بە پێی پێناسەی عیراقی بۆ پرۆژەی بچووک، ئەو پرۆژانەن کە لە (1-9) کرێکار و کارمەند بەگەڕ دەخەن لە پرۆژەکانیاندا. پرۆژە مامناوەندەکانیش ئەوانەن کە لە (10-29) کارمەند و کرێکار بەگەڕ دەخەن .
پرۆژەی بچووک زیاتر ئەو پرۆژانەن کە لەلایەن یەک کەسەوە بەڕێوە دەبرێن و زۆر جاریش هەر خاوەنی پرۆژە خۆی بەڕێوەبەرە و هەندێ جاریش پرۆژەکان لە سەر بنەمای دووخاوەنیی یان زیاتر بە شێوەی هاوپشکیی دادەمەزرێن..
لە دنیادا ژمارەی پرۆژە بچووکەکان رێژەیەکی بەرز لە کۆی پرۆژەکانی وڵات داگیر دەکەن. هەر بۆ نموونە لە ئەمریکا رێژەی %97ی کۆی پرۆژەکان و %55ی کۆی هەلی کار داگیردەکەن.هەروەها لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیادا پرۆژە بچووکەکان بە رێژەی %40 بۆ %50ی سەرجەم بەروبومی خۆماڵی لە کۆی ئابووریی وڵاتاندا داگیر دەکەن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە گرنگییەوە کار لەسەر پشتیوانیکردنی مادیی و دارایی و ئیداریی و لۆجستیی و ئاسانکردنی وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندنی پرۆژەی بچووک دەکات
هۆکاری سەرنەکەوتنی پرۆژەکان
لە هەرێمی کوردستاندا پرۆژە بچووکەکان بە ئاسانی لەسەر پێی خۆیان ناوەستن بۆیە زۆربەیان لە ساڵی یەکەم و دووەمی دامەزراندنیاندا تێک دەشکێن و بە ئاسانی دروست نابنەوە. هۆکارەکانی سەرنەکەوتنیشیان زۆرن، لەوانە:
ــ نەبوونی دامودەزگایەکی بەرپرسیار لە پشتیوانی و مۆڵەتپێدانی بێکێشە بە خاوەن بیرۆکەکانی پرۆژەی بچووک.
ــ نەبوونی بانک و دەزگایەکی دارایی رەسمی، حکومی و کەرتی تایبەت، تەرخانکراو بە پێدانی قەرز بە پرۆژەی بچووک.
ــ یاسای ژمارە دووی ساڵی 2011 ی پارلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە پێدانی قەرز بە گەنجان بۆ دامەزراندنی پرۆژەی بچووک لەکار خراوە و ئەوەندەی کاریشی پێکرا نەیتوانی خۆی لە رۆتینی تاقەتپڕووکێن و بێزارکەر رزگار بکات لە کاتی پێدانی قەرزدا و بڕی قەرزە خەرجکراوەکانیش زۆر کەم و کەمبایەخ بوون، بە جۆرێک قەرز هەبووە تەنها دوو ملیۆن دینار دراوە بە گەنجی داواکار.
ــ نەبوونی هاوکاری دارایی و ئیداری حکومی جێگیرکراو بۆ خاوەن بیرۆکەکانی پرۆژەی بچووک.
ــ کێشەی کەمیی شارەزایی خاوەن پرۆژەی بچووک لە بەڕێوەبردن و هونەری مامەڵە و بێپلانیی و هەڵسەنگاندن و دیراسەکردنی ناتەواو و هەڵە سەبارەت بە جۆری بەبازاڕکردن و شوێنی پرۆژەکە و سروشتی کۆمەڵایەتی شار و گەڕەک و شارەگوندەکان و زۆر هۆکاری تریش..
یەکێتی کاری جددی بۆ دەکات
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی گشتیی تۆمارکراوی خۆیدا بە روونی ئاماژەی بە پێویستبوونی پشتیوانیکردنی پرۆژە بچووکەکان داوە و بە گرنگییەوە باسی لەوە کردووە کە پرۆژە بچووکەکان فاکتەری ئابووریی زۆر گرنگن، کە دەکرێت لە بوارەکانی پێشەسازی و کشتوکاڵ و بازرگانی و گەشتیاری و خزمەتگوزارییەکانی تردا رۆڵی زۆر کاریگەر بگێڕن لە رەخساندنی هەلی کار و سنووردارکردنی بێکاری و هەژاری.هەر بۆیەشە لە قۆناغی نوێی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و بگرە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە گرنگییەوە کار لەسەر پشتیوانیکردنی مادیی و دارایی و ئیداریی و لۆجستیی و ئاسانکردنی وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندنی پرۆژەی بچووک دەکات.