ئەو رابەرەی لەکاتی خۆیدا گەیشت

09:44 - 2024-10-14
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
154 خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



ئەوەی سەرۆک بافڵ دەیکات بەهەموو مانا و  کلۆجێک (بازدانی مێژوویی)ە، بازدان و گواستنەوەی مێژووی یەکێتییە بەو راڕەوە پڕ تەحەددی و پڕ کۆسپ و نەیارەدا کە گرەویان لەسەر کۆتایی یەکێتی دەکرد

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان، ئەو رابەر و سەرکردەیەیە کە لەکاتی خۆیدا گەیشت و ئیدی دۆخی شڵەژان و فرە مینبەری و فرە گوتاری و فرە کێشەی لەناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کۆتایی پێهێنا، ئەو هات و ئیتر یەکێتی لە هەرەسی گەورەتر پاراست، بە رێبەری بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەم سەرکەوتن و دووبارە جۆشدانەوەیە بە خەباتی حزبی، هەمان تامی هەستانەوەکانی دوای نسکۆ و کارەساتی هەکاری 1978 و 31ی ئابی 1996 و جیابوونەوەی بزوتنەوەی سۆسیالیستی 1979، خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر کە دەرهەق بە کەرکوک و یەکێتی کرا، پاشان جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕشی 1985 و ...هەتا کۆتاییهێنان بەو پیلان و جیابوونەوانەی کە پێش سەرۆک بافڵ لەناو ئەم حزبەدا روویاندابوو، بەخشی و هەمووانی دڵخۆشکردەوە.
پێش هاتنی ئەم سەرۆکە، وەک تەسبیحێک موورووەکانی ئەم حزبە دانەدانە بووبوون و بەهیچ هێزێک نەدەگەڕانەوە تەنیشتی یەکتر، هەر کادر و هەڤاڵێک بۆخۆی لە کونجێکی ئەم هەرێمەدا بەدیار شکستەکانی حزبەکەیەوە دانیشتبوون و لێیان دەڕوانی، هیچ کادرێکی یەکێتی شکنابەم بەدیار داکشانەکان و کەوتن و ئازارەکانی یەکێتییەوە نەگریابێت و جگە لە ئاهێکی سارد و بێتاقەتی شتێکی دیکەی لەدەست هاتبێت.
کە ئەم سەرۆکە دێت ئیتر مێژوو دەنووسێتەوە، هەموو ئەوەی سەرۆک بافڵ دەیکات بەهەموو مانا و کلۆجێک (بازدانی مێژوویی)ە، بازدان و گواستنەوەی مێژووی یەکێتییە بەو راڕەوە پڕ تەحەددی و پڕ کۆسپ و نەیارەدا کە گرەویان لەسەر کۆتایی یەکێتی دەکرد و گواستنەوەیەتی بەرەو لووتکەی سەرکەوتن و ئومێد و خەونبینین، ئێستا دەبینین لەسایەی ئەم سەرۆکەدا، هیچ کاتێک کادری یەکێتی ئاوها خاوەن دەروونێکی پڕ ئومێد و تێڕوانینێکی گەشبینانە نەبووە. 
ئەوەی لە پێنج کەرنەڤاڵی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا جەماوەری یەکێتی بۆ سەرۆکی حزبەکەیانیان کردووە، مەگەر لە رابردوودا بۆ سەرۆک مام جەلال کرابێت، ئێستا نەک تەنها یەکێتییەکان، بەڵکو زۆرێکی هاووڵاتی هەرێمی کوردستانیش خەونی گەورە بەم سەرۆکەوە دەبینن و وەک ئومێد و رزگارکەرێک لەنەهاتی ژیان و خراپییەکانی حکومەتێکی ناخزمەتگوزار، دەیبینن.
هەڵگەڕانەوەی دۆخێکی ناتەندروست و شپرزە و پڕ قەیرانی ناوخۆیی، بۆ دۆخێکی یەکدەنگ و یەکڕەنگ و یەکگوتاری وەک ئێستای یەکێتی، تەواوکاری ئەو واقیعەیە کە تەنها سەرکردە و پێشەوا و ئیمامەکان دەتوانن بیکەن، ئەمەش بۆ سەرۆک بافڵ تەواو راستە. وەک رابەرێک لەکاتی خۆیدا گەیشتووە، ئیلهام دەدات و هێز بەبەری جەماوەردا دەکات بەرەو خەباتێکی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
هاتنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەک رابەرێک، نەک تەنها ئومێدبەخشە بۆ یەکێتییەکان، بەڵکو تارمایی پێویستییەکی گرنگی نەتەوەییشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە کە ئێستا هەر چوار بەشەکەی کوردستان خۆشیان دەوێت و هەر کوردێک لە هەرکوێ بێت، چاوی لەهەنگاوە ورد و نەتەوەییەکانی ئەم رابەرەیە.

وتارەکانی نوسەر