هیوا محەمەد
دامەزرێنەرانی داعش هەر ئەو چەند سەرکردە ناسراوە نەبوون کە خۆیان دەرخست و بەدوای یەکدا کوژران، یان ونکران و لە گۆڕەپانەکە دوورخرانەوە و واشیان راگەیاند کە کوژراون، بەڵکو چەند وڵاتێکی ناوچەکەش جووڵێنەر و دروستکەریان بوون، بەڵام لەدوای ئەوەی زانییان بەرگەناگرن و لەسەر ئاستی جیهان قێزەونن، هاوکات لەگەڵ زەبری سەربازییش لێیان، ئیتر وردە وردە پاشەکشەیان کرد.
ئەمجارەیان بەپێی دانپیادانانی تورکیا و ئاژانسی هەواڵەکان، لە غازی عەنتابەوە و بە ئامادەبوونی تورکیا و ئەمریکا و وڵاتێکی عەرەبی کە پێدەچێت قەتەر بێت، لەگەڵ ئەحمەد شەرع و دەستەیەکی تری هەیئەی تەحریری شام، ئامادەکاریی کراوە بە بەرگ و تاکتیکی نوێ و دوور لە توندوتیژیی داعش ئاسا، بۆ هێرشەکە و لادانی ئەسەد.
ئەحمەد شەرعیش دەڵێت ئەمە کتوپڕ نەبووە و ساڵێکە بەرنامەمان بۆ داناوە. بۆ تورکیاش هاتنەدی هەمان بیری فروانخوازییە و ئەمانیش پاشکۆی خۆیانن.
ئێران زانی کە تورکیا پیلانێکی هەیە
هەفتەیەکیش پێش ئەوە وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عیراقچی، سەردانی تورکیای کرد، دیاربوو لێدوانی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان، جێگەی رەزامەندیی ئێران نەبوو، بۆیە بە تووڕەییەوە وەڵامیان دایەوە، هەر ئەوکات ئێران دەیزانی کە تورکیا نیازی خراپە بۆیە وتیان هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر سوریا دەستتێوەردانە لە کاروباری ئەو وڵاتە.
ئێستا گەیشتینە ئەو راستییەی کە ئەم گروپە نێردراون و دەمێکە مەشقیان پێدەکرێت و پیلان و پلانی بۆ داڕێژراوە.
ئیتر شتێکی شاراوەی پشت پەردە نییە کە رێگر بێت لێمان نەتوانین شیکاریی بۆ دۆخەکە بکەین، هەر کە باسی دۆخی ئێستای سوریا بکەین، دەبێت بەشی هەرە زۆری باس لە هەڵوێستەکانی تورکیا بکەین، چونکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەم تاقمە تازەیە هەیە و لەژێر هەژموونی خۆیاندایە.
سوپای تورکیا چیدەکات لێرە؟
چەند ساڵێکە بە بڕیاری پەرلەمانی تورکیا، هێزی جۆراوجۆری تورکیا لە هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە، چەند جارێک ئەوەم دووپاتکردۆتەوە، کە ئەو هێزە بۆ پەکەکە لێرە نین، چونکە ئەگەر بۆ ئەوان بێت، ئەوا یان دەبوو لە شەڕێکی گەرمدا بن لەگەڵیان، یان کۆتاییان پێبهێنانایە، بەوپێیەی پەکەکە سوپای دەوڵەتێک نییە بتوانێت بۆ درێژخایەن بچێتە جەنگێکەوە و لێی بەردەوام بێت، بەڵام ئەوان بۆ ئامانجێکی ستراتیژیی دیکە ئەو سوپایەیان لە دەوروبەری دهۆک و نزیک بە هەولێر جێگیر کردووە، ئەویش لەدوای جێگیربوونی ئەم حکومەتە تازەیەی سوریا دەستپێدەکات.
تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت حکومەتی نوێی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات یان بخاتە ژێر رکێفی حکومەتەوە و سەر بەوان بن، یان چەک دابنێن و ئەوانەش کە خەڵکی ئەو وڵاتە نین، ئەوێ جێبهێڵن.
ئەمە پلانە، تەنها داوای تورکیا نییە، بەڵکو ئامانجی ئەحمەد شەرعیشە و زۆریش قین لە دڵن بەرامبەر بە کورد.
تەنها شتێک کە بۆ کورد دەتوانن هیوای لەسەر هەڵبخەن، سوود وەرگرتنە لە بوونی ئەو هێزەی ئەمریکا کە لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریادا هەن و تا ئێـستا(ئەگەرچی کاتییش بێت) لەگەڵ کورد هاوپەیمانن، بەڵام ئەمە نابێت بە تەواوی کورد پێی خۆشحاڵ بێت و پشتی پێببەستێت، پێشتر ئەزموونی وامان دیوە و نوێترینیشیان لە ئەفغانستان، جێهێشتنی هەزاران کەسی هاوسۆزی ئەمریکییەکان بوو لەلایەن ئەمریکاوە کە ماوەی 20 ساڵ پێکەوە لە دژی تاڵیبان کاریان لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکرد، بە جۆرێک کەسانێک خۆیان بە باڵ و تایەی فڕۆکەکاندا هەڵدەواسی و دەیانزانی ئەم موجازەفەیەیان باشترە لەوەی بکەونە دەستی تالیبان.
هیوا هەڵخستن لەسەر ئەمریکا، کاتییە و ئەویش تا ئەوکات هاوپەیمانە کە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ کورد لەناو سوریادا، رێککەوتنە لەگەڵ حکومەت و چوونە ژێرباری پرۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتەیە و بەشداریی کردنیەتی لەناو حکومەتی نوێدا، نەک مانەوەی وەک هەرێمێکی جیاواز.
دەبێت کورد خۆی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە نەخاتە دەرەوە، دەنا ناتوانێت بەرگەی تورکیا بگرێت، چونکە دوور نییە ئەگەر ئەمە نەکەن و ئەمریکاش جێیان بهێڵێت(پشتبەست بەو بەڵێنەی ترەمپ دابووی کە هێزەکانیان بکشێنێتەوە)، ئەوا تورکیا بە هاوکاریی هێزەکانی تەحریر شامی ئێستا هێرش بکاتە سەریان و ئەم سوپایەش کە لە هەرێمی کوردستان هەیانە هەر بۆ هەمان مەبەست بەکار بهێنێت.
چەکدارەکانی هەیئەی تەحریر شام بەروڵەتیاندا دیارە کە پێشتر ئامادەکراون