رێكخستنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، فرسەت و ئاڵنگاریەكان

09:47 - 2024-10-23
ئارام عه‌لی عه‌زیز
204 خوێندراوەتەوە

ئارام عه‌لی عه‌زیز

دوای سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن پارت و رێكخراوە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستان، لەبەردەم لێپرسراوێتییەكی مێژوویی گەورەدان

 

گومانی تیا نییە ئەو هەلومەرجەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەڕ دەبێت، كە بە دووبارە داڕشتنەوە یان دووبارە رێكخستنەوە دەناسرێت، جیا لە هەموو میللەتێكی دیكە زۆر لەبەرژەوەندیی كورددایە، چونكە ئەو سنوورە دەستكردانەی كە سایكس - پیكۆ كێشای و كوردستانی پێ دابەشكرا، بە دڵنیاییەوە نامێنێت و دەسڕدرێتەوە، دەوڵەت و ستاتوەكانی كە سایكس پیكۆش دایمەزراندن گۆڕانیان بەسەردا دێت و بە لایەنی كەم ئەگەر لە ناویش نەچن، وەكو سەدەی بیستەم نامێننەوە.
تەواوی دەوڵەتانی ناوچەكەو بە تایبەت ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، لە هەر جۆرە رێكەوتن و هاوپەیمانێتییەكی نێوانیاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی رێكخستنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەلایەك هەوڵ بۆ نەبوونی كورد بە هیچ و لەباربردنی ئەو فرسەتەی دەدەن لە رێگای دابڕینی حزب و لایەنە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان لە یەكتر و قووڵكردنەوەی لەیەك نەگەیشتن و ئاژاوەنانەوە لە نێوانیاندا، لەلایەكی دیكەیش بەكارهێنانی لایەنە كوردییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەكانی خۆیاندا.
توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە مەترسیی قۆستنەوەی كێشەی كورد و بەكارهێنانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە لایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە هەیە، لێپرسراوانی توركیاش ئەمە ناشارنەوە و ماوەیەكە لە میدیاكاندا ئاماژەی پێ دەدەن و جەخت لەو هەڵومەرج و هاوسەنگییە تازانەی لە ناوچەكەدا هاتۆتە ئاراوە دەكەنەوە، لەبەر ئەوە لە ناوخۆدا هەوڵ دەدات بە جۆرێك لە جۆرەكان دەم پارتیی و كورد بۆ لای خۆی رابكێشێت و لەوانەشە هەوڵی دەستپێكردنەوەی دانوستانیش لەگەڵ پەكەكە بدات، لە ئاستی هەرێمی كوردستانیش توركیا و ئیران هەوڵ دەدەن لەم بارودۆخەدا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حزبە كوردییەكان بەهێز بكەن و بیانخەنە بەرەی خۆیانەوە، لەو سەنگەربەندییەی چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەدا لە نێوان توركیا - ئیسرائیل و،  ئیران – ئیسرائیلدا بێتە كایەوە. 
دوای سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن پارت و رێكخراوە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستان، لەبەردەم لێپرسراوێتییەكی مێژوویی گەورەدان، هیچ بژاردەیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی تریان نییە جگە لە بیركردنەوە لە رێكخستنەوەی نێو ماڵی هەرێم و كورد و پێكهێنانی هاوپەیمانیی نوێ لەو بارودۆخە مێژوویی و هەستیارەی ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
ئەو هەلومەرجە نوێیەی لە ناوچەكەماندا هاتۆتە ئاراوە، ئەو هاوكێشە تازانەی خەریكە دەبن بە ئەمری واقیع، بواری گەلەكۆمەكردنی لەسەر گەلەكەمان نەهێشتووەو فرسەتێكی گەورەی بۆ رەخساندووە بۆ دەربازبوون لە سیاسەتی خولانەوە لە چوارچێوەی بازنەی داگیركەران، كاركردن لە چوارچێوەی ستراتیج و سیاسەتێكی  شارستانییانەی كوردانەدا، بۆ ئەمەش پێویستە حزبە كوردییەكان بە خۆیاندا بچنەوە و بەرنامە و سیاسەتێكی ئاوارتەی شارستانییانە دابڕێژن و لەسەر بنەمای بووژانەوەی شارستانی كوردستان و پابەند بن پێیەوە. لەلایەكی دیكەیش لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و برایەتی گەلانی كورد و  عەرەب و تورك و فارس، لەسەر بنەمای دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی لەگەڵ گەلانی ناوچەكەدا بنیات بنێن، دوور لە بوون بە بەشێك لە ستراتیجیی توركایەتیی و فارسایەتیی و عەرەبایەتیی و زایۆنیستی، مێژووش رەحم بە كەس ناكات.

وتارەکانی نوسەر