سۆران داودی
لە گەرمەی هەڵمەتی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 1992دا، حزب و لایەنەکانی هەرێم هەریەکە و دروشمێکی تایبەت بە خۆی بەرزکردبۆوە، دروشمی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش «ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان» بوو، بە پشتیوانی رژێمی ئەوسای سەدام حسێن، کە ئەوکات ئاشکراو روون بوو، پارتی ژێر بەژێر رێککەوتنی لەگەڵ ئەو رژێمەدا کردبوو، بە هیوای ئەوەی ئەگەر دوایی لە هەڵبژاردن بردیانەوە هەموو ئەو خاڵانە جێبەجێ بکەن کە ئیمزایان کردبوو، هەر لەو چوارچێوەیەدا بەعس هاوکاری و یارمەتییەکی زۆری پارتی دەکرد، کار گەیشتە ئەوەی کەناڵێکی تەلەفزیۆنیان لە دهۆک بۆ دامەزراندن، لە کاتێکدا ئەوکات یەکێتی خاوەن چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بوو.
یەکێتی ئەو هێزەیە، کە توانای گۆڕینی هاوکێشە قورسەکانی هەیە، سەرۆک بافڵ تاڵەبانیش تەنها سەرکردەیە کە دەتوانێت رێڕەوی دەسەڵات راست بکاتەوە
یەکێتی و دروشمی فیدراڵی
لەبەرامبەر دروشمەکەی پارتی، یەکێتی دروشمی فیدراڵی و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کردبووە ستراتیژی هەڵمەتەکەی و نەخشەڕێگای هەموو بۆچوونەکانی.
ئۆتۆنۆمی بە مانای ئەنجومەنی تەشریعی و تەنفیزی دێت، ئەوەش واتای ئەوەی دەگەیاند لە بری حکومەت و پەرلەمان بێت، وەزیرەکانیش دەبوون بە ئەمین عام و سەرۆکی حکومەتیش دەبوو بە سەرۆکی مەجلیسی تەنفیزی و سەرۆکی پەرلەمانیش دەبوو بە سەرۆکی مەجلیسی تەشریعی.
ئەوەی لە کۆتاییدا روویدا، بۆچونەکانی یەکێتی سەری گرت و ستراتیژەکەی یەکێتیش وەک واقعێکی سیاسی لەهەموو بوارەکاندا بەرجەستە بوو، جەخت کردنەوە و پێداگیری یەکێتیش لەسەر سیستمی فیدراڵی و ناچارکردنی پارتی بۆ پیادەکردنی ئەو سیستەمە، بووە هۆی ئەوەی لە 4ی تەموزی ساڵی 1992، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. فوئاد مەعسوم دابمەزرێت، بەو هەنگاوەش خەونی لە مێژینەی دەیان ملیۆن کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان هاتەدی، ئەندازیارە راستەقینەو سەرەکییەکەی ئەوەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کە لە دوو ئاستدا بە بارودۆخێکی دژواردا تێدەپەڕی، کە لە ناوەوەی کوردستان ململانێی لەگەڵ پارتیدا هەبوو، لە دەرەوەش جگە لە هێزە هەرێمییەکان لەگەڵ حکومەتی ئەوسای عیراقیشدا ململانێیەکی سەختی هەبوو، بەعس کاری بۆ بێهێزکردنی یەکێتی دەکرد، بەرامبەر بە پارتی، تەنانەت لە بازگەکانی عیراقدا بەو خەڵکانەی کە دەگەڕانەوە کوردستان پێ دەوتن: دەنگ بە پارتی بدەن تا هێرش نەکرێتە سەرتان.
ژیانێکی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان
یەکێتی لە روانگەی ئەوەی حزبێکی مۆدێرنی هاوچەرخە، هەمیشە کاری بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی هاوچەرخ و نوێ کردووە بۆ خەڵکی کوردستان، هەربۆیە یەکێتی بە داهێنەری چەمکی سیاسی و ئیداری فیدراڵی لە کوردستاندا ناسراوە، کە ئەوەش هەنگاوێکی دیکەو نوێی خەباتی سیاسییە، لەکاتێکدا زۆربەی حزبە سییاسیەکانی کوردستان بە پارتیشەوە دژایەتی فیدراڵییان دەکرد و پێیانوابوو زلهێزەکانی ناوچەکە و حکومەتی عیراقیش رێگەنادەن ئەم سیستەمە جێبەجێ بکرێت، ئەوان پێیانوابوو کورد توانای بەرەنگاربوونەوەی نییە، بەڵام یەکێتی خۆڕاگربوو بە کاری سیاسیی و دیپلۆماسی و هەنگاوی دروست و واقعییانە، توانی دۆخەکە تێپەڕێنێت و کوردستان بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ.
وێستگەکانی سەرکەوتن و دەستپێشخەرییەکانی یەکێتی، لەهەموو قۆناغەکانی خەباتی سەربازی و سیاسیی و ئیداریدا روون و ئاشکران، دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی و هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ و راپەرین. هەر هەمووی زادەی بیر و هەوڵی یەکێتییە.
توانای گۆڕینی هاوکێشە قورسەکان
یەکێتی ئەو هێزەیە، کە توانای گۆڕینی هاوکێشە قورسەکانی هەیە، سەرکردایەتیی زۆربەی قۆناغەکانی خەباتی کردووە، ئێستاش لەم بارودۆخەی کوردستاندا، یەکێتی تەنها هێزە کە دەتوانێت بارودۆخی هەرێم باش بکاتەوە، سەرۆک بافڵ تاڵەبانیش تەنها سەرکردەیە کە دەتوانێت رێڕەوی دەسەڵات راست بکاتەوە و جارێکی دی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات بگەڕێنێتەوە، بۆیە سەرکەوتنی لیستی (١٢٩)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا، پێویستییەکی قۆناغەکەیە و تەنها یەکێتیشە دەتوانێت گەلی کوردستان بگەیەنێتەە کەناری ئارام.