عوسمان ساوجی
چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد، ئەو مەتەڵە قورس و ئاڵۆزەیە کە دەیان ساڵە وەک چەمکێکی سیاسی لەسەر زاری سەرۆک و سەرکردە و نووسەرانی دەوڵەتانی سەردەستی کوردستانە، بەتایبەتی تورکەکان، کە ناوبەناو دەیورژێنن بەبێ ئەوەی وردەکارییەکەی شیبکەنەوە، ئەوەی روونە هیچ کاتێک لە هیچ بەشێکی کوردستان هیچ هێزێکی سیاسی کوردی، ئاشتی رەتنەکردۆتەوە، ئەگەرچی خاوەنی هێز بووە و دۆخی سیاسی هەرێمی و نێودەوڵەتیش لەبەرژەوەندیدا بووە، یان بەپێچەوانەوە، بەڵام مەتەڵەکە ئەوەیە ئەو ئاشتییە چییە و چۆنە؟ مەرجەکانی چین و دەستکەوتەکانی کامانەن؟
ئەوەی بەوردی گوێی لە وتارەکەی دەوڵەت باخچەلی گرتبێت، تێدەگات کە لەژێر چ گوشارێکی دەروونی و ویژدانی و سیاسی و ئابووریدا ناوی پرسی کورد دەهێنێت؟
ئەو هێشتا سوورە لە بە تیرۆرست ناساندنی لایەنی بەرامبەر و سەرکردەکەی، هێشتا وازینەهێناوە لە دروشمی یەک وڵات یەک ئاڵا و یەک نەتەوە، کەواتە چ مافێک بە کورد دەدات و دەیەوێت چی بە کورد بڵێت؟ ئەو هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت پەکەکە چەک دابنێت و ئەندامەکانی خۆیان رادەست بکەن و بە یاسای تیرۆر دادگاییان بکات.
لەدواین دیداریدا ئیسماعیل بێشکچی، لەو بارەوە دەڵێت: ئەو ئاشتییەی تورکیا دەیەوێت، بەو مەرجەیە کورد داوای هیچ مافێک نەکات، کە ئەوەش خۆی لەخۆیدا راگەیاندنی بەردەوامیی شەڕە.
لەبەرئەوە دروستکردنی هەڵایەکی راگەیاندنی گەورە، بەناوی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، شتێکی نوێ نییە و دەستکەوتێکیشی بۆ هیچ لایەک نابێت، ئەگەر سەرەتا لەناو پەرلەمانی تورکیا کۆتایی بە هێرشی دەرەوەی سنوورەکان نەیەت و(مادەکانی 1،2،3،4)ی دەستوور هەموار نەکرێت و مافە نەتەوەییەکانی کورد جێگیر نەکرێن، چونکە تەنها بەو هەنگاوانە دەتوانرێت کۆتایی بەشەڕی 40 ساڵەی هەردوولا بێت و چیاکان ببنە هەرێمی ئاشتی و گەشت و گوزار لەجیاتی گۆڕەپانی جەنگ.
بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، چارەسەری کێشەی کورد لەگەڵ ئەو وڵاتە ناکات