سۆران داودی
ئەو سەردەمە نەما کە سیاسییەکان تەنها لە بورجی عاجییەوە بڕواننە خەڵک، یان بە ریزێک ئۆتۆمبێلی وەنەوشەوە بە شەقامەکاندا بڕۆن
دونیای گەنجان پڕ خەون و هیوایە، دونیایەکە زێدەتر لە دوێنێ تەماشای سبەینێ دەکات، دونیای گەنجان پڕ گۆڕانکارییە و بەدوای چەمکی نوێدا دەگەڕێت، هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان دەریخست کە گەنجان رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە و فاکتەری راستەقینەی بەرزبوونەوەی رێژەی دەنگدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوون.
شێوازی بانگەشەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی کوردستان وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە دونیای کاری سیاسیدا کە توانی هەموو ئەو رێچکە کلاسیکی و تەقلیدیانە بشکێنێت و ئەو هێڵە سوورانە ببڕێت و تێپەڕێنێت کە پێشتر وەک قاڵبێکی کۆنکریت ئامادە کرا بوون و گوتارێکی واقعیانەی سەردەم ئاراستەی هەموو چین و توێژەکان بکات و ئەو شێوازی بانگەشەیەش بووە مۆدێلێکی سەردەمییانە کە زۆربەی ئامانجە سەرەکییەکانی پێکا.
گەنجکردنەوەی رێڕەوێکی سیاسی بەمانای نوێ بوونەوە و گونجاندنی بیر و بۆچوونەکانە لەگەڵ دونیای سەردەمدا و رێگرییە لە گەوجاندن و بە لارێدابردنی خەڵک رێکخستەوەی ئاڕاستەی رەوت و جووڵەی سیاسییە، بە میکانزمێک کە سەرۆک بافڵ لە چوارچێوەی دیموکراسیدا خستیەڕوو بە جۆرێک كەلێنی نێوان خەڵک و سەرکردەی زۆر کەمکردووە، نەک تەنها لە بواری سیاسیدا بەڵکو لە بوارەکانی هەڵسوکەوت و جل وبەرگ و شێوازی قسەکردنیش دا.
ئەو سەردەمە نەما کە سیاسییەکان تەنها لە بورجی عاجییەوە بڕواننە خەڵک، یان بە ریزێک ئۆتۆمبیلی وەنەوشەوە بە شەقامەکاندا بڕۆن، ئەمجارە سەرۆک بافڵ چووە لای لەفە فرۆشێک و قسە و باسی دونیای لەگەڵدا کرد. هەموو ئەمانە ئاماژەیەکی حاشا هەڵنەگرن کە سەرۆک بافڵ روئیایەکی راستەقینە و دروستی بۆ بارودۆخەکە هەیە و لە روانگەیەکی جیاوازەوە سیستمێکی حوکمڕانی نوێی هێناوەتە ئاراوە. کاری حزبایەتی لای سەرۆک بافڵ، شێوازێکی نوێیە و دوور لەو رەهەندە کلاسیکییەی کە تا ئێستا لە کوردستان باوە.
لەبەر هەر هۆکارێک بێت هەندێک لایەنی حزبی لە کوردستاندا، ناتوانن ئەو گۆڕانکارییانە وەک خۆی قبووڵ بکەن، چونکە تێگەیشتن و قبووڵکردنی ئەم هەموو گۆڕانکارییەی سیستمی حوکم و حزبایەتی، عەقلێکی دەوێت کە دەبێت هەر لە بنەڕەتدا گۆشکراوی بیرکردنەوەیەکی دیموکراسی بێت، دوور لە سیستمی خێڵەکی و مۆنۆپۆڵی، کە بەداخەوە هەندێک لە حزبەکانی کوردستان تەنانەت ئەگەر لەدەسەڵاتیشدا نەبن، بەڵام هەر لەو چوار چێوەیەدا هەڵس و کەوت دەکەن و بیردەکەنەوە.
ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، وەک هەنگاوی یەکەم لەو بوارەدا کردویەتی و دەیکات، سەرەتای گۆڕانکارییەکی ریشەییە لەئاستی رێکخراوەیی و فیکری و کوردایەتیدا.
ئێستا ی.ن.ک، باڵانسی پەیوەندییەکانی زیرەکانە راگرتووە و سەرەڕای رەهەندی نەتەوایەتی توانیویەتی پارێزگاری لە رەهەندی نیشتمانییش بکات و بیخاتە خزمەت پرسە نەتەوایەتییەکەوە.
لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستانیشدا، ی.ن.ک بە سەرۆکایەتی بافڵ تالەبانی دەستەواژەی رکابەری لەبری دوژمن بەکارهێنا وەک ئاماژەیەک بۆ لایەنی سیاسی تر کە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا کاردەکەن کە لەگەڵ دیموکراسی و پانتاییە گشتییەکەیدا دەگونجێت و بینینێکی نوێیە بۆ دونیای حزبایەتی و دەسەڵات.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین راشکاوانە بڵێین کە ی.ن.ک، ئەمڕۆ بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی هەڵگری مەشخەڵی نوێخوازیە بەرزبوونەوەی ژمارەی دەنگەکانیشی لە هەڵبژاردندا، سەلمێنەری راستیی رێڕەوی سیاسەتەکەیەتی لەم قۆناغەدا بۆ کوردستان و عیراق و ناوچەکە.