هیوا محەمەد
زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە دان بەوەدا دەنێن کە لەدوای 33 ساڵ حکومڕانیی خۆیی، نەتوانراوە کێشەی کارەبا چارەسەر بکرێت، ئەگەرچی دەیان ملیار دۆلار هاتۆتە بەردەست و زۆریشی بە گەندەڵی لادراوە، کەواتە ئەگەر وڵاتێکی هەژار بوینایە دەمان وت هەر ئەوەندەمان لە توانادا هەیە، بەڵام زۆر شەرمە بەو هەموو بڕە پارەیەوە کە هاتۆتە خەزێنەکانمان و لە گیرفانەکانەوە دابەشکراون، ئێستا حکومەتێک نەتوانێت لە 24 سەعاتدا 6 سەعات کارەبا بدات.
ئیتر دەبێت ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە بە چ روویەکەوە پلانی ئەوەی هەبێت جارێکی تر لەسەر پشکی حزبەکەی هەمان پۆست و پلە وەربگرێتەوە؟ لەوڵاتێکی سیستماتیکی دروست، بە وەرگەڕانی شەمەندەفەرێک، وەزیری هاتوچۆ دەست لەکار دەکێشێتەوە، بە مردنی نائاسایی نەخۆشێک لە نەخۆشخانەیەک، وەزیری تەندروستی دەست لەکار دەکێشێتەوە، کەچی لەم وڵاتە لە چەندین کابینەدا نەمانبینی وەزیرێکی کارەبا ئەم پۆستە رەتبکاتەوە پێش ئەوەی بچێتە ناو گۆمی گەندەڵییەکانییەوە، یان لەوەی ناتوانێت کارەبا دابینبکات، دەست لەکار بکێشێتەوە. ئەوە سەرۆکی حکومەت هەر هیچ بەسەر خۆی ناهێنێت و مێش میوانی نییە.
سەرەڕای ئەمانەش، قێزەونترین دیاردە، راگرتنی مووچەی خەڵکە(کە لە هیچ جێگەیەکی ئەم جیهانەدا نییە)، ئاخر چۆن دەبێت حکومەت گیرفانی خۆی و ئەوانەش کە بە خوێی چیشت پێی دەگەن پڕ بکات بە پارەی لادانی مووچە و دزینی و پاشەکەوتکردنی، بە مووچەخۆرانیش بڵێت بەغدا پارەی تەواوی نەناردووە!.
بەغداش دەڵێت هەولێر تا ئێستا بە شەفافی مامەڵەمان لەگەڵ ناکات و دەیان هەزار کەسی نادیار لە لیستی مووچەدا ماوە و لە بنەڕەتدا نین، یان بڕی مووچەکانیان ئەوەندە نییە.
بیر لەوە ناکەنەوە کە کەسێک مووچەی نەدرێتێ، ئیتر مەجبور نییە کاری هاووڵاتییان راپەڕێنێت و لە کارە خزمەتگوزارییەکاندا بەشداریی جددی هەبێت، بەمەش کۆمەڵگە ئیفلیج دەبێت
ئەگەر ژمێریارێکی فەرمانگەیەک، لە لیستی مانگانەی مووچەدا بڕە پارەیەک بەدەست بێنێت لە رێگەی نووسینی ناوی زیاتر و بڕی مووچەی زیاترەوە، چی پێ دەڵێن؟ پێی ناڵێن دزی و گەندەڵی؟ بەپێی یاسا نادرێتە دادگا و زیندانی ناکرێت و سزا نادرێت؟ ئەی کێ ئەم حکومەتە سزا بدات و دەستی ببڕێت و دووری بخاتەوە لەوەی بۆ بەرژەوەندیی و گیرفانی خۆی، هەموو مانگێک سەدان هەزار مووچەخۆر دەکاتە قوربانی و باکیشی نییە؟
لەسایەی ئەم حکومڕانییە تاکڕەو و گەندەڵەوە، کۆمەڵگەیەکین لەژێر بێکارەبایی و بێ ئاوی و بێ مووچەییدا دەژین، ئاخر بیر لەوە ناکەنەوە کە کەسێک مووچەی نەدرێتێ، ئیتر مەجبور نییە کاری هاووڵاتییان راپەڕێنێت و لە کارە خزمەتگوزارییەکاندا بەشداریی جددی هەبێت، بەمەش کۆمەڵگە ئیفلیج دەبێت؟.