بەدەر لە کورسی

ویست و ئامانجی ی.ن.ک لەم هەڵبژاردنەدا

09:49 - 2024-10-06
نیاز سەعید عەلی
836 خوێندراوەتەوە


هەر هێزێکی سیاسیی بەشداربووی ناو پرۆسەی هەڵبژاردن، بێجگە لە هەوڵ و تێکۆشان، بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لە هەڵبژاردن و مسۆگەرکردنی زۆرترین کورسی، هاوکات خاوەنی چەندین ویست و ئامانجی تری سیاسی و تایبەتە.
ئەمانەش لە هێزێکی سیاسییەوە بۆ هێزێکی تر دەگۆڕێت، ویست و ئامانجی سیاسیی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا، بریتیە لەگۆڕینی هاوسەنگیی هێز، لەناو پرۆسەی سیاسی و راستکردنەوەی رەوتی فەرمانڕەوایی و رزگارکردنی پەرلەمان و ناوەند و دەسەڵاتی بڕیار و جومگە گرنگەکان، لە قۆرخکاری و دەسەڵاتی تاکڕەویی پ.د.ک . 

شکست و هەستانەوە لە مێژووی ی.ن.ک دا
یەکێتی لە مێژووی خۆیدا بە چوار شکستی سەربازیی کاتیی گەورە و چەندین جیابوونەوەی ناوخۆیدا تێپەڕیوە، هەر یەکێکیان بەگوێرەی هەلومەرجی قۆناغەکە، کاریگەرییان هەبووە لەسەر گۆڕینی هاوسەنگیی هێز،،بە زیان و دژی یەکێتی.
شکستە سەربازییەکان بریتین لە کارەساتی هەکاری 1978،ئەنفالەکان 1988، کۆڕەو 1991، 31ی ئابی 1996 جیابوونەوە کاریگەرەکانیش، پێکهاتوون لە جیابوونەوەی بزووتنەوەی سۆشیالیست 1979، ئاڵای شۆڕش 1985، بزووتنەوەی گۆڕان 2009 و هەندێک وردە لێکترازانی تر.
خەسڵەتێکی نەگۆڕی یەکێتی لەمێژووی خۆیدا، بریتی بووە لەچۆک دانەدان و تەسلیم نەبوون لەبەردەم هیچ رووداو و بارودۆخێکی سیاسی و سەربازیی سەخت و دژواردا کە مەترسی ئەوەی لێکرابێت لەڕووی هاوسەنگیی هێز و رۆڵ و کاریگەرییەوە، ببێتە هۆی لاوازبوون و پەراوێزکەوتنی یەکێتی، بەڵکو بە ورە و ئیرادەی بەرز و گیانی بەرەنگاریی پتەوەوە، خۆی راگرتووە و رووبەڕوویان بۆتەوە.
 یەکێتی نەیهێشتووە ئەو شکست و جیابوونەوانە، ببنە هۆی بچووکبوونەوەی لە گۆڕەپانەکەدا، بەڵکو بەگوێرەی هەلومەرج و زەمینەی قۆناغەکە، تێکۆشاوە بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ریزەکان و داڕشتنی پلان و هەنگاوی نوێ، بۆ هەڵکشان و بەهێزکردنەوەی دووانەی رێکخستن و هێزی پێشمەرگە.
بە تێپەڕاندنی زۆرینەی ئەو شکستانە و هەنگاونان بەرەو وەرچەرخان، بۆ قۆناغی بووژانەوە و گەشەکردن، یەکێتی لە مێژووی خۆیدا، چەندین قۆناغی جیاجیای بەهێزبوونی لەڕووی جەماوەری، سیاسی، ئایدیۆلۆژی، سەربازی بینیوە و لەدەرەنجامدا پێی بۆتە جڵەوگیری شۆڕشی نوێ و ناوەندی بڕیار و چەقی هاوسەنگیی هێز لە کوردستاندا.
هاوکات بۆتە نەخشێنەر و ئاراستەکەر و خوڵقێنەر و بزوێنەری سەرەکیی رووداو و پێشهات و وەرچەرخان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە کوردستاندا.

لەدەستدانی هاوسەنگیی هێز لەپێناوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی
لەدوای پرۆسەی رزگاریی عیراق 2003، یەکێتی و هێزە سیاسییەکانی تر، چوونە ناو قۆناغێکی تازەی کاری سیاسیی جیاوازتر لە قۆناغی پێشووتر و کەوتە ژێر کاریگەریی دەرەنجام و لێکەوتەکانی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عیراق.
هەلومەرجی قۆناغەکە وای دەخواست بۆ دانەبڕان  و دوانەکەوتن، لە زنجیرە گۆڕانکارییە ریشەیی و هەمەچەشن و خێراکان لە عیراق، یەکێتی هاوتەریبانە ئاراستەی سیاسیی خۆی لەگەڵ ئەو رەوش و بارودۆخە تازەیەدا بگونجێنێت، بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی کاریگەری بەشدار، لەناو پرۆسەی سیاسی و سیستمی فەرمانڕەوایی عیراقی نوێدا.
یەکێتی پێیوابوو، نەتەوەی کورد لە عیراقی نوێدا، دەبێت ئامادەییەکی بەهێزی لە بەغدا هەبێت، تاکو لە داواکارێکی مافی نەتەوەیی  لە کوردستانەوە، ببێت بە بەشدارێکی کارای سەرەکی لەناو ناوەندەکانی بڕیار و سیستمی فەرمانڕەوایی.
لەم رووەوە سەرکردەی نەمر مام جەلال، هەموو توانا و کۆشش و قورسایی و فۆکسی خۆی، بۆ بەڕێوەبردنی شێوازی تازەی خەبات و کاری سیاسی لە بەغدا تەرخانکرد، توانی جێدەستی بنەخشێنێت لە دەستووری تازەی عیراق، کە تێیدا چەندین ماددەی گرنگی بۆ بەرژەوەندیی کورد و هەرێم چەسپێندرا.
 لەلایەکی ترەوە، توانی لەسەر بنەمای پێکهاتن (تەوافوق)ی دیموکراسی، ئەو ناهاوسەنگیە دیمۆگرافییەی نەتەوەی کورد لە عیراقدا بگۆڕێت، بۆ بنەمای شایستەیی دەستووری، ئەویش بە پشتبەستن بە پررنسیپی پێکهاتنی عیراق، لە سێ پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینزایی، ئەمە بەدەر لەچەندین دەستکەوتی تر .
مام جەلال لەو قۆناغەدا، زۆر پێداگریی دەکرد، لەسەر یەکڕیزیی هێزە سیاسییە کوردییەکان بە گشتی و یەکێتی و پارتی بەتایبەتی. پێیوابوو ئەرکی نەتەوەیی سەرەکی هێزە سیاسییە کوردییەکان، ئەوەیە ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوانیان وەلانێن و ببنە خاوەنی یەک ئیرادە و یەک هەڵوێست و یەک ئاراستەی نوێنەرایەتی، بۆ داکۆکیکردن لەماف و داخوازییەکانی کورد لە بەغدا.
لەم سۆنگەیەوە یەکێتی، هەنگاوی گەورەی نا، بۆ رێکخستنەوەی ماڵی سیاسیی کورد، لەم پێناوەدا، چەندین دەستپێشخەریی گەورە و رازیبوون بە داواکاریی تایبەتی پارتی، هەڵویستی نەرمی نواند، بێ لەبەرچاوگرتنی ماف و بەرژەوەندییە تەسک و تایبەتیەکانی خۆی، دیارترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
1- نەرمی نواندن و رازیبوون، لەبەرامبەر چەندین داواکاری و پێداگریی پارتی، لەکاتی گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای ئاشتیی نێوانیان. 
2- بڕیاری یەکگرتنەوەی حکومەتی سلێمانی و هەولێر، کە ئامانجەکەی لەیەکگرتنەوەوە گۆڕا بۆ لەخۆگرتن.
3- واژۆکردنی رێککەوتننامەی ستراتیژیی لە 27-07-2007
4- بەگوێرەی رێککەوتننامەکە، سەرۆکایەتیی حکومەت لەنێوان 2005-2009 دەبوو هەر دوو ساڵ بۆ لایەک بوایە، سەرۆکی پارتی پێداگری کرد، دوو ساڵی یەکەم بۆ ئەوان بێت، مام جەلال رازی بوو، دواتر یەکێتی لە هەنگاوێکی تردا، وەکو نیازپاکی و دەستپێشخەرییەک بۆ بەهێزکردنی تەبایی و گەشەپێدانی متمانە، سەرۆکایەتیی دوو ساڵی دووەمی حکومەت 2007-2009 کە پشکی شایستەیی خۆی بوو، بەخشییە پارتی. 
بەهۆی بڕیاری یەکگرتنەوەی هەردوو حکومەت، کە لەسەر زەمینەی واقیع و بە پراکتیکی دەرکەوت، یەکگرتنەوەیەکی هاوسەنگانە و دادپەروەرانە نەبووە، بەڵکو لەبنەڕەتدا ئەوەی جێبەجێکراوە، زیاتر بریتیبووە لە هەڵوەشانەوە و لەخۆگرتن (ئیحتیوا)ی حکومەتی سلێمانی، لەلایەن حکومەتی هەولێرەوە.
دەتوانین هەڵوەشانەوە و لەخۆگرتنی حکومەتی سلێمانی، بە یەکەم هەنگاو و دەستپێک بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی پارتی، لەپێش بزووتنەوەی گۆڕان هەژمار بکەین.
لەدوای 2009 و دروستبوونی گۆڕان، بەشێوەیەکی ئاشکرا، درک بە تەشەنەسەندنی زیاتر و خێرای دیاردەی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز دەکرا بە زیانی یەکێتی، ئەوەبوو درێژەی کێشا، تا سازدانی ریفراندۆم لە25-09-2017 و هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان 2018.
بەدرێژایی ئەو قۆناغە،  نەک هیچ هەوڵێک نەدرا بۆ راستکردنەوەی هاوسەنگیی هێز، بەڵکو ئاراستەی زاڵ و دەستڕۆیشتووی ئەو سەردەمەی ناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لەلایەک بە شێواز و ئاراستەیەک کاریکرد، بووە هۆی چەمانەوەی زیاتری یەکێتی و لەدەستدانی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و بوون بە پاشکۆی سیاسەتەکانی پارتی و قورسبوونی تای پارتی لەهاوسەنگیی هێزدا. لەلایەکی تریش ئەو ئاراستە زاڵە، دژی هەموو هەنگاو  و پرۆژە و هەوڵێک رادەوەستا و  بەتوندی بەرەنگار دەبووەوە کە دەبووە هۆی گۆڕین و راستکردنەوەی هاوسەنگیی هێز، لە نموونەی رەتکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی رێککەوتننامەی یەکێتی و گۆڕان  لە 2016دا.
پاش لاوازبوونی ئەو ئاراستە دەستڕۆیشتووە و نەمانی رۆڵ و دەسەڵاتی لەناو ناوەندی بڕیاری یەکێتیدا، دەتوانین بڵێین لەساڵی 2019ەوە، مەسەلەی تێکچوون و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی  پارتی لەهەرێمدا، بووە بابەتێکی زیندوو و هەنووکەیی  لەناو ریزەکانی یەکێتیدا.

    هۆکار و فاکتەرەکانی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ بە زیانی (یەکێتی)  

وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد؛ هاوسەنگیی هێز لەنێوان یەکێتی و پارتی، گۆڕانی بەسەرداهات، ئەویش بە بەرژەوەندیی پارتی و بە زیانی یەکێتی؛ ئەو هۆکار و فاکتەرە سەرەکییانەی کە بوونەهۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
1- قۆستنەوەی سیاسەتی نەرم و سوودمەندبوونی تاکلایەنەی پارتی لە دەستپێشخەری و هەنگاوە ئاشتیخوازی و نیازپاکییەکانی یەکێتی، بەشێوەیەکی هەلپەرستانە، کە یەکێتی لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی و دروستکردنەوەی متمانە و پتەوکردنی تەبایی و یەکڕیزیی ماڵی سیاسیی کورد؛ لەبەرامبەر پارتی گرتبوویەبەر، ئەوانیش هەتا توانیان درێغیان نەکرد، لەقۆستنەوەی بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی تەسک و بۆ بەهێزکردن و ئەستوورکردنی باسکی دەسەڵاتی خۆیان؛ بەرەو بەدیهێنانی ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی خۆیان؛ بەتایبەتی لەچۆنیەتیی هەڵبژاردن و جێبەجێکردن و پیادەکردنی خاڵەکانی هەردوو رێککەوتننامەی ئاشتیی واشنتۆن و رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی. 
2- قۆستنەوەی بڕیاری یەکگرتنەوەی هەردوو حکومەتی زۆنی سەوز و زۆنی زەرد؛ لەسەر بنەمای مانەوەی حکومەتی هەولێر و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی سلێمانی، لەبەرامبەر پێدانی دەیان پۆست بە یەکێتی؛ لەناو حکومەتی هەولێر.
لەبنەڕەتدا بڕیاری پرۆسەکە؛ بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو حکومەت بوو، لەسەر بنەمای سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیکەری حکومەت و دابەشکردنەوەی سەرجەم پلە و پۆستەکان؛ بە یەکسانی و بە هاوسەنگی.
بەڵام ئەوەی لەپراکتیکدا جێبەجێکرا؛ بریتیبوو لە مانەوەی حکومەتی زەرد و توانەوەی حکومەتی سەوز لەناویدا؛ لەکاتێکدا یەکێتی دەیتوانی بەدەر لەشایستەیی خۆی، لە پلە و پۆستە باڵاکان؛ چەندین هەزار کادر و هەڤاڵی ئاوارە، لەزۆنی سەوزەوە بە دامەزراویی، لەناو پەیکەری تازەی حکومەت، بەتایبەتی لەناو ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا؛ بگەڕێنێتەوە بۆ هەولێر.
دەتوانین بڵێین؛ یەکەم تێکچوونی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی پارتی و بە زیانی یەکێتی؛ لەپرۆسەی یەکگرتنەوەی حکومەتی هەرێمدا روویدا، تیایدا پارتی بە باڵادەستی و بە زۆرینەی رەها و بە قۆرخکاری؛ لەناو حکومەتی زۆنی زەرددا مایەوە و بە پلان رۆژ لەدوای رۆژ پێگەی یەکێتی، تیادا لاوازتر دەکرد و درێژەی پێداوە تاکو ئێستا.
3- لەدوای (2003)وە؛ دیاردەی بەکەسیکردن (شەخسەنەکردن)ی ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانی ناو ئۆرگانە باڵا نەگونجاوەکانی یەکێتی و خراپ بەڕێوەبردنی ململانێکان، بە ئامانجی تۆڵەکردنەوە و پاکتاوکردن؛ یان کەنارگیرکردن و بچووککردنەوەی رۆڵ و کاریگەریی یەکتر، لەنێوان (2003 – 2009)؛ لەدەرەنجامدا بە لاوازبوونی یەکێتی کۆتایی پێهات، بەڵام لەچەندین رەهەندەوە، سوود و قازانجی لێکەوتەوە بە بەرژەوەندیی پارتی؛ ئەویش پاش ئەوەی کە بەهۆی تەشەنەسەندنی ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکان؛ لێکترازان و جیابوونەوەیەکی قووڵ و شەقار شەقار ڕوویدا و بزووتنەوەی گۆڕانی لێهاتە بەرهەم .
یەکێک لە رەهەندەکانی ئەم لێکترازانەی ناو یەکێتی؛ بریتیبوو لە گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە بەرژەوەندیی پارتی، واتە پێشکەشکردنی بەنرخترین دیاری و گەورەترین دەستکەوت لەسەر سینیەکی زێر، بەبێ بەرامبەر بە پارتی؛ ئەو دیاری و دەستکەوتەی کە بنەماڵەی بارزانی لە دامەزراندنی یەکێتییەوە، خەویان پێوە دەبینی و چاوەڕێی هاتنەدیان دەکرد.
جێی وەبیرهێنانەوەیە؛ پارتی بۆ هێنانەدیی ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە شۆڕشی نوێدا، چەندین کارەسات و ناپاکیی نەتەوەیی و شەڕ و پەلاماردانی لەدژی یەکێتی ئەنجامداوە، لەنموونەی شەهیدکردنی ئیبراهیم عەزۆ و هاوڕێکانی (1976)، کارەساتی هەکاری (1978)، پەلاماردان و هێرش بۆ سەر شارە رزگارکراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان؛ لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو، پێکهێنانی بەرەی جود (1980)، درێژەدان بە شەڕی ناوخۆ؛ تا ناوەڕاستی هەشتاکان، لەئامێزگرتنی زۆرینەی رەهای جاش و بەعسییە کوردەکان (1991)، وەرگرتنی هاوکاریی دارایی و سەربازی لەعیراق لەکاتی گفتوگۆی (بەرەی کوردستانی) و حکومەتی عیراق (1991)، هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ (1994 - 1997).
شایەنی باسە لەگەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆدا؛ (پارتی) بە پشتیوانی و هاوکاریی ئێران و بە هاوپەیمانێتیی، لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبوڵڵای شۆڕشگێڕی کورد؛ کەوتە شەڕ لەدژی یەکێتی، لەگەڕی دووەمدا، بۆ تێکشکانی یەکێتی؛ پێش سوپای عیراق کەوت و رووداوی ناپاکیی نەتەوەیی (31/8/1996)ی ئەنجامدا، لەگەڕی سێیەمی شەڕی ناوخۆدا؛ لە(1997)، لەگەڵ سوپای تورکیادا؛ درێژەی بە شەڕدا، لە دژی یەکێتی.
پارتی هەموو ئەم هەنگاوانەی گرتۆتەبەر؛ لەپێناوی یەک ئامانجدا، ئەویش سەرکەوتن بەسەر یەکێتی و هێنانەدیی ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ تا خۆی ببێتە هێزی یەکەم و خاوەنی دەسەڵاتی یەکەم؛ لە هەرێمی کوردستاندا. 
4- لەدوای نەخۆشکەوتنی سەرکردەی نەمر مام جەلال؛ بۆشاییەک لەناو ناوەندی بڕیار و دەسەڵاتی یەکێتیدا دروستبوو، پارتی توانی سوود لەم دۆخە تازەیە وەربگرێت و پێگە و هەژموونێک لەناو بڕیاری سیاسیی یەکێتیدا، بۆ خۆی دروستبکات؛ ئەویش لەڕێگەی هەندێک دەسەڵاتداری خاوەن بڕیار و دەستڕۆیشتووی ناو مەکتەبی سیاسییەوە.
ئەوە بوو لەم رێگەیەوە توانی یەکێتی بکاتە تەواوکەر و پاشکۆی سیاسەتەکانی خۆی و خەسڵەتی خاوەندارێتیی بڕیار و سیاسەتی سەربەخۆی لێ زەوتبکات؛ ئەمەش بووە هۆی فراوانکردنی رووبەری جیاوازیی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی پارتی.

ویستی (یەکێتی) بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز

لەپێش چوارەمین کۆنگرە لە(2019)، پرسی پێویستێتیی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بووە دیفاکتۆ و هاتە ناو ئەدەبیات و جیهانبینیی و لێکدانەوە و تێڕوانینی سیاسیی یەکێتییەوە، لەیەکەم هەنگاوی پراکتیکیدا، سەرۆکایەتیی تازەی یەکێتی، لەدوای چوارەمین کۆنگرە، هێڵێکی جیاکەرەوەی کێشا لەنێوان سیاسەتی هەردوولادا و یەکێتی گەڕاندەوە بۆ خاوەندارێتیی بڕیار و هەڵوێست و هێڵی سیاسیی سەربەخۆ و جیاوازی خۆی، بەدوایدا لە چەندین وێستگەی سیاسی و کێبڕکێ و بەریەککەوتن و رووداوی تردا؛ یەکێتی توانی بە روونی ئەو جیاوازییە بەرجەستە بکات، بە کردەوەش لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و لەهەڵبژاردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و پۆستەکانی پارێزگای نەینەوادا؛ توانی  هاوسەنگیی هێز لەشار و ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستاندا، بگۆڕێت بە بەرژەوەندیی (یەکێتی)، ئەویش بە بەدەستهێنانی (9) کورسیی، لەبەرامبەر (6) کورسی بۆ (پارتی)، هەروەها بە هەڵکشانی ژمارەی دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو؛ بەسەر ژمارەی دەنگەکانی (پارتی)دا . 
(یەکێتی) لەئێستادا کارکردن بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی لە پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستاندا؛ کردۆتە ئەرکێکی سەرەکی لەم هەڵبژاردنەدا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە پرسی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و بناغەیی ئەزانێت؛ بۆ ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو ناڕێکی و نادادپەروەریانەی کە لەناو پرۆسەی سیاسی و فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستاندا لەتەشەنەسەندندایە .
هاوکات بە چارەسەرێکی گرنگی لەقەڵەم ئەدات، بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو قۆرخکاری و تاکڕەویەی؛ کە بەسەر ناوەندی بڕیار و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستیاندا سەپێندراوە .
گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، لەلایەکی تر پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو هەنگاوە سیاسیە هەڵە و سەرکێشی و شکستخواردووانەی (پارتی)؛ کە هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی، خستۆتە ناو چەندین قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابووری، هەروەها بووەتە هۆی خوڵقاندنی چەندین هەڕەشە و مەترسی و دروستکردنی دۆخێکی نائومێدی و نائارامی لەکوردستاندا، لەوەش خراپتر بە هەڵدێرابردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان؛ بەرەو چارەنووسێکی تەمومژاویی و تەنگپێهەڵچنراو؛ بە چەندین بەرەنگاری و کۆت و بەند، لەلایەکی تریش بەتەنگژەکردنی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی ناوەند لەبەغدا .

رێژەی زۆریی بەشداریکردنی یەکێتییەکان لە بانگەشەکاندا نیشانەی سەرکەوتنیەتی

 

رۆڵی بەرچاوی گەنجانی یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا

وتارەکانی نوسەر