1 - یەکەم بارانی کۆتایی هاوین و سەرەتای پاییز باری. ئەوەش پیرۆزانەی رازانەوەی کوردستانە جوانەکەمان زیاتر دەکات و تاکو وەرزی سەرما دێت گەشتیاران رادەکێشێت بۆ ئاووهەوا سازگارەکەی وڵاتی کوردان.
2 - ئامرازەکانی راکێشانی گەشتیار زۆرن، لەوانەش هونەری مامەڵەی گشتی و تایبەتی کاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر دووبارە هاتنەوەی گەشتیار و راکێشانی خەڵکانی تریش بۆ سەردانی کوردستان. بەڵام هۆکاری تریش زۆرن بۆ رەنجاندنی گەشتیار لە رێگەی مامەڵەی نەشیاو و نەگونجاوی گشتی و تایبەتییەوە، لەوانەش بەکەمگرتنی گرنگیی گەشتیاریی، بەپیرەوەنەهاتنی جەماوەریی، مامەڵەی نەشیاو و کەموکوڕیی فرۆشیار و شوێنە گەشتیارییەکان، قورسکردن و لەسنووردەرکردنی ئەمنییەتی پێشوازیی لە بازگەکان، تانە و توانج وەشاندن لە گەشتیار بەهۆی رەنگ و دەنگ و زمان و پۆشاکی و زۆر هۆکاری ترەوە.
کاتێک گەشتیار دێتە ناوچەکانمان حەز ناکات هیچ هۆکارێک کاریگەریی سلبی بکاتە سەر کەشوهەوای سەیران و گەشتەکەی، بەڵام کتوپڕ سواڵکەرێکی لێ پەیدا دەبێت و کەشەکەی لێ تێک دەدات
3 - یەکێک لە هۆکارە دزێوەکانی ساردکردنەوەی گەشتیار سواڵکەری گەشتیارییە. کاتێک گەشتیار دێتە ناوچەکانمان هەست بە ئاسوودەیی روح و دەروون دەکات، حەز ناکات هیچ هۆکارێک کاریگەریی سلبی بکاتە سەر کەشوهەوای سەیران و گەشتەکەی، بەڵام کتوپڕ ژنێک و منداڵێکی ناتەواو یان پیاوێکی پیر و کەسانی تر لەگەڵیدا یان کچێکی گەنج، یان کەسێکی پەککەوتە دێتە سەر سفرەی خوان و کۆڕی خۆشی و سەیرانی گەشتیار و داوای پارە و پاروو دەکات و خۆشییەکە لە گەشتیار تێک ئەدات.. ئەمە بووەتە دیاردە و لە هەموو شوێنە گەشتیارییەکان و بگرە لە ناو چێشتخانەکانیش رۆژانە دەبینرێن، ئەوە کاریگەریی دەروونی و روحیی زۆر خراپ دەکاتە سەر گەشتیار.
بۆیە لایەنە بەرپرسەکان کە لە پارێزگارییکردنی سەر و ماڵ و روحی گەشتیاران و هاووڵاتیان بەرپرسن، لەم بوارەشدا بەرپرس دەبن لە رێگرتن لەو جۆرەی سواڵکردن و پێویستە سزای قورسیش دابنێن بۆ سواڵکەری گەشتیاری..