تەنها دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 بەس نییە

09:54 - 2024-12-18
هیوا محەمەد
31 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

 

زۆرجار ئەوەمان دووبارە کردۆتەوە کە هەر کەس ئیش دەکات بۆ هەرلایەک، دەبێت بەرامبەر ئەو کار و ماندوو بوونە ئەو هەق و حسابە وەربگرێت کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە.
ئەوەی تاکی مووچەخۆر دەیکات لە فەرمانگە حکومییەکاندا، ئەوەی مامۆستا دەیکات بۆ پێشخستنی بواری پەروەردە لە خوێندنگەکاندا، هەمووی بەجێهێنانی ئەرکە بەرامبەر ئەو گرێبەست و دامەزراندنەی کە لەگەڵ حکومەت هەیەتی، بەڵام ئەوەی حکومەت دەیکات دەچێتە قاڵبی(دەستگرتن بەسەر قووتدا و زەوتکردنی ماف) دەستگرتن بەسەریدا لەوەی بێ رەزامەندیی مووچەخۆرەکە، لە مووچەکەی دەبڕدرێت یان نایدرێتێ، زەوتکردنی مافیش لەوەی حکومەت دەسەڵاتدارە و ئەویش بێدەسەڵات، دەنا ئەگەر کۆمپانییایەک بوایە، ئەوا دەچوو ئێخەی خاوەن کارەکەی دەگرت و لێی دەستاند.
چەند ساڵێکە مووچەخۆر هیچ ساڵێک 12 مووچەی وەرنەگرتووە، بودجەی عیراقیش کە پشکی هەرێمی لێدەدرێت دابەش بووی 12 مانگە لە ساڵدا و خەرج دەکرێت، کەچی هەموو ساڵێک لەدوا مانگەکاندا مووچەکە دوادەخەن تا پێدەنێینە ساڵی نوێوە و مووچەی دوو مانگ یان سێ مانگ کەس نازانێت بۆ کوێ و بۆ کێ دەڕوات؟
بێدەنگیی ئەم خەڵکە لەئاست دەستگرن بەسەر مووچەکەیدا، هیچ بیانوویەکی نییە، لەکوێدا گونجاوە خەڵک بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ حکومەت، بەڵام حکومەت لە بری 12 مانگ لە ساڵێکدا 9 مووچەی بداتێ؟.

 

مەگەر نازانن لە جیهاندا ملیۆنەها کەس پەنا دەبەنە بەر کاری ناڕەوا تا سکی خۆیان و منداڵیان تێر بکەن؟ ئەرێ تەنها بوونی کەرامەت بە سکی برسییەوە چ واتایەک بە مرۆڤ دەبەخشێت؟

حکومەتێک نەتوانێت وەڵامدەرەوەی ئەم پرسیارانە بێت و (کەڵەگایی) بکات بەسەر میللەتەکەوە، ئیتر چۆن دەتوانێت بڵێت ئەم حکومەتە خۆییە و لە بێگانە باشترە و لە خەمی خەڵکدایە؟ یان خۆی گیرفانی پڕ بێت و باس لەوە بکات خەڵکی لەژێر سایەی ئەودا کەرامەتی پارێزراوە!.
مەگەر نازانن لە جیهاندا ملیۆنەها کەس پەنا دەبەنە بەر کاری ناڕەوا تا سکی خۆیان و منداڵیان تێر بکەن؟ ئەرێ تەنها بوونی کەرامەت بە سکی برسییەوە چ واتایەک بە مرۆڤ دەبەخشێت؟ ئایا ئەوەی وادەڵێت خۆی دەتوانێت بێتە ناو خەڵکە هەژارەکەوە و وەک ئەوان بژی چونکە کەرامەتی پارێزراوە؟ ئەوجار لەپای چی؟ لە شۆڕش و شاخین؟ ئەی بۆچی سەدان کەسی بەرپرس و تاکڕەو ببنە ملیاردێر هەر لەم دۆخە بێ مووچەییەدا؟
پێویستە لەسەر حکومەت هەرچی زووە و پێش ئەوەی پێ بنێینە ساڵی نوێوە، مووچەی هەردوو مانگی 11 و 12 دابەشبکات و بەڵێنیش بدات بە بەرنامەیەکی تۆکمەوە
( بەدەستهەڵگرتن لە گەندەڵیی دارایی)، دەست بۆ مووچە و قووتی خەڵک نەبات، باچیدی خەڵک باس و خواسی مووچە نەبێتە بابەتی گەرمی رۆژانەیان، بیرتان نەچێت کورد لە هیچ شتێکدا راستی نەوتبێت ئەوەی راستە کە دەڵێت جام کە پڕ بوو لێی دەڕژێت، رووداوەکانی رۆژانەش کە دەیان بینین زیاتر راستی ئەو پەندەمان بۆ دەردەخەن!.

وتارەکانی نوسەر