هیوا محەمەد
لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە، کورد باشترین هێز بووە کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی پشتیان پێبەستووە و جێگە دەستی باشیشیان هەبووە بۆ کەمکردنەوە و لە هەندێ شوێنیش نەهێشتنی تەواوەتی مەترسیی داعش.
بۆ کورد لە رۆژئاوا، هاتنی داعش وایکرد کە ئەمریکا بە مەبەستی پشتبەستن پێیان ببێتە دۆست و هاوپەیمان و ئەمە لەو کاتەوە درێژەی هەیە و ئێستاش لە هاوپەیمانییەکی بەهێزدان.
دوای نەمانی ئەسەد دۆخەکە گۆڕا
پێش رمانی رژێمی ئەسەد، بەهۆی ئەوەوە کە هێز و سوپای فرەلایەن هەبوون لە سوریا و پشتگیرییان دەکرد، مەسەلەی کوردیش وەک کێشەیەک لەگەڵ ئەو رژێمە بێ چارەسەری ئاشتییانە ماوەیەوە و لەولاشەوە تورکیا هەڕەشەی بەردەوام بووە بۆ سەر کانتۆنەکانی رۆژئاوا و بە هەموو جۆرێک لە دژیان وەستاوەتەوە.
ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، ئەوەی کە سەرپەرشتیی ئەم گۆڕانکارییەی کرد، هەیئەی تەحریری شامە بە پشکی سەرەکی و ئەم حکومەتەش کە دروستیان کردووە بۆ سێ مانگ، هەر لە خۆیانە و رابەری پشت کەوالیسەکانیش محەمەد جۆلانییە( ئەحمەد شەرع).
ئەوانەش کە لە دەرەوەی هەیئەی شامن، راستەوخۆ سەر بە تورکیان و ئەوان هاوپشتییان دەکەن.
پێدەچێت سیناریۆکە واداڕێژرابێت کە هێزێک لە دەرەوەی ئەم دەسەڵاتە نوێیەی سوریا هەبێت و پابەند نەبێت پێیانەوە و دانرابن بۆ لێدانی کورد.
مەزلوم عەبدی سەرۆکی هەسەدە، پێیوایە کە دەتوانن لەگەڵ حکومەتە نوێیەکە بچنە گفتوگۆوە و ئەگەر بگەنە ئەنجامی باش، ئەوا هاوکاریی یەک دەکەن، ئەو وتی کە لەڕێگەی ئەمریکییەکانەوە لەگەڵ ئەوان لەسەر خەتن.
بۆ ئەمەش بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەچەند رۆژی داهاتوودا دێتە تورکیا و راشیگەیاند کە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و تورکیا دێت و دەیەوێت ئەو شەڕە رابگرێت کە لە نێوانیاندایە، بەڵام رەنگە گفتوگۆکەیان هەر راگرتنی شەڕ نەبێت و پرسی چارەسەری ئاشتییانەش بێت، چونکە ئەمە لە دوو مانگی رابردوودا لەلایەن مەهەپەوە خرایە بەر باس و ئەردۆغانیش رەتی نەکردۆتەوە.
جێگری راوێژکاریی نەتەوەیی ئەمریکاش دەڵێت: ئێمە بۆ سازشکردن لە سوریا نین، بەڵکو هۆکارێکی گرنگ ئێمەی لەوێ راگرتووە، رەنگە ئەویش مەبەستی لەو هاوپەیمانێتییەیان بێت کە لەگەڵ کورد هەیانە.
دۆخی سوریا، تورکیای ئیحراج کردووە، چونکە لەڕووە ئاینییەکەوە لای شەقامی ئیسلامیی تورکی و عەرەبی پەسەند نییە، لەکاتێکدا ئەسەد رایکردووە، بەڵام لە رۆژی یەکشەممەوە تائێستا لەڕێگەی 350 فڕۆکەوە، وەک خۆیان دەڵێن ٪80ی توانا سەربازییەکانی سوپای سوریا لەناوبراون کە تیایدا دەیان فڕۆکە و پێنج کەشتیی سەربازییە کە لە دەریادا نوغرو بوون بەهۆی لێدانی ئیسرائیلەوە.
سوپای دوای ئەسەد موڵکی گەلی سوریایە
ئەم سوپایە لای عەرەبی هاوسۆزی ئەم حکومەتە نوێیە و تورکیاش بە موڵکی گەلی سوریا دادەنرێت، چونکە لەژێر دەستی ئەسەددا نەماوە، بەڵام نەهێشتنی، واتا لاوازبوونی وڵاتەکە و بەهێزبوونی ئیسرائیل، ئەمەش لای خەڵکی مسوڵمان پەسەند نییە و حکومەتی نوێش کە لەلایەن ئیسلامییەکی توندڕەوی وەک جۆلانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، چۆن دەستەوەستان دەبێت لەبەرامبەر هاتنەپێشی ئیسرائیل و لەناوبردنی ئەو هەموو توانا سەربازییەی سوریا، لەکاتێکدا هیچ مقاوەمەیەکی سوری نەماوە، ئەی ئەم وێرانکردنە بۆ؟
پێدەچێت سیناریۆکە واداڕێژرابێت کە هێزێک لەدەرەوەی ئەم دەسەڵاتە نوێیەی سوریا هەبێت و پابەند نەبێت پێیانەوە و دانرابن بۆ لێدانی کورد
سەردەمێک ئەوان لە دژی نەک هەر شیعە، بەڵکو دژی ئیسرائیل و ئەمریکاش بوون، بەڵام پێدەچێت ئەمجارەیان لە بەرگێکی نوێدا هاتبن بە چرای سەوزی ئەوان، بۆیە هیچ کێشەیان نییە و بێدەنگن لە ئاست ئەو کردە سەربازییانەی ئیسرائیل کە تائێستا بەردەوامە و ئەو(جۆلانە موحتەلەش) کە چەند ساڵە عەرەب و سوریا داوای دەکەنەوە لە ئیسرائیل، ناتانیاهۆ لە لێدوانی رۆژی دووشەممەی رابردوودا وتی: جۆلان بۆ هەتاهەتایی بە موڵکی ئیسرائیل دەمێنێتەوە!.
ئیتر ئایا چارەسەرکردنی کێشەی تورکیا و کورد، دەرگای گفتوگۆی نێوان ئەم حکومەتە نوێیە دەکاتەوە و وادەکات بە سوود وەرگرتن لەم حکومڕانییە خۆسەرییەی رۆژئاوا، بەشێک لە سوریا لەرێگەی ئەو ئارامییەوە کە هەیەتی ببێتە یاریدەدەری دیمەشق بۆ هەستانەوە لەسەر پێی خۆی و حکومڕانییەکی هاوبەش بە بەشداریی هەموان؟
ئەمریکا دەخوازێت لە دیمەشق حکومەتێک دروست ببێت بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان