێبەجێی دەكات و توركیا و ئیرانیش تیایدا هەوڵی وەرچەرخاندنی مەترسیی و هەڕەشەكان بە دەرفەت دەزانن بۆ بەدیهێنانی ئەجێنداكانیان.  
لە قۆناغێكدا كە هەرێمی كوردستان بە نەدانی مووچە و شتی بێ ماناوە سەرقاڵ كراوە، داوا لە مرۆڤە خۆ بە بەرپرس زانەكان دەكەین، خۆیان بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەو جەنگە گەورەیە ئامادە بكەن، كە خەریكە لە هەرێمەكەمان نزیك دەبێتەوە، داوا لە هەموان دەكەین روبەڕووی ئەو كەسە خۆبەزلزانانە ببنەوە، كە دەسەڵاتی سەروو بە دروشمی پووچەوە بەكاردەهێنن لەم كات و ساتە هەستیارەدا، بۆ بێهۆش كردنی میللەت، داواتان لێدەكەین زیاتر لەمە ئەم گەلە ستەم دیدەیە بە لاڕێدا مەبەن، برسییان مەكەن، چونكە گەورەترین سەرمایەتان میللەتەكەمانە «ئەگەر نایزانن»، كە تا ئەمڕۆ سەرمایەگوزاری لە خۆیی و لە خاك و نیشتیمانەكەیدا دەكەن.
زوو یان درەنگ دوای كەوتنی دیمەشق ئەو جەنگە دەگاتە رۆژئاوای كوردستان و دەپەڕێتەوە بۆ شارەكانیشمان،  بۆ موسڵ و كەركوك،  تەنانەت هەموو عیراقیش دەگرێتەوە، لەوانەیە بۆ ماوەیەكی كورت دوابخرێت، بەڵام هەتاسەر رێگری لێناكرێت، چونكە لە لایەك  گێژەنێكی مێژووكردەو هەموو ناوچەكە دەگرێتەوە، لە لایەكی دیكەیش هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگی هەیە لە رووی جیۆپۆلیتیكیی وزەو جیۆپۆلیتیكی ئایینی و شارستانییەوەو هەموو لایەك چاوی تێ بڕیوە.
لەبەرئەوە ئەمڕۆ گەلەكەمان لەبەردەم مەترسیی قەتلوعام و هەرێمەكەشمان لە بەردەم مەترسیی داگیركاریدایە، دووبارەبوونەوەی نمونەی قەتلوعامی غەززە لە هەرێم و لە عیراقیشدا بە دوور نازانرێت، بە تایبەت كە هەمان شێوازی كۆمەڵكوژی لە لوبنانیش لەسەر دەستی نەتانیاهۆ دووبارە بووەوە، چونكە ئەمە شێواز و كاردانەوەی سیستەمی كۆلۆنیالیستی و داگیركارانە،  لە بەرامبەر ئەو هەڕەشە وجوودیەی ئەو گێژەنە مێژووییە روبەڕووی كردوونەتەوە لە ناوچەكەدا.
ئەمڕۆ لە ئەوروپا وەكو ئەگەرێكی گەورەبوونی جەنگی ئۆكرانیا، خەڵكی مەدەنی پەروەردە دەكرێن بۆ ئەوەی خۆیان بۆ كارەساتەكان ئامادە بكەن، كتێبی رێنمایی لە سوید دابەش دەكەن، پەناگەی ژێر زەوی دروست دەكەن، تەنانەت حەپی یۆد لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن بۆ ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی.
لەو رووەوە حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان، پێویستە بە هەماهەنگی یەكتر خۆیان بۆ روبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەر و پێشهاتێك ئامادەبكەن لە رووی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و  دەستەبەركردنی خۆراك و تەندروستیی و كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕەكان. ئەگەر ئەوانیش نەیكەن، ئەوە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پێویستە خۆیان مشوری پەیداكردنی شوێنی مانەوەو دابینكردنی خۆراكی پێویست بخۆن، بۆ ترساندنم نییە، بۆ ئامادەكاریمە. 

وتارەکانی نوسەر