بیانووی پێشوەختەی پارتی لە ئەنجامی هەڵبژاردن

11:03 - 2024-10-10
هیوا محەمەد
1031 خوێندراوەتەوە

وەک کردەی لە پێشینە و پشتبەستن بە بوختان و تەنانەت دروستکردنی تۆمەتی شەرەف روشاندن، هەر لە گوندەکانی کوردستانەوە لە ماڵە جووتیارێک و سەپانێکەوە تا خاوەنکار و فەرمانبەر و سەرمایەدارێک لە شارەکان، لەسەر کەسایەتییە سیاسییەکان، لەوانەی لە دروستبوونی پارتییەوە رەخنەیان لەو حزبە هەبووە. 
هەرچەندە سەرۆک بافڵ لە کەرنەڤاڵەکەی کەلاردا بە کورتی وەڵامی دانەوە و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانیش بەدرۆی خستنەوە، بەڵام دەمەوێت شێکارێکی کورت لەسەر بڵاوکردنەوەی پارچە ریکۆردێکی دەنگی ساختەکراوی پارتی، گوایە لێدوانی نێوان هەریەک لە سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی-یە، بکەم.
سەرەتا دروستکردنی ئەو گفتوگۆیە و بڵاوکردنەوەی ئەوەندە زیانی بۆ یەکێتی و دەنگدەرانی نییە، هێندەی بۆ سەر پارتییەکان هەیەتی، چونکە بەمە تووشی شۆک بوون و ترساون لە یەکێتی، بەو پێیەی کە ئێستا پارتی زلیکردووە، یەکێتی هێندە دەسەڵاتی هەیە لە ناوچەکە کە بتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر ئێران و بەغداش، ئەمیان بە فرتوفێڵ لە هەڵبژاردن ئەویشیان بۆ شکاندنی ملی پارتی، جا ئەگەر وابێت، چی بۆ پارتی دەمێنێتەوە و بۆچی بەشداریی هەڵبژاردنێك دەکات کە پێشوەخت دەزانێت دەیدۆڕێنێت؟ ئەگەر یەکێتی هێندە باڵا دەست بێت.

تەنها دوو هەفتەی تر هەموو شت دەردەکەوێت، بەمەرجێک پارتی پەنا نەباتە بەر تێکدانی رەوشەکە و رێگریی لە هەڵبژاردنێکی بێگەرد بکات، کە پێدەچێت لە مێژووی هەرێمدا وێنەی نەبێت

لە 30 کورسی دەترسن
ئەوان وەک بوختان دەڵێن ئێران بەڵێنی بە یەکێتی داوە 30 کورسی بۆ مسۆگەر بکات، بەمەش دوو ئامانج دەپێکن، یەکەم لەوەی دەزانن کە یەکێتی بەرەو سەرکەوتن دەچێت و چوار کەرنەڤاڵی جەماوەریی گەورەی کردووە و دەشێت لە 30 کورسی زیاتریش بهێنێت، دووەمیش کە ئەمە روویدا ئەوان بڵێن ئێمە پێشوەخت وتمان تەزویریان بۆ دەکەن.
لەو قسەکردنەدا، گوایە سەرۆک دەڵێت ئەگەر پارتی هەرچییەک بکات من بە یەک سەردان دەچمە بەغدا و هەمووی پووچەڵ دەکەمەوە، جا ئەگەر یەکێتی گەیشتبێتە ئەو ئاستەی هێندە کاریگەریی بەهێز بێت لەسەر رەوتی سیاسیی لە بەغدا، ئەوا بۆ نا؟ ئێمەش لە خوامان دەوێت. خۆ پارتییش خۆی بەوە دەزانێت کە هاوپەیمانی زۆرێک لەو حزبانەیە کە کاریگەرییان هەیە لەسەر شەقامی سیاسیی عیراق.

لەدوای فەشەل ئیتر چی دەمێنێ؟
گوایە قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ئەگەر فەشەل هێنا لەم بانگەشەیە، ئەوا پەنا دەبەینە بەر بەکارهێنانی ناوی ئەنفال و ماڵە شەهید و پێشمەرگە، باشە وەک خۆیان کردویانەتە تایتڵی هەواڵەکانیان و دەیان جار لێیدەدەنەوە، بۆچی تەفسیری مانای فەشەلمان بۆ ناکەن؟ ئاخر فەشەل واتا دوای هەڵبژاردن و دەرکەوتنی ئەنجامەکان، ئیتر لەم کاتەدا بەکارهێنانی ئەو دەستەواژانە چ سوودێک بە یەکێتی دەگەیەنێت؟ ئەمەش بوختانێکی تری پارتییە.

لێدوانی پەشۆکاوی
هەر سەبارەت بەم بوختانە و درێژەدان بە تەشهیر، ئاری هەرسین دەڵێت: «ئەوانە هیچیان نەکردووە و لە لەندەنەوە هاتوونەتەوە لێرە بوون بە شت»، دەڵێم جارێ خۆی باس ناکەم، چونکە لە شاری خرونینگنی هۆڵەنداوە کوردەکان دەیناسن کەسایەتیی چییە؟ ئەوجار زیاتر لە 25 ساڵە لە هەرێمی کوردستان و دەرەوە، قوباد تاڵەبانی وەک نوێنەری حزب و حکومەتیش کاری کردووە و دواترینیان دوو کابینە جێگری سەرۆکی حکومەت بووە. 
سەرۆک بافڵ نزیکەی 20 ساڵە لەکاتی پێش نەخۆشکەوتنی مام جەلال، لەناو نێوەندی سیاسیی یەکێتیدا دەرکەوتووە و ئەوە 10 ساڵیشە رۆڵی هەیە و لە ماوەی حەوت ساڵی رابردووشدا یەکێک لە سەرکردە دیارەکان بووە و لەدوای پێنجەمین کۆنگرەشەوە بە دەنگی زۆرینە بۆتە سەرۆکی ی.ن.ک. ئەو سەرۆکەی هەموو پارتیی تووشی شۆک کردووە.
ئەشواق جاف دەڵێت: «یەکێتی بە هاوکاریی وڵاتێک و بەغدا، تەزویر دەکات و دەیەوێت لەم رێگەیەوە بیباتەوە، هەرچەندە ئێمە وەک پارتی تا بەڵگەمان دەست نەکەوێت بوختان بۆ کەس ناکەین». لێدوانەکەی ئەشواق سەرەتای بوختانە و دواتریش دەڵێت بەڵگەمان لەلا نییە، ئەمەش وەک پاشەکشەیەک دەڵێت نەبادا یەکێتی سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات لە دادگا. 
ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22 ی گەرمیان دەڵێت: «یەکێتی پەنا دەباتە بەر وڵاتێکی درواسێ تا بە تەزویر بیباتەوە»، هەروەها دەڵێت: «بەو هۆکارەی کە یەکێتی پێگەی جەماوەریی لەدەستداوە، ئەو دوو برایە دەیانەوێت بە تەزویر بیبەنەوە». 
ئەمە لەکاتێکدایە لەبەرچاوی لقە بێ پێگەکەی ئەم برادەرە کەرنەڤاڵێکی کەموێنەی یەکێتی بە ئامادەبوونی سەرۆکەکەی بەڕێوەچوو کە تێیدا دەیان هەزار کەس بەشداربوون.

ئەو بوختانانە بۆ دەکەن؟  
بڵاوکردنەوەی ئەو ریکۆردە دەنگییە ساختەیە لەوەوە دێت کە پارتی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی تووشی شۆکێکی سیاسیی بووە کە لە مێژوویاندا بەسەریان نەهاتووە، لەوەش کە یەکێتی تاوانبار دەکەن بە تەزویرکردن، تەنها بۆ سپیکردنەوەی رووی دۆڕاوی خۆیانە کە دەزانن دۆيانەکەیان مسۆگەرە، ئەگەرنا ئەوە یەکێتییە نەیهێشت چیدی مردووەکانیان ببنە زۆمبی و هەستنەوە و دەنگ بدەن، ئەوە یەکێتییە نەیهێشت 11 کورسیی مۆنۆپۆل بکەن و بیکەنە پارسەنگ بۆ خۆبەهێزکردنی ساختە، ئەوە هەر یەکێتییە کوردستانی کردە چوار بازنە تا ئەوان نەتوانن لە زاخۆوە فێڵ لە هەڵەبجە بکەن و زۆری تریش.
تەنها دوو هەفتەی تریش هەموو شتێک دەردەکەوێت، بەو مەرجەی پارتی پەنا نەباتە بەر تێکدانی رەوشەکە تا رێگریی لە هەڵبژاردنێکی بێگەرد بکات کە پێدەچێت لە مێژووی هەرێمدا وێنەی نەبێت.

وتارەکانی نوسەر