توركیا لە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا

10:37 - 2024-09-25
ئارام عه‌لی عه‌زیز
367 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە هەوڵەكانی ئەنقەرە بۆ بوون بە ئەندامی كۆمەڵەی برێكس لەوانەیە وەكو هەوڵێكی پاراستنی هاوسەنگی لە كێبڕكێی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا لێكبدرێتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا بەهەنگاوێكی ستراتیجی دادەنرێت لە چوارچێوەی دیدگای «سەدەی توركیا»دا  كە ئەو كێبڕكێیە وەكو دەرفەتێك بۆی هێناونەتە ئاراوە. 

ئامانجی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی توركیا دامەزراندنی پەیوەندییەكی بەهێزە لە سەرانسەری جیهانێكی فرە جەمسەریدا


ئەنقەرە پێیوایە كە چیتر سەنتەری جیۆپۆلەتیكی جیهانی لەژێر رۆشنایی سەرهەڵدانی ئابووریی خۆرهەڵاتدا بەدەوری خۆرئاوادا ناسوڕێتەوە. بۆیە چوونە ناو گروپی بریكس توانای توركیا بۆ سوود وەرگرتن لە گۆڕانكارییە جیهانیی و ئیقلیمییەكان و رۆڵی لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەرزدەكاتەوە.
ئەردۆغان  پێیوایە، توركیا دەتوانێت ببێتە وڵاتێكی بەهێز و كاریگەر ئەگەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ خۆرهەڵات و خۆرئاوادا لە یەك كاتدا پەرە پێبدات، تەئكیدیشی كردۆتەوە هەر رێگایەكی دیكە، جگە لەمە سوودی بۆ توركیا نابێت، بەڵكو زیانی پێدەگەیەنێت و لە دەرەوەی هاوكێشەكە جێی دەهێڵێت، ئەردۆغان تۆمەتەكانی «گۆڕانكاری ئاراستە» بەبێ بنەما وەسف دەكات و دەڵێ: ئەوەی توركیا ئێستا دەیكات خۆگونجاندنە لەگەڵ «ناوەندەكانی دەسەڵات»ی  نوێدا.
«BRICS» گروپێكە كە لە ساڵی 2006 لەلایەن روسیا و چین و بەرازیل و هیندستانەوە دامەزراوە، پێش ئەوەی ئەفریقای باشوور پەیوەندییان پێوە بكات و، ناوەكەی یەكەم پیتی ناوی ئەو وڵاتانەیە بە زمانی ئینگلیزی. ئەم گروپە دواتر، دوای ئەوەی میسر، ئەسیوپیا، ئێران و ئیمارات بوون بە ئەندام تیایدا فراوانتر بوو.
«BRICS»، ئامانجی بەرهەمهێنانی گوتارێكی نوێیە سەبارەت بە سیستەمێكی جیهانی دادپەروەر و فرەجەمسەر و دژی قۆرخكاریی  بانكیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتییە.
ئەوەی تائێستا دەبینرێت،  ئامانجی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی توركیا دامەزراندنی پەیوەندییەكی بەهێزە لە سەرانسەری جیهانێكی فرە جەمسەریدا لە تەك پاراستنی پابەندبوونەكانی ئەم ووڵاتە وەك ئەندامێكی سەرەكی ناتۆ. 
ئیمزاكردنی چەندین رێككەوتننامەو یاداشتننامەی جیاجیای سیاسیی و ئابووریی و ئەمنی نێوان عیراق و توركیاو، ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی توركیا لەگەڵ میسر و سەردانی سیسی بۆ ئەنقەرەو ئیمزاكردنی حەڤدە یاداشتننامەی لێكگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات و هەماهەنگیی كردنی یەكتر لە مەسەلەی غەززەو  لێكگەیشتن  لە مەسەلەی سودان و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و سوریاش كە ماوەیەكە كاری لەسەر دەكرێت هێنانەكایەی زەمینەی سیاسیی و دیپلۆماسیی گونجاو و مەرجی پێویستە بۆ جێەجێكردنی دیدگای «سەدەی توركیا» لەو رەوشە هەستیارو گۆڕاوەی ناوچەكەی گرتۆتەوە، كە توركیا مەترسی گۆڕینی سنووری لێدەكات، بەهۆی جەنگێكی ئیقلیمیەوە كە خەریكە ئیسرائیل  لە ناوچەكەدا هەڵیدەگیرسێنێت، كە بە حوكمی چەندین فاكتەری جیۆپۆلیتیكی دژ دێتەوە لەگەڵ دیدگای سەدەی توركیا، كە ئێستا ناڕاستەوخۆ لە چەندین گۆڕەپاندا دووچاری روبەڕوبوونەوەی ناڕاستەوخۆی كردۆتەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكادا و دوور نییە لە داهاتوشدا دووچاری روبەڕوبوونەوەی راستەوخۆی ئەمری واقعی بكاتەوە لەگەڵ خۆرئاوا سەرەڕای ئەندامێتی لە ناتۆ، بە تایبەت دوای پەلاماری توركیا بۆ سەر لوبنان.

وتارەکانی نوسەر