چەقبەستی سیاسی لە عیراق بۆتە لەمپەری بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێ و رێگە نادات رەوشی سیاسی لە عیراقدا ئاسایی ببێتەوە، ناكۆكییەكانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدریش بە هۆكاریی سەرەكی چەقبەستنەكە دادەنرێت كە بە بۆچوونی هەندێك خۆیان لە ناكۆكی تایبەت و كەسێتیدا دەبیننەوە.
گەر ناكۆكییەكانی نێو ماڵی شیعە (چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر) چارەسەرببن، گرێكوێرەی پرۆسەی سیاسی دەكرێتەوە و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت و رەوڕەوەی ژیانی سیاسی لە عیراقدا رێچكەی خۆیان دەگرن و عیراقییەكان ئاهێكیان بەبەردا دێتەوە، بە تایبەت لەم رەوشە ئاڵۆزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەی هاتۆتەئارا.
دانوستانەكان بۆ یەكلایی كردنەوەی ناكۆكییەكان و رووكردنە چارەسەرێكی شیاو لەنێوان لایەنەكاندا بەردەوامن، بەتایبەت لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر كە بە ناڕاگەیەندراوی و بەدوورن لە چاوی میدیاكان بەڕێوەدەچن.
سەدرییەكان كە داوای پێكهێنانی حكومەتی «زۆرینەی نیشتمانی و كۆتایی هێنان بە پشكداریی»یان دەكرد، تا ئەم ماوەیەی دواییش سازشكردنیان لەسەر داواكە رەتدەكردەوە، بەڵام لەئێستادا رەنگە مل بۆ واقیع كەچ بكەن و بچنەوە ژێر باری «تەوافوق» كە لەساڵی 2003وە پرۆسەی سیاسی لەسەر پێكهێنراوە.
هەرچی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، جەخت لەسەر پێكهاتنەوەی نێو ماڵی شیعە دەكات و بەلایەوە گرنگە جڵەوی سەركردایەتی حكو مەت و زۆربەی جومگە گرنگەكانی دەوڵەتی عیراقی لەدەستی شیعەكاندا بێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام ئامادەیی خۆی بۆ دیالۆگ لەگەڵ «سەدرییەكان» دەربڕێت كە خۆیان بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 دادەنێن و بە مافی خۆیانی دەزانن لەمجارەدا جڵەوی سەركردایەتیكردنی عیراق بگرنەدەست.
دانوستانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر، هیوایەكی گەورەی لەسەرە بۆ كردنەوەی گرێگوێرەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ كە لە سایەی بوژانەوە و گەشەی ئابوری وڵاتدا حكومەتێكی بەختەوەر دەبێت، بەو پێیەی داهاتێكی زۆری لەبەردەستدا دەبێت و دەتوانێت زۆرێك لەو پرۆژە هەڵپەسێردراوانە جێبەجێ بكات كەپەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیان و گوزەرانی عیراقییەكانەوە هەیە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر، لەم قۆناغەی ئێستادا ئەركێكی گەورەیان لەئەستۆدایە و دەتوانن ببنە كلیلی چارەسەر و عیراق لەم ساتەوە وەختە مێژووییە بەرەو كەنارە ئارامەكان ببەن و لەڕێی دانوستانەكانی نێوانیان كۆتایی بە چەقبەستن و تەنگژەی سیاسی بهێنن.