رۆشنبیریی هەڵبژاردن

سزاکانی هەڵبژاردن بۆ؟

11:08 - 2024-09-23
نەوزاد ساڵح
285 خوێندراوەتەوە

- 5 -
بەئەنجام گەیاندنی  دەنگدان و هەڵبژاردن چەند گرنگ و بایەخداربن، هێندەش رۆشنبیریی هەڵبژاردن و بەرچاوڕوونی بۆ ئەم پرۆسانە گرنگن، یەکێک لەو بابەتانەی کە کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەکاتی بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەکاندا پەیڕوی دەکەن (سزای سەرپێچیکاران)ە، لەسەر پارت و قەوارە سیاسییەکان و بەربژێرەکان، ئەمەش دوای بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ماددەی یاسایی و رێنمایی و رێساکانی کۆمسیون بۆ ئەوەی بکەرەکانی هەڵبژاردن دووربن لە ئاستەنگ و وەرگرتنی ئەم سزایانەو پرۆسەکە لەکەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت ئیتر سزاکان ئاگادارکردنەوە و مادی و مەعنەوین.

سەرپێچیەکان لە سۆشیال میدیا
 کۆمسیون بەهۆکاری دەستپێکردنی بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە، واتە پێش وادەی راگەیاندنی بانگەشەی فەرمی کۆمسیون، لیستی ناوی ژمارەیەک بەربژێری پارتە سیاسییەکانی لەسەر ئەم پرسە بڵاوکردەوە و  ئاگادارکردەوە، کە پێویستە سەرپێچیەکانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فیسبوک و تۆڕەکانی سۆشیال میدیا لابەرن، چونکە وادەی بانگەشە بەفەرمی رانەگەیەنراوەو بەپێچەوانەوە ئەم ئاگادارکردنەوەیە دەبێتە سزای مادی.

بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردن
بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەشێکی سەرەکی پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەو کۆمسیون پەیڕەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ژمارە (2)ی ساڵی 2024ی بڵاوکردەوەو ئۆفیسی پارێزگاکانی هەرێمی لێ ئاگادارکردوەتەوە، کە پاڵپشت بە بڕگەی (8)ی مادەی (10)ی یاسای کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ژمارە (31)ی ساڵی 2019 و یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان-عیراق  ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، کە ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی (21) ماددەدا بڕیاریان لەسەر داوە، کە تایبەتن بەبەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیەو جەخت دەکەنەوە، کە بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردن، کۆمەڵە ئامراز و چالاکییەکی رەواو رێگەپێدراون لەلایەن پارت و هاوپەیمانیەتییە سیاسییەکان و بەربژێرەکانەوە دەخرێنەگەڕ، بەئامانجی دانانی کاریگەریی لەسەر دەنگدەران بۆ بەستهێنانی متمانەیان و مسۆگەرکردنی دەنگەکانیان، هەروەها لە ماددەیەکی تری ئەم پەیڕەوەدا، هاتووە کە رێساکانی رەفتارکردن، کۆمەڵێک سنووربەندی و دیسپلینن، کە کۆمسیۆن دایناوە بۆ ئەوەی پارت و هاوپەیمانیەتییە سیاسییەکان و بەربژێرەکان پابەندبن پێیانەوەو تووشی ئاستەنگ نەبن، کە هەموو ئەمانەش لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی شارستانییانە و بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی ئارام ودیموکرات و سەرکەوتوو، بەو هیوایەی کە ئەم پرۆسەیە قۆناغێکی نوێ بێت لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بۆ هەرێمی کوردستان.
بەرەو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو...

*راوێژکاری هەڵبژاردن

وتارەکانی نوسەر