سیناریۆكانی پێكهێنانی كابینەی دەهەمی حكومەتی هەرێم چین؟

10:20 - 2024-10-24
نەوزادی موهەندیس
173 خوێندراوەتەوە

لە سایەی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكــــانی عیراقەوە لە رێكەوتی 21/10/2024دا.. ئەنجامی ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی لایەنەكانی ئاشكراكرد كە بەم شێوەیە بوون و كۆی گشتییان 100 كورسی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانە:
1 - پارتی 39 كورسی
2 - یەكێتی 23 كورسی
3 - نەوەی نوێ‌ 15 كورسی
4 - یەكگرتوو 7 كورسی
5 - هەڵوێست 4 كورسی
6 -  كۆمەڵ 3 كورسی
7 - بەرەی گەل 2 كورسی
8 - گۆڕان 1 كورسی
9 - هاوپەیمانی 1 كورسی
10 - كۆتای مەسیحی و توركمان 5 كورسی

كابینەی نوێ‌ بەم شێوەیە دەبێت
سیناریۆكانی پێكهێنانی كابینەی دەهەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەم شێوەیە دەبن، بەو مەرجەی هەر لایەكی براوە بتوانێت (50+1) كورسی كۆبكاتەوە:
1 - پارتی + یەكێتی + كۆتاكان=67 كورسی (ئاسایی و ئاسان دەتوانرێت كۆبكرێتەوە).
2 - پارتی + نەوەی نوێ‌ + 3 كۆتا= 57 كورسی (ئاسایی و ئاسان دەتوانرێت كۆبكرێتەوە).
3 - پارتی + ( یەكگرتوو + كۆمەڵ + هەڵوێست + بەرەی گەل + گۆڕان + هاوپەیمانی + 3 كۆتا)= 60 كورسی (سەختە و بە گران كۆدەكرێنەوە).
4 - یەكێتی + 2 كۆتا + (نەوەی نوێ‌ + یەكگرتوو + كۆمەڵ + هەڵوێست + بەرەی گەل + گۆڕان + هاوپەیمانی)= 58 كورسی (سەختە كۆبكرێنەوە).

هەرێمی كوردستان لەم پرۆسەیەدا سەركەوتووی گەورە و یەكەم بوو، چونكە شەرعییەتی گەڕاندەوە بۆ پەرلەمان و حكومەتی هەرێم

(50+1) پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەت
بەو 4 سیناریۆیە دەتوانرێت 51 كورسی بەرەو سەرەوە كۆبكرێتەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی دەهەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاسانترین و سەركەوتووترینیش بریتییە لە سیناریۆی یەكەم (پارتی + یەكێتی + كۆتاكان= 67 كورسی)
بەم شێوەیە دەردەكەوێت قەدەری (یەكێتی و پارتی) پێكەوەن و دەتوانن كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكبهێنن، هەردوولا بەبێ‌ ئەویتر ناتوانێ حكومەتێكی سەركەوتوو پێكبهێنێت، هیچ لایەكیشیان ناتوانێت دەسەڵاتی رەهای هەبێت لەسەرتاسەری هەرێمدا.
لەلایەكی تریشەوە ئەگەر هەردوولایان بتوانن چەند لایەنێكی دەرەوەی خۆیان، بەشداری پێبكەن لە حكومەتەكەدا، ئەوا بۆخۆیان و كابینەكەش كارێكی باش دەبێت و پشتگیری و پشتیوانیی زیاتریان بۆ دروست دەبێت، لە رووی جەماوەرییەوە، بە پێچەوانەوە كارێكی عەقڵانی نابێت.

گفتوگۆیەكی جددی و كوردانە
لەبەر ئەوە، بۆ سەركەوتنی ئەم سیناریۆیە، پێویستە پارتی و یەكێتی دوور لە دەمارگیری و توندڕەویی و دوور لە تای هەڵمەتی هەڵبژاردن، گفتوگۆیەكی جددی و كوردانە و خەمخۆرانە بگرنەبەر، بۆ پێكهێنانی كابینە حكومییەكە و بە زووترین كات، لەبەر ئەم هۆكارانەی لای خوارەوە:
1 - بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی هەرێم و عیراق و ناوچەكە لە حاڵەتێكی ناجێگیر و مەترسیداردایە و پێویستە حكومەتی هەرێم بە زوویی دەست بەكاربێت.
2 - ساڵی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقە و پێویستە هەمووان خۆیان ئامادە بكەن بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
تێبینیەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە
1 - پارتی: كورسی لە هەرێمی كوردستان كەم كردووە، بە بەراورد بە ساڵی 2021.
2 - یەكێتی: دەنگ و كورسییەكانی زیادی كردووە لە هەرێمی كوردستان.
3 - نەوەی نوێ‌: بە رێژە و دەنگێكی زۆر دەنگ و كورسییەكانی زیادی كردوە، ئەوەش چاوەڕوانكراو نەبوو.
4 - یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری: وەكو خۆیان ماونەتەوە و سەروو خواریان كردووە، بە بەراورد بە ساڵی 2021.
5 - رەوتی هەڵوێست: وەكو هێزێكی نوێ‌ دەنگی باشی هێناوە و هەر ئەوەندەی لێ چاوەڕوان دەكرا.
6 -  بەرەی گەل: دەنگی كەمی هێناوە و خۆیان و لایەنەكانی تریش چاوەڕوانی ئەوە نەبوون.
7 - بزووتنەوەی گۆڕان: بەهۆی بارودۆخی ناوخۆییان، هەر ئەوەندەیان لێ چاوەڕوان دەكرا.
8 -  جگە لە هەندێک لایەن و قەوارە کە رەخنەیان لە رێژەو ژمارەی دەنگەکان هەیە، بەگشتی تا رادەیەكی باش پڕۆسەكە سەركەوتوو و بێ كێشە بەڕێوەچووە.
9 - یەكگرتووی ئیسلامی: رەنگە بەشداری كابینە نوێكەی حكومەتی هەرێم نەكات.
10 - ئەگەر هەموو هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن پێكەوەبنێن (كە زۆر زەحمەتە لەناوخۆیاندا رێبكەون)، ئەوا تەنها 33 كورسیان دەبێت، بەوەش ناتوانن رێگربن، لەبەردەم كابینە حكومییەكەدا و زۆرینەی (پارتی و یەكێتی و كۆتاكان كە 67 كورسییان هەیە).

بایكۆتی بەشێكی هاووڵاتیان بۆ هەڵبژاردن
11 - بەداخەوە كە %28 ی هاووڵاتیان نەچوون بۆ دەنگدان و بایكۆتیان هەڵبژارد، چونكە ئەگەر رێژەی دەنگدان لەسەروو %72 بوایە، رەنگە گۆڕانكاری گەورەتریش رووی بدایە، ئەم جووڵەیەی هاووڵاتیان لەلایەك بێ‌ هەڵوێستییە لەبەرامبەر دەسەڵات و خواستی گۆڕانكاری و لەلایەكی تریش نیشانەی بێ ئومێدی و ناهوشیارییە بەرامبەر بە مەترسی و لێكەوتەكانی نەچوونیان بۆ دەنگدان. 
بەداخەوە دەركەوت كە تاكی كورد، تەنها هۆشیارە بەرامبەر بە بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆی، نەك بەرژەوەندییە گشتییەكانی گەل و نیشتمان.

سەركەوتووی گەورە
هەرێمی كوردستان لەم پڕۆسەیەدا سەركەوتووی گەورە و یەكەم بوو، چونكە شەرعییەتی گەڕاندەوە بۆ پەرلەمان و حكومەتی ماوە بەسەرچوو، ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەمووان بەبێ‌ جیاوازی، كەواتە لە كۆتاییدا هەرێم وەكو قەوارە و كوردیش وەكو هاووڵاتی سەركەوتن.

وتارەکانی نوسەر