دیاردە دزێوەکان

ئەو گەنجەی باوکی خۆی کوشت

09:39 - 2024-10-21
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
43 خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

- 26 -

زۆر بە سادە و ساکاری ماوە نا ماوەیەک لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا هەواڵێکی وا دەبینین و دەبیستین، کەوا کوڕێکی گەنج یان مێرمنداڵێک باوکی یان سەرجەمی خێزانەکەی کوشت! لەم دەور و زەمانە زۆر سەیرەدا ئەم هەواڵە هەروا بە سانایی بەلای گوێمان و بە بەرچاوماندا تێدەپەڕێت و لە گەرماوگەرمی هەواڵەکەدا کەمێک رادەچڵەکێین و پاش تاوێک لامان ئاسایی دەبێتەوە، وەک هەموو رووداوە کتوپڕەکانی تری کوشتن، فڕاندن، سووتان، وەرگەڕان، پێکدادانی ئۆتۆمبێل و چەندین رووداوی کارەساتباری لەم چەشنە، کە هیچیان رووداوی ئاسایی نین و لە وڵاتێکی ئاساییدا ئەگەر رووبدەن بەشێوەیەکی ئاسایی لە قەڵەم نادرێن و بێجگە لە بەدەمەوە چوونیان هەڵوەستەی جدییان لەسەر دەکەن و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان دەکەن، بە مەبەستی چارەسەر و دووبارە نەبوونەوە و بنەبڕکردنیان. ئاخر ئەو رووداوانەی ئاماژەی پێدەکەین هی ئەوەنین کەمێک لە ئاستیدا گوێ قوڵاخ ببین و دوای تاوێک لەبیرمان بچێتەوە و دڵی خۆمان بەوە خۆش بکەین کە پۆلیس گرتنی و بەرەوڕووی یاسا کرانەوە، هەر خۆمان هەزار و یەک رەخنە و هەڵوەستەمان هەیە لەسەر ئەو دامودەزگایانەی گوایە یاسا بەرقەرار دەکەن.
دەگێڕنەوە جارێکیان ئەندێرا غاندی لە جەواهێر لال نەهرۆی باوکی دەپرسێت ئاخۆ جەنگ چی بەسەر وڵاتێکدا دێنێت؟ باوکیشی لە وەڵامدا دەڵێت، ئابووریی ئەو وڵاتە وێران دەکات. دەپرسێتەوە ئەی دوای ئەوە؟ باوکی دەڵێت: ئەخلاقی خەڵک تێکدەدات و دەیشێوێنێت. دیسان کچە دەڵێت: ئەی دوای تێکچوونی ئەخلاقی خەڵک چیتر روودەدات؟ باوک سەری بادەدا و بە کچەکەی دەڵێت: ئەی تۆ دەتەوێ لە وڵاتێکدا بژیت کە ئەخلاقی تێدا شێوابێت و نەمابێت؟! جا ئەمەی لای ئێمە روودەدات رێکوڕەوان پەندەکەی جەواهێر لال نەهرۆیە و ئەخلاق و مۆراڵ لە قەیرانێکی گەورەدایە. لەناو ئەو هەزار خەوش و ناتەواوییە کۆمەڵایەتییەدا کە هەمانە، گەنجێک دەستی بچێتە باوکی خۆی و بیکوژێت، ئەمە حاڵەت و دوان نییە و خەریکە رووداوی لەم چەشنە دەبێتە دیاردە، تۆ تەنها ناتوانیت بەوە پاساوی بدەیت کە ئەم گەنجە پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگەی ناتەواوە، کە ئەمەیان راستە، بەڵام دەیان هۆکاری تری لەپشتەوەیە. هەر لە خێزانەوە تا دەگاتە قوتابخانە و دەسەڵاتی سیاسیی وڵات هەمووی هۆکارە.
بۆچی کێ لە ئێمە پەروەردە و باری دەروونیی تەواوە، لە وڵاتێکدا کە یەک پارچە لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە ژێر کاریگەریی دزی و جەردەیی و تەڵەکەبازی و ماددەی هۆشبەر و قۆڵبڕین و پێکدادانی ئۆتۆمبێل و دەیان جۆر قوربانیی دەستی تاوان و مردنی بەلاش و بێمانادایە. لە وڵاتێکدا کە وەچە لە دوای وەچەی زادە و فریشک گرتووی زنجیرەیەک جەنگ و شەڕی ناوخۆ و ستەمکاریی رژێمە دەرەکی و خۆماڵییەکانە کە دەیان و سەدان ئەنجام و دەرهاویشتەی نێگەتیڤ و خراپی لێکەوتۆتەوە. ئێستا لەم کۆمەڵگەیەدا بەها مادییەکان هێند زاڵ و کاریگەرن کە تەنانەت هیچ پەراوێزێکیشیان نەهێشتۆتەوە بۆ بەها رۆحی و مەعنەوییەکانمان و سەرجەم پەیوەندییە خزمایەتی و کۆمەڵایەتییەکانمانی داگیرکردووە و بەپێی بنەما و پرەنسیپی بەرژەوەندیی دایڕشتوونەتەوە. ئاخر لە کۆمەڵگەیەکی تا سەر ئێسقان باوک سالاریدا منداڵ دەستی بچێتە باوکی خۆی و بیکوژێت، لەجیاتی ئەوەی خزمەتی بکات و دەستەونەزەر لە حزوریدا رابوەستێت تۆ چ ناوێک لەم کۆمەڵگەیە دەنێیت؟ کەواتە بڕوانە چ (ئاخرزەمانێک) بەڕێوەیە و ئێمەش لە ئاستیدا چەند بێباک و کەمتەرخەمین!.

وتارەکانی نوسەر